Erbil 38°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 10:30

پێشبینی ده‌کرێت نرخی یه‌ک مسقاڵ زێڕی عه‌یاری 21 تاوه‌کو 400 هه‌زار دینار به‌رزبێته‌وه‌

تا به‌رده‌وامبوونی په‌تای كۆرۆنا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر بازاڕ 
کوردستان TV
#7
100%

به‌گوته‌ی زێڕنگه‌رانی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر، ئێستا له‌سه‌دا ٩٥ی بازاڕه‌كه‌یان كڕینه‌وه‌ی زێڕی هاووڵاتییانه‌ و له‌سه‌دا پێنج زێڕ به‌ خه‌ڵك ده‌فرۆشن، ئه‌م دۆخه‌ بازاڕی هاورده‌كردنی زێڕی پێچه‌وانه‌ كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ هاووڵاتییانی ده‌كڕن ده‌ینێرنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌ جاران ئاراسته‌ی مامه‌ڵه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بوو،پێشبینیش ده‌كه‌ن نرخی یه‌ك مسقاڵ زێڕی عه‌یار 21 تاوه‌كو400 هه‌زار دینار به‌رزببێته‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ هۆشیار مه‌لا یاسین یه‌كێك له‌ زێڕنگه‌ره‌ ناسراوه‌كانی ناو بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێره‌ گوتی: "هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ له‌ جیهاندا بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌، چونكه‌ گه‌شتی فڕۆكه‌خانه‌كانی راگرتووه‌ به‌مه‌یش هه‌موو شتێك راوه‌ستاوه‌ له‌ دنیادا كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواره‌كانی نه‌وت، ئۆتۆمبیل، مۆبایل، ئه‌لیكترۆنیات و ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ سه‌رمایه‌كه‌یان به‌ ملیاره‌ها دۆلاره‌ كاری خۆیان وه‌ستاندووه‌ و له‌ بۆرسه‌كاندا ده‌ستیان كردووه‌ به‌ كڕینی زێڕ، چونكه‌ زێڕ دڵنیایی زیاتری تێدایه‌ و هێزه‌ بۆ به‌هادان به‌ هه‌موو پاره‌یه‌ك و به‌و مامه‌ڵه‌یه‌ سه‌رمایه‌كانیان ده‌پارێزن.

هه‌روه‌ها گوتی: هه‌تاوه‌كو په‌تای كۆرۆنا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر بازاڕ به‌رده‌وام بێت، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕیش به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌باره‌ی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه‌ئێستا له‌ بازاڕدا خه‌ڵكێكی زۆر زێڕه‌كانیان ده‌فرۆشن، هۆشیار مه‌لا یاسین گوتی: ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌ پاره‌ی زێڕه‌كانیان هه‌یه‌ ئاساییه‌ بیفرۆشن، بۆ نموونه‌ نرخی زه‌وی و خانووبه‌ره‌ دابه‌زیوه‌ و نرخی زێڕ به‌رزه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌ی پێ ده‌كڕن فرۆشتنی قازانجه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پاره‌كه‌ی شتێكی دیكه‌ی پێ ناكڕێت فرۆشتنی هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ ناتوانێت دواتر به‌هه‌مان پاره‌ زێڕ بكڕێته‌وه‌.

ده‌رباره‌ی مامه‌ڵه‌كردن به‌ زێڕ له‌ بازاڕدا ئه‌و زێڕنگه‌ره‌ ده‌ڵێت : ئێستا له‌سه‌دا ٩٥ فرۆشتنی زێڕی خه‌ڵكه‌ و له‌سه‌دا پێنج ده‌یكڕن و رۆژانه‌ به‌ ته‌نها خۆم زیاتر له‌ دوو كیلۆ زێڕ ده‌كڕمه‌وه‌ له‌ هاووڵاتییان و له‌سه‌دا پێنجی ئه‌و بڕه‌ ده‌فرۆشمه‌وه‌ به‌ خه‌ڵك، ئه‌وه‌ی ده‌شیكڕم راسته‌وخۆ ده‌یفرۆشینه‌وه‌ له‌ بۆرسه‌ی توركیا و ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌كه‌ین.

هێدی مه‌لا یاسین، زێڕنگه‌رێكی دیكه‌یه‌ له‌ بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر، ئه‌و باسی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زێر ده‌كات له‌ هه‌ولێر و گوتی: رۆژانه‌ به‌ ته‌نها له‌ دوكانی خۆم نزیكه‌ی دوو كیلۆ زێڕ له‌ خه‌ڵك ده‌كڕمه‌وه‌ و له‌ بازاڕی هه‌ولێریش به‌گشتی زێڕنگه‌ران زیاتر له‌ ١٠٠ كیلۆ ده‌كڕنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هه‌موو بازاڕ چوار بۆ پێنج كیلۆ ده‌فرۆشین رۆژانه‌.

هێدی مه‌لا یاسین گوتیشی: له‌و بڕوایه‌م نرخی یه‌ك مسقاڵ زێڕی عه‌یاری ٢١ تاوه‌كو ٤٠٠ هه‌زار دینار بڕوات و به‌رزبێته‌وه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ روو له‌ دابه‌زین ده‌كات به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كان بكرێنه‌وه‌ و هاتوچۆ ئاسایی بێته‌وه‌، زێڕ یاسایه‌كی هه‌یه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ی زۆر پێوه‌كراو هاتوچۆ پێ كردنی ئاسایی بووه‌وه‌ به‌ها و نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێت.

شایانی باسه‌ نرخی زێڕ له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمدا بۆ ئه‌مڕۆ  شه‌ممه‌ 8-8-2020‌ به‌پێی نرخی بۆرسه‌ی جیهانی، به‌مشێوه‌یه‌:  یه‌ك مسقاڵ زێڕی عه‌یار 18 به‌ 303 ھه‌زار دینار، یه‌ك مسقاڵ زێڕی عه‌یار 21 به‌ 355 هه‌زار دینار، نرخی یه‌ك مسقاڵ زێڕی عه‌یار 24 به‌ 404 ھه‌زار دیناره‌،به‌راوورد به‌ رۆژانی رابردوو دابه‌زیوه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.