Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 21:23

لوبنان ... 16 کارمه‌ندی به‌نده‌ری به‌یروت ده‌ستگیر کران

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی تەقینەوە گەورەکەی بەیروتدا
کوردستان TV
100%


لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیروت، ١٦ کارمەندی بەندەرەکە دەستگیرکران.

لە بەیاننامەیەکی دادگای سەربازییدا کە لە ئاژانسی هەواڵیی فەرمی لوبنان NNAدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لە رۆژی سێشەممەوە بەڕێوەدەچێت کە تەقینەوە گەورەکە رووی دا، ١٦ کارمەندی بەندەری بەیروت دەستگیرکراون.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لێکۆڵینەوەکە هەموو جۆرە کاریگەریەک دەگرێتەوە کە بوونە هۆی تەقینەوەکە و هاتووە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا تا ئێستا لێدوانی بەڕێوەبەرانی دەستەی ئیداری بەندەری بەیروت و ئیدارەی گومرکی بەندەرەکە و ١٨ کارمەندی کۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەکە کە تەقینەوەکەی تیادا رووی دا، وەرگیراوە.

لە چواری ئابدا لە بەندەری بەیروت سەرەتا ئاگر لە کۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەکە کەوتەوە کە ماددەی تەقینەوەی تیادا هەڵگیرابوو، پاشان تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز رووی دا کە هەموو بەیروتی هەژاند.

وەزیری تەندروستیی لوبنان، حەسەن حەمەد ئاماژەی بەوە کردبوو کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ١٣٥ کەس، هەروەها پێنج هەزار کەس برینداربوون و دەیانی دیکەیش بێ سەروشوێن بوون.

حکوومەتی لوبنان رایگەیاند کە دەستی بە لێکۆڵینەوەیەک کردووە لەبارەی تەقینەوەکە کە پێنج رۆژ دەخایەنێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.