د.بەشیر حەداد داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات پەلە بکەن لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیان و لەسەر مێزی دانوستان و بەپێی دەستوور کێشکانیان چارەسەر بکەن.
نوسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد پەلە بکەن لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیشیان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن و کێشەکان لە چوار چێوەی دەستووردا چارەسەر بکەن.
نوسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە هەردوولا دەکات بەردەوامی بدەن بە کۆبوونەوەکانیان و تەواوکردنی ئەو رێککەوتنامەیەی کە لە نێوان هەردوولادا کرابوو بەپێی دەستوور و یاسا بۆ چارەسەرکردنی کۆی بابەتەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە کە زەرەرمەندی سەرەکی لە دواکەوتنی کۆبوونەوەکان و نەگەیشتن بە رێککەوتن، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانن.
ئاماژەش بەوەدەکات: لەسەر حکومەتی فیدراڵی پێویستە پابەندبێت بە دابینکردنی شایستەداراییەکان و موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان وەکو چۆن بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابینی دەکات و لەبەرامبەریشدا پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە باپەندییە دەستوورییەکان و لەو چوارچێوەیەدا هەردوولا بگەنە رێکەوتنێکی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.