لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادی ٦ ساڵەی جینۆسایدی ئێزیدییەکان هاتووە :
رۆژی ۳ / ۸ / ۲٠۱٤ دەستی تاوانی تیرۆریستانی داعش گەیشتە دانیشتووانی سڤیلی شەنگال و دەوروبەری و دوور لە هەموو بەهایەكی ئاینی و ئەخلاقی و مرۆڤایەتی،کۆمەڵکوژیان کردن.
كوردانی ئێزدی كە شوێنكەوتووانی ئاینێكی دێرین و ئاشتیخوازی كوردستانن بە درێژایی مێژوو (۷٤)حەفتاوچوار جار رووبەڕووی فەرمان و مەرگەسات بوونەتەوە، كە یەكێك لە دڕندانەترینیان شاڵاوەکانی داعش بوو. لەو تاوانەدا نزیکەی (٦٥٠٠ ) هاونیشتمانی ئێزدی کەوتنە دەست چەکدارانی داعش و ژمارەیەکیان گوللەبارانکران و ژمارەیەکیان بێسەرشوێنکران، ئەمە جگە لەوەی زیاتر (۳٦٠) هەزار كەس ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون.
خەڵكی خۆراگری شەنگال و دەوروبەری دوای ئاوارە بوونیشیان لەگەڵ ئازاری لەدەستدانی كەسوكار و خێزانەكانیان ڕووبەڕووی ژیانێكی سەختی ئاوارەیی بوونەوە كە بەهۆی گەرمای بەتین و نەبوونی پێویستییەكانی ژیان و چارەسەری پزیشكی بە دەیان ژن و منداڵیان لە چیای شەنگال گیانیان لە دەستدا، لەگەڵ ئەوەشدا داعش هەموو رێگایەكی نامرۆڤانەی گرتەبەر بۆ تێكدانی دیمۆگرافیا و شوناسی كۆمەڵایەتی و ئایینی هەزاران ساڵەی ناوچەكەیان و تەقاندنەوە و خاپوورکردنی پەرەستگاكانیان و بە زۆر گۆڕینی ئایین و باوەڕیان و كوشتنی بە كۆمەڵ و دەیان تاوانی تر کە بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەم كردەوە دڕندانانە دەچنە خانەی تاوانەكانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایدەوە. لە ماوەی شەش ساڵی رابڕدوودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە خزمەتكردنی ئەو خێزانە ئێزیدیانەی کەلە زێدی خۆیان ئاوارەبوون و پێداویستییەکانیان لە کەمپەکاندا بۆ دابینکراوە. دوابەدوای تاوانەکانی داعش، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان لیژنەی باڵای ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی ئێزیدی و نەتەوە و پێکهاتە ئاینییەکانی دەشتی نەینەوا پێکهات و دەستە و نوسینگە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان و دۆزینەوەی ونبوان و هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان دامەزرا ، لە رێگای دەستەی لێكۆلینەوە و بەبەڵگەکردن لە دهۆک نزیکەی ( ٥٠٠٠ ) دۆسییە تۆمارکراون و بەڵگەی پێویست کۆکراونەتەوە کەلەئێستادا هەمەئاهەنگی دەکرێت لەگەڵ تیمی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە پێکهێنراوە، بۆ ئەوەی داتا و بەڵگەکانیان پێبدرێت تا کەیسی کوردانی ئێزیدی لەسەر ئاستی جیهان بە جینۆساید بناسێنن و تاوانباران لە دادگایەکی تایبەتمەندا دادگایی بکرێن.
هەروەها لە لایەن نوسینگەی تایبەتی کاروباری ئێزدییە رفێنراوەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە ( ۳٦٠٠ ) کوردی ئێزدی ڕزگارکراون و گەڕێنراونەتەوە ناو خێزان و کەسوکاریان و کارکراوە بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانیان.
لە پاش ئازادکردنی شەنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، وەزارەتمان لە چوارچێوەی تیمی نیشتمانی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراقی فیدراڵ دەستیکردوە بە دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سنووری قەزای شەنگال و لە کۆی (۷۱) گۆڕی بەکۆمەڵ کە دەستنیشان کراون ( ۲۱ )گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و (۳٠۲ ) ڕوفات دەرهێنراون و لە داهاتوودا پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکانی دیکەش بەردەوامی دەبێت. سەرۆك و ئەندامانی بەرێزی ئەنجوومەنی روحانی كوردانی ئێزیدی.. کەسوکاری سەربەرزی قوربانیانی شەنگال وەک دەزانرێت لە دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ۳ی ئابی هەموو ساڵێکیان دیاریکردووە بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی بۆ ئەوەی لە هزری نەوەکانی داهاتوودا بمێنێتەوە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا مەراسیمی یادی قوربانیانی کردووەتەوە، بەداخەوە ئەمساڵ لەبەر بڵاوبوونەوەی فایرۆسی کۆرۆنا و پابەندبوون بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی تەندرووستی نەتوانرا ئەو یادە بکرێتەوە.
ئەمڕۆ ئێمە لەدڵەوە یادی قوربانییەکانمان دەکەینەوە، بە کردار کاردەکەین بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور و یاسا قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە و شەنگالی ڕەنگین ئاوەدان بکرێتەوە و خەڵکەکەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. كارەساتی شەنگال سەرەڕای تاڵی و دژوارییەكانی، بەڵام جارێكی تر جگە لە دووپاتکردنەوەی هاوسۆزی و پشتیوانی یەكتر لە ڕۆژە سەختەكاندا، خەلکی کوردستان بەتایبەت دانیشتوانی شاری دهۆک باوەشی میهرەبانیان بۆ خوشک و برایانی ئێزیدیان کردووە و نموونەی بەرزی پێکەوەژیانیان پیشانی جیهان دا. دروود بۆ ڕۆحی قوربانیانی کوردانی ئێزدی سەربەرزی بۆ کەسوکاریان.
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.