كچ و كوڕێكی شاخەوانی هەرێمی كوردستان، ئاهەنگی هاوسەرگیریان بەشێوازێكی جیاواز ئەنجامدا و لە بناری چیای هەڵگورد لە باوەشی چیا ئاهەنگی رۆژی هاوسەرگیرییان گێڕا.
سالار چۆمانی و سۆما محەمەد دوو شاخەوانی هەرێمی كوردستانن، هەر لە شاخڕەویدا پەیوەندی خۆشەویستییان بەستووە و بە یەك گەیشتوون، ئاهەنگی رۆژی هاوسەرگیریشیان لە بناری لوتكە چیای هەڵگورد ئەنجامدا، كە بەرزترین لوتكە چیای عێراق و هەرێمی كوردستانە و لەسەر ئاستی رووی دەریا 3607 مەتر بەرزە.
سالار چۆمانی لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان تیڤی رایگەیاند: بەهۆی حەز و خۆشەویستیمان بۆ چیاكان، بەهۆی ئەوەی هەردووكمان شاخەوانین، ویستمان رۆژی زەماوەندمان لە چیای هەڵگورد ساز بكەین، چونكە شاخەكان ئێمەیان بە یەكگەیاند و خۆشەویستی زۆرمان بۆ چیاكان هەیە.
گووتیشی: مەبەستمان لەمشێوازە ئاهەنگە، تێكشكاندنی ئەو شێواز و كولتوورە دووبارە بووەوەیە كە ئێستا گەنجان كردۆتیانە پیشە، ئێمە لە جیاتی هۆڵی بۆنەكان، ناو سروشتمان هەڵبژارد، لەجیاتی دابەشكردنی شیرینی و پیپسی، میوە و چاییمان دابەشكرد، هەم تێچووێكی كەم، هەمیش ئاهەنگێكی سادە و دڵخۆشكەر.
سۆما محەمەد، كە رۆژی هاوسەرگیری بوو، بەبێ پۆشینی جلی بووكێنی و تارای سپی، دڵخۆشی خۆی بەم هاوسەرگیرییە جیاوازە دەربڕی و بۆ كوردستان تیڤی گووتی: دڵخۆشم كە شاخەكان بە یەكیان گەیاندین و ئێمەش پێكەوە شاخەوان جێناهێڵین و هەر شاخ دەبین.
لە ئاهەنگەكەدا كە كۆمەڵێك لە شاخەوانەكانی هەرێمی كوردستان بەشداربوون، گەشتێكی شاخڕەویان ئەنجامدا و ئەوان لە جیاتی مانەوەیان لە هۆتێلی چوار ئەستێرەیی، لە خێوەتێكی خنجیلانەدا مانەوە و یەكەم شەوی بووك و زاوایەتییان بەسەر برد و لەگەڵ شاخەوانانی هەرێمی كوردستانیش گەشتێكی شاخەوانییان بۆ سەر لوتكەچیای هەڵگورد ئەنجامدا.
کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.