Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 19:30

تەندروستیی عێراق هۆشداریی لە بەرزبوونەوەی قوربانیانی کۆرۆنا دەدات

بەهۆی بەهەند وەرنەگرتن و پابەند نەبوونی هاووڵاتییان به‌ رێنماییەکان
کوردستان TV
100%

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق هۆشداریی دەدات لە بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەهۆی بەهەند وەرنەگرتن و پابەند نەبوونی هاووڵاتییان به‌ رێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەم هۆشدارییەی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ سێ هەزار و ٤٦١ حاڵەتی تووشبوون و ٧٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکرا، کە ئەمەش بەرزترین ژمارەی تۆمارکراوی تووشبووانی ڤایرۆسەکه‌یه‌ له‌ ده‌ستپێكی سەرهەڵدانی په‌تاكه‌ لە عیراق لە مانگی ئاداری رابردووەوە تا ئێستا.

وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە بەهەند وەرنەگرتن و پابەند نەبوونی هاووڵاتییان به‌ رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی کە پشتی بەستووە بە پڕۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەبێتە هۆی هەڵکشانی رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە کە پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییەکان لەماوەی رابردوودا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان.

جەخت لەوەشکراوەتەوە کە بەردەوامی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان ئەنجامی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگە عێراق داوای لە لایەنە پەیوەندارەکان، پیاوانی ئایینی، سەرۆکهۆز، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، کەسایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن کردووە بەوەی هانی هاووڵاتییان بدەن پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن تاوەکو رێگریی بكرێت له‌ بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.

بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگە، كۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق، گەیشتووەتە ١٤٤ هەزار و ٦٤ كەس و لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و ٢٣٦ كەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٣ هەزار و ١٩٧ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.