Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 16:50

سه‌رۆک کۆماری لوبنان: زیانه‌ ماددییه‌کانی ته‌قینه‌وه‌که‌ی به‌یروت 15 ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاندووه‌

نزیكه‌ی 40 كه‌س به‌ تۆمه‌تی دزیكردن ده‌ستگیركراون
کوردستان TV
100%

یه‌كه‌ی ئاسایشی ناوخۆیی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ئاسایشی لوبنان سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یرووت رایگه‌یاند: تا ئێستا سێ هه‌زار و ٩٧٢ بینا و چوار هه‌زار و ٢١٤ ئۆتۆمبێل زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

سه‌ركۆماری لوبنان، میشێل عه‌ون راگه‌یاندكه‌ زیانه‌ ماددییه‌كانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو له‌ به‌یروت-ی پایته‌خت رووی دا، ١٥ ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاندووه‌.

ئاژانسی هه‌واڵیی فه‌رمی لوبنان NNA بڵاوی كرده‌وه‌، سه‌ركۆمار میشێل عه‌ون، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ شای ئیسپانیا، فلیپی شه‌شه‌م ئه‌نجامداوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ته‌قینه‌وه‌ به‌هێزه‌كه‌ی به‌نده‌ری به‌یروت.

له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا، عه‌ون باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و زیانه‌ ماددیانه‌ی به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌، ١٥ ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاندبێت.

لای خۆیه‌وه‌، فلیپی شه‌شه‌م جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌م كاته‌ سه‌خته‌دا له‌ پاڵ لوبناندایه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كه‌ی ئاسایشی ناوخۆیی سه‌ربه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ئاسایشی لوبنانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ چواری ئابه‌وه‌ له‌وه‌ته‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ روویداوه‌، ده‌ستكراوه‌ به‌ كاره‌كانی دیاریكردنی زیانه‌كان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ تا ئێستا، سێ هه‌زار و ٩٧٢ بینا و چوار هه‌زار و ٢١٤ ئۆتۆمبێل زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ و هێشتا كاره‌كانی دیاریكردنی زیانه‌كان درێژه‌ی هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا موڵكه‌ تایبه‌ته‌كان خراونه‌ته‌ ژێر پارێزی تایبه‌ته‌وه‌ دژبه‌ رووداوی دزیكردن و تا ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی ٤٠ كه‌س به‌ تۆمه‌تی دزیكردن ده‌ستگیركراون.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ تیمێكی پسپۆڕ دروستكراوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام ناسنامه‌یان دیار نییه‌ له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی بێ سه‌روشوێنان.

له‌ چواری ئابدا له‌ به‌نده‌ری به‌یروت سه‌ره‌تا ئاگر له‌ كۆگای ژماره‌ ١٢ی به‌نده‌ره‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ كه‌ مادده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی تیادا هه‌ڵگیرابوو، پاشان ته‌قینه‌وه‌یه‌كی زۆر به‌هێز رووی دا كه‌ هه‌موو به‌یروتی هه‌ژاند.

سه‌ركۆماری لوبنان، میشێل عه‌ون باسی له‌وه‌ كردبوو كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌هۆی دوو هه‌زار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئامۆنیۆمه‌وه‌ روویداوه‌ كه‌ شه‌ش ساڵه‌ له‌ كۆگایه‌كی به‌ندره‌ری به‌یروتدا هه‌ڵگیراوه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌ فه‌رمییه‌كانی به‌رپرسانی ته‌ندروستیی لوبنان له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌دا، ١٧١ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ٣٠-٤٠ كه‌س بێ سه‌روشوێنن و نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار كه‌س برینداربوون كه‌ ١٢٠یان له‌ژێر چاودێری چڕدان و هه‌زار و ٥٠٠ كه‌سیش چاره‌سه‌ری تایبه‌تیان بۆ ده‌كرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.