دكتۆر محەمەد خورشید بەرپرسی لقی 3 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژەڤی كوردستان سەبارەت بە ئاسایی نەبوونەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم رایگەیاند كە نائومێدییەكی گەورە هەیە ، بەهۆی بەردەوامی سیاسەتی تەعریب بەتایبەتی ناوچەكانی دوبزو داقوق و تەنانەت پردێ ، ئەو سیاسەتەش درێژە پێدەری سیاسەتی تەعریب كردنە لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا .
روونیشیكردەوە كە كەركووك لە شەستەكانی سەدەی رابردوو دووچاری سیاسەتی تەعریب بۆتەوە كە لە ساڵی 1963 لە گەڵ هاتنی حەرەس قەومی چەندین گوندی كوردنشین لە پارێزگای كەركوك سووتێنران .
مێژوو ئەوەی سەلماندووە كە تەعریب كردن بوونی هەیە لەو پارێزگایە ، چونكە ساڵی 1991 دوای راپەرین عەرەبەهاوردەكان ناوچەی كەركووكیان جێهێشت و كورد گەرایەوە ناوچەكانی خۆیان ، هەروەها ساڵی 2003 بەهەمان شێوە .
راشیگەیاند بەرزترین رێژەی بەلێ بۆ ریفراندۆم لە پارێزگای كەركووك بوو . بەڵام دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر هاوكێشەكان گۆڕان . چونكە دوای ئەو رێكەوتە عەرەبەكان بە جورئەتەوە هاتنەوە كەركووك و پرۆسەی تەعریب كردن دەستیپێكردەوە .
دكتۆر محەمەد خورشید بەراشكاوی رایگەیاند كە حكومەتی عێراق و تەنانەت بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا لەو بارودۆخەی كەركووك بێدەنگن .
لە گەڵ هاتنی داعش بۆ ناوچەكە زۆر لە ئاوارەكانی حەویجەو پارێزگای سەلاحەدین و تاجی روویان لە كەركووك كرد و ئێستا بوونەتە هاووڵاتی رەسەنی كەركووك . دوای 16ی ئۆكتۆبەریش 11هەزارو 500 هاووڵاتی كورد تەنها لە لە كەركووك دەرچوون و ئاوارە بوون
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە ، دكتۆر محەمەد خورشید رایگەیاند كە ئەویاسایە سالی 2019 پەسەندكرا ، كە بەداخەوە بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە دانیشتنەكە مانەوە و یاساكە پەسەندكرا.
ئەو یاسایە بەپێی بڕگەكانی زیانێكی گەورە بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەڕیم دەگەیەنێت .
سەبارەت بە هەوڵەكانی كورد بۆ راگرتنی ئەو شاڵاوە تەعریبەی ئێستا روونیكردەوە كە باشترین چارەسەر ئەوەیە حكومەتی هەرێم هەڵگری ئەو دۆسیەیە بێت و خاوەن دامەزراوەیەك بێت لە گەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا پێكەوە لە گەڵ حكومەتی فیدراڵ گفتوگۆ بكات ،
دكتۆر محەمەد خورشید رایگەیاند كە كەركووك مەڵبەندی یەكدەنگی بوو لە رابردوو بەڵام خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو پەرتەوازەیەی دروست كرد لە نێو ماڵی كورددا .
هەر سەبارەت بە پرسی هەلبژاردن دكتۆر محەمەد خورشید روونیكردەوە لە گەڵ هەر هەڵبژاردنێك ئەنجومەنێكی نوێنەرانێكی خراپتر هاتۆتە ئاراوە ، ئەو هەلبژاردنەی داهاتووش ناتوانێت داخوازی شەقام چارەسەر بكات .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.