بڕیاره كاتژمێر ١١ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ھه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام بدات.
به مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكاره‌كانی خۆپارێزی، كۆبوونه‌وه‌كه له رێگای ڤیدیۆ كۆنفڕانسه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت و به‌پێی زانیارییه‌كانیش، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران تایبه‌ت ده‌بێت به گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چۆنێتیی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئاداری ئه‌مساڵ و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌درێت كه دابه‌شكردنی مووچه مانگی ئادار وه‌ك مووچه‌ی مانگی شوبات به بڕینی سه‌دا ٢١ ده‌بێت، یان مووچه‌ی ته‌واو دابه‌ش ده‌كرێت.
پێشتر به فه‌رمانی وه‌زیری دارایی و ئابووریی ھه‌رێمی كوردستان، ئاوات جه‌ناب نوری نووسراوێك ئاراسته‌ی فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت كرابوو كه لیستی مووچه‌یان به بڕینی سه‌دا ٢١ بنێرن، به‌ڵام دواتر بڕیاره‌كه راگیرا و چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێت.
رۆژی ٢١ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٠ حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی له‌باره‌ی مووچه‌ی مانگی شوبات ده‌ركرد و به‌پێی بڕیاره‌كه بوودجه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان سه‌دا ٢١ كه‌م كرایه‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.