Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 17:11

سه‌فه‌ت کانی بۆتی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ تووشی جه‌ڵته‌ی مێشک بووه‌

له‌ ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵییه‌وه‌ شمشاڵ ده‌ژه‌نێت
کوردستان TV
100%

هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ و به‌ناوبانگی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو شۆرشی ئه‌یلول و گوڵان شمشاڵژه‌ن سه‌فه‌ت كانی بۆتی به‌هۆی جه‌ڵته‌ی مێشكه‌وه‌ دوای ماوه‌یه‌ك خه‌واندن له‌ نه‌خوشخانه‌ به‌ ته‌ندروستییه‌كی باش و جێگیر نه‌خوشخانه‌ی جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

رێبه‌ر بارزانی كه‌س و كاری شمشاڵژه‌ن سه‌فه‌ت كانی بۆتی به‌ زاری كرمانجی راگه‌یاند "سه‌فه‌ت تۆفیق حه‌جی ته‌مه‌ن 67 ساڵ، ناسراو به‌ سه‌فه‌ت كانی بۆتی شمشاڵژه‌نی به‌ناوبانگی كوردستان و ده‌ڤه‌ری بارزانه‌ به‌هۆی تووشبوون به‌ جه‌ڵته‌ی مێشك ماوه‌یه‌ك له‌ نه‌خوشخانه‌ خه‌وێنراوه‌"‌.

گووتیشی"سه‌فه‌ت كانی بۆتی رۆژی 6 ی ته‌ممووزی ئه‌مساڵ له‌ دانیشتنێكدا له‌ گوندی كانی بۆت له‌گه‌ڵ خزم و دۆستانی باسی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی ده‌كرد، زۆر دڵته‌نگ بوو به‌ یادگارییه‌ تاڵه‌كانی شۆڕش و شه‌هیدبوون و له‌ده‌ستدانی چه‌ندین هاوڕێی و خزمی نزیكی، دواتر له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی 7ی ته‌ممووز ده‌ست و پێیه‌كی راستی له‌ جوڵه‌ كه‌وت و دكتۆر له‌ نه‌خۆشخانه‌ی میرگه‌سۆر پێیگووت كه‌ تووشی جه‌ڵته‌ی مێشك بووه‌، دوای چه‌ند رۆژ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری هه‌ولێر ته‌ندروستی جێگیره‌ و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌".

زیاتر گووتی" له‌ ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵییه‌وه‌ شمشاڵ ده‌ژه‌نێت و ئه‌وكاته‌ی شوان بووه‌ و به‌ ته‌نیا له‌ چیاكان بووه‌ حه‌زی له‌ هه‌ر ئاوازێك بووایه‌ ده‌یژه‌نی و خۆی فێری ژه‌نینی شمشاڵ ده‌كرد، دوای ماوه‌یه‌ك خۆی له‌ شمشاڵژه‌نه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ نزیككردووه‌ته‌وه‌ و گوێی له‌ ئاوازه‌كانیان گرتووه‌ له‌ ته‌مه‌نی منداڵی و له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی 1960 له‌لای شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ دۆڵی هۆرێ شمشاڵی ژه‌نیوه‌، سه‌فه‌ت كانی بۆتی له‌دایكبووی ساڵی 1953ی گوندی كانی بۆته‌ له‌ ناوچه‌ی شێروان مه‌زن له‌ ته‌مه‌نی لاویه‌تییه‌وه‌ چووه‌ته‌ نێو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و به‌شداری هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵانی كردووه‌".

له‌ كۆتایی دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" له‌ كاتی نه‌خۆش كه‌وتنی سه‌فه‌ت كانی بۆتی هاوكارییه‌كی پێویستی بۆ نه‌كرا كه‌ له‌ ئاست خزمه‌تی چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌و دابێت سه‌فه‌ت كانی بوتی مۆڵكی گشتییه‌ و نیشتیمان و وڵات پێویستی به‌ كه‌سانی دڵسۆزی وه‌ك شمشاڵژه‌ن سه‌فه‌ت كانی بۆتی هه‌یه‌"‌.

ژێده‌ر: زاری كرمانجی

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.