Erbil 38°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 10:45

به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌:مه‌راسیمی ئاڵوگۆڕی فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌کانی ئیتالیا له‌ عێراق و ‌هه‌رێم به‌ڕێوچوو

جه‌نه‌ڕاڵ فۆرتێزا: شانازی به‌دۆستایه‌تی و كاركردنی پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ قاره‌مانان و رۆله‌ ئازاكانتان ده‌كه‌م
کوردستان TV
100%

 

جه‌نه‌ڕاڵ فۆرتێزا، راوێژكاری باڵای هێزه‌كانی ئیتالیا له عێراق وهه‌رێم كۆتایی به‌ئه‌ركه‌كه‌ی هات و له‌شوێنی ئه‌و، جه‌نه‌ڕاڵ فرانسیسكۆی هاونیشتمانی، وه‌ك  فه‌رمانده‌ی نوێ ی هێزه‌كانی ئیتالیا له‌ عێراق و هه‌رێم ده‌ست به‌كاربوو.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ10ی ئابی 2020، بریاری ده‌ورو ته‌سلیمی پۆسته‌كه‌یان به‌ شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند.  

له‌مه‌راسیمی ماڵئاواییدا، جه‌نه‌ڕاڵ فۆرتێزا، هاوشان له‌گه‌ڵ جێگره‌وه‌ تازه‌كه‌ی، جه‌نه‌ڕاڵ فرانسیسكۆ و نوێنه‌رانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یان كرد.

له‌دیداری ماڵئاوایی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئیتالیا له‌ عێراق و هه‌رێم ، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، ستایشی هه‌وڵ و ماندووبوونه‌كانی جه‌نه‌ڕاڵ فۆرتێزای كرد، كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌خۆبردووانه‌و دڵسۆزانه‌ رۆڵی گه‌وره‌و پڕبایه‌خی بینیوه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی توانستی سه‌ربازی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌رووی مه‌شق و راهێنانه‌كانه‌وه‌.

له‌به‌شێكی تری دیداره‌كه‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وتی: گه‌لی كورد و گه‌لی ئیتالیا، دۆستایه‌تی له‌مێژینه‌ن و پڕه‌نسیپه‌كانی دیموكراسی، خه‌باتی شارستانی و فه‌رهه‌نگی به‌یه‌كه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه‌، هاوكاری و یارمه‌تییه‌كانی گه‌ل و حكومه‌تی ئیتالیا هه‌رگیز له‌بیرناكه‌ین و به‌ناوی گه‌ل و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه،‌ سوپاسی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی حكومه‌تی ئیتالیا و سوپای ئه‌و ووڵاته‌ ده‌كه‌ین، له‌سه‌رخستن و سه‌ركه‌وتنمان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش.

جه‌نه‌ڕاڵ فۆرتێزا، سوپاسی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌و تیمه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كرد و راشیگه‌یاند: له‌ماوه‌ی ئه‌ركی سه‌ربازیمدا له‌هه‌رێم، شانازی به‌دۆستایه‌تی و كاركردنی پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ قاره‌مانان و رۆله‌ ئازاكانتان ده‌كه‌م له‌ ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، ده‌خوازم هه‌میشه‌ وه‌ك دۆست و هاوكاری یه‌كتر بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌و جیهان بمێنینه‌وه‌.

جه‌نه‌ڕاڵ فرانسیسكۆ، فه‌رمانده‌ی تازه‌ی هێزه‌كانی ئیتالیا عیراق و ‌هه‌رێم ، ده‌ستبه‌كاربوونی خۆی به‌وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ راگه‌یاندو تیایدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، هاتنی من، به‌و مانایه‌یه‌، كه‌ گه‌ل و حكومه‌ته‌كه‌مان له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌ركی منیش ته‌واوكردنی رۆڵی تیمه‌كه‌مانه‌ له‌یارمه‌تیدانی پێشمه‌رگه‌و رووبه‌ڕوبونه‌وی تیرۆر له‌ناوچه‌كه‌دا.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌خێر هاتنی كرد و پاڵپشتیی و پشتگیری خۆی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی بۆ فه‌رمانده‌ نوێیه‌كه‌ی ئیتالیا دووپاتكرده‌وه‌و، هیواشی خواست له‌ئه‌ركی تازه‌یدا سه‌ركه‌وتووبێت.

جه‌نه‌ڕاڵ فۆرتێزا، سه‌ره‌ڕای راوێژكاری باڵای هێزه‌كانی ئیتالیا له‌عێراق و هه‌رێم، هاوكات جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی هاوپه‌یمانان بوو له‌عێراق و سوریا و چه‌ندین ئه‌رك و به‌رپرسیاری تری باڵای له‌ئه‌ستۆ بووه‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.