بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک بەرپرسی نوێی کونسووڵگەریی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان، خاتوو یۆشیکۆ ناگایاما بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی ئۆفیسی کونسووڵگەریی وڵاتەکەی لە هەولێری پایتەخت و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) یەکەم دیداری لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەنجام دا و بەگەرمی لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) پێشوازییان لێ کرا.
هوشێار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەخێرهاتنی خاتوو ناگایاما کرد، وەک کونسووڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان و پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لێ کردن و هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ی بۆ سەرکەوتنی کار و پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان پێشان دا. هەروا بەتایبەتی پێزانینی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ی خستە ڕوو بۆ ئەو پەیوەندییە دووقۆڵییە دۆستانە و بەهێزەی لەگەڵ کونسووڵی پێشوو بەڕێز مۆریاسۆدا هەبووە و ستایشی هەوڵ و چالاکییەکانی کونسووڵی پێشووی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستانی کرد کە پەیوەندی و تێکەڵاوییەکی بەهێزی لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێم و کۆمەڵگای کوردستاندا بنیاد نابوو و وێرای فراوانکردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپن- کوردستان هەروا فێری زمانی کوردیش ببوو و لە زۆر شوێنیش لە بۆنەکانی نیشتمانی و نەتەوەیی هەردو گەلی دۆستدا بە جلی کوردییەوە دەردەکەوت.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکە لەگەڵ کونسووڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی هاوکاری و پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان گەل و حکوومەتی ژاپۆنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی لە ١٤ ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی ژاپۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا فراوانتر کردووە و هاوکاریی دارایی و تەکنیکیی بەتایبەتی لە بواری ئاو و کارەبا و چەندین کەرتی تردا پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە، هەروا لە ساتەوەختە سەختەکانیشدا کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیران و شەڕ بووەتەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕی تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کوردستان، وڵاتی ژاپۆن و ڕێکخراوە خێرخوازی و ناحکومییەکانی، هاوکاریی مرۆیییان پێشکەش بە ئاوارە و لێقەوماوانی هەرێمی کوردستان کردووە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هەروا هیوای خواست ئاڵوگۆڕی شاند لە نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نیوان هەردوو لا. لە دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، دیالۆگی نێوان شاندی هەردوو لا بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە بواری ئابووری، ئاسایش و هێزەکانی پێشمەرگە، پرسی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بواری بودجە و مووچە و داهاتەکان، گەشەپێدانی پەیوەندییە فیدراڵییەکانی نێوان هەردوو لا، پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چارەسەرکردنی دۆخی ئەم ناوچانە لە چوارچێوەی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور، دوواپەرەسەندنەکانی ناوچە و کاریگەرییەکانی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانی نیوان هێزەکانی تورکیا و پ.ک.ک لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کە بووەتە مایەی ناڕەزایەتیی هەریمی کوردستان و دانیشتووانی گوندنشینی سەر سنوورەکان و زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل و ژینگەی ناوچەکە و مەترسیی شەڕەکە بۆ سەر گوزەرانی خەڵک و ئاوارەبوون و چۆڵکردنی دەیان گوند لە ئەنجامی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان. هەروا شیکردنەوەی دۆخی ناوخۆییی هەرێم و گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، دیالۆگ و پەیوەندییەکانی نیوان (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) و لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەت و پەرلەماندا. کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی (کۆڤید-١٩) لەسەر ژیان و ئابووری و تەندرووستیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەوڵە بەردەوامەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی لەسەر هاووڵاتیان. هەروا میکانیزمی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن تاوتوێ کرا.
کونسووڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان خاتوو یۆشیکۆ ناگایاما، خۆشحاڵیی خۆی بە کۆبوونەوە لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و دەستبەکاربوونی وەک کونسووڵی نوێی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان پێشان دا و هیوای خواست بەردەوامی و گەشەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی ژاپۆن لەگەڵ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەن لە هەموو ئەو بوارانەی سوودبەخشن بۆ بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا. هەروا دەستخۆشیی خۆی پێشان دا لە بەردەوامبوونی دیالۆگی لێکگەییشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ کە پرسە هەڵواسراوەکانی نێوانیان لە ڕێگەی دیالۆگەوە لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکەن، کونسووڵی نوێی ژاپۆن دواکۆبوونەوە و دیالۆگی نێوان شاندی هەردوو سەرکردایەتیی (پ.د.ک) و (ی.ن.ک)شی بۆ چارەسەرکردنی پرسە ناوخۆییەکان و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان و زاڵبوون بەسەر کۆسپ و تەگەرەکان بەرز نرخاند و هەروا ڕایگەیاند کە حکوومەتی ژاپۆن بەردەوام دەبێت لە پشتگیری و هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و هیوایان خواست دوای کەمبوونەوەی مەترسییەکانی (کۆڤید -١٩) پڕۆژەکانی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان لە ڕیگەی (جایکا)وە بکەونە واری جێبەجێکردنەوە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.