Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 23:27

تەندروستی هەولێر: 80 تووشبووی کۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە

گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار
کوردستان TV
100%

 گوتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی تەندروستیی هەولێر رایده‌گه‌ێنێت ، رۆژانە لە تاقیگەی ناوەند، 200 تاوەکو 300 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆماردەکرێت، ئێستا 80 نەخۆش باری تەندروستییان ناجێگیرە و 100 نەخۆشی دیکەش ئۆکسجینیان بۆ دانراوە

شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستیی هەولێر گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئێستا رۆژانە سەدان حاڵەتی نوێ تۆماردەکرێت و بەشێکیشیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و مەترسی مردنیان لێ دەکرێت.

گوتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی تەندروستیی هەولێر د. بژار موسا رایگەیاند بەگشتی لە هەولێر هەزار و 900 نەخۆشی کۆرۆنا ماون لەو ژمارەیە نزیکەی 600 نەخۆشیان لە نەخۆشخانەکانن و 100 نەخۆش لەژێر بەکارهێنانی ئۆکسجیندان، 80 نەخۆشیش باری تەندروستییان ناجێگیرە و ئامێری هەناسەدانی دەستکردییان بۆ دانراوە.

بژار موسا راشیگەیاند ئەوانەی لەژێر بەکارهێنانی ئۆکسجینیشدان لە هەموو ئەگەرێکدا رەنگە باری تەندروستییان تێکبچێت و پێویستییان بە بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکردبێت.

گوتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی تەندروستیی هەولێر، بژار موسا گوتیشی: ئێمە نازانین لەناو شاردا چەند کەس تووش دەبێت، بەڵام ئەوەی لە تاقیگەی ناوەندی پشکنینی بۆ دەکەین و دەردەکەوێت کە تووشبووە، رۆژانە لەنێوان 200 تاوەکو 300 حاڵەتی نوێ تۆماردەکەین.

بژار موسا دڵنیایی ئەوەیشی دا کە لە رووی پێداویستی و دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ نەخۆش لە هەولێر هیچ کەموکوڕییەک نییە و هەموو شتێکیان لەبەردەستدایە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.