Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 16:56

دادگایه‌کی عێراق بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتکردنی بۆ وه‌زیری پێشووی کاره‌با ده‌رکرد

ره‌خنه‌ی له‌ لێدوانێكی مسته‌فا كازمی گرتووه‌و ده‌ستیانگرتووه‌‌ به‌سه‌ر خانووه‌كه‌یدا
کوردستان TV
100%

دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌رخ قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردنی خسته‌سه‌ر لوئه‌ی خه‌تیب، وه‌زیری پێشووی كاره‌بای عێراق و به‌رپرسێكی دیكه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فه‌رمی كه‌ به‌ واژۆی دادوه‌ری یه‌كه‌م له‌ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌رخ تایبه‌ت به‌ نه‌زاهه‌، زیا جه‌عفه‌ر ده‌رچووه‌ و ئاراسته‌ی ده‌زگای هه‌واڵگریی كراوه‌، تیایدا بڕیاردراوه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردنی لوئه‌ی خه‌تیب و به‌رپرسێكی دیكه‌ له‌ وه‌زاره‌تی كاره‌با بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگا، بڕیاردراوه‌ قه‌ده‌غه‌ی گه‌شكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بخرێته‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ گومانلێكراون، وه‌زیری پێشووی كاره‌با، لوئه‌ی خه‌تیب و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی له‌ وه‌زاره‌تی كاره‌با، فه‌لاح دلێمی.

له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا هیچ ورده‌كارییه‌ك له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و داوایه‌ی كه‌ له‌ دژی خه‌تیب و دلێمی تۆماركراوه‌، نه‌خراوه‌ته‌ڕوو.

رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، لوئه‌ی خه‌تیب رایگه‌یاند، هێزێكی چه‌كداری سه‌ربه‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران، مسته‌فا كازمی هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی و به‌فه‌رمانی كازمی ده‌ستیانگرتووه‌ته‌ به‌سه‌ر خانووه‌كه‌یدا.

رۆژی ١٣ی ته‌مووزی رابردوو، لوئه‌ی خه‌تیب ره‌خنه‌ی له‌ لێدوانێكی مسته‌فا كازمی گرتبوو له‌وه‌ی رایگه‌یاندبوو كه‌ حكوومه‌تی پێشوو (به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی) هیچ پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌باره‌ی چاككردنه‌وه‌ی كاره‌با ئه‌نجام نه‌داوه‌.

لوئه‌ی خه‌تیب رایگه‌یاندبوو، وه‌زاره‌تی ئێستای كاره‌با هه‌مان وه‌زاره‌ته‌كه‌ی پێشووه‌ و ته‌نها وه‌زیره‌كه‌ی گۆڕاوه‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ خودی خۆی.

خه‌تیب ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو كه‌ وه‌زیری ئێستای كاره‌با، ماجید حه‌نتوش پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی هونه‌ری بووه‌ كه‌ په‌یوه‌نداره‌ به‌ داڕشتنی به‌رنامه‌ی چاككردنه‌وه‌.

وه‌زیری پێشووی كاره‌بای رووی قسه‌كانی ئاراسته‌ی كازمی كردبوو و رایگه‌یاندبوو "تیمێكی به‌دواداچوونی وه‌زاری تایبه‌تمه‌ندمان پێكهێنا، له‌ رۆژی راده‌ستكردنی پۆسته‌كه‌مان تیمه‌كه‌تان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی پێشوو ته‌نها یه‌ك ساڵ كاری كرد".

مانگی رابردوو، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاریدا به‌ ده‌ستپێكردنی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ میانی ١٤ ساڵی رابردوودا واژۆی كردووه‌.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.