Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 09:34

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: شەھیدکردنی دوو فەرماندەی پاسەوانی سنوور جێگەی گومانە

ھەڵوێستی عێراق زۆر لاوازە لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا
کوردستان TV
100%

 لە ناوەڕاستی ئەمساڵ تورکیا ئۆپەڕاسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکانی کوردستان (پەکەکە) لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستاندا دەستی پێ کردووە و ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش  رایده‌گه‌ێنێـت تورکیا بەبێ پرسی ھەرێم ھاتووە و ھەڵوێستی عێراقیش زۆر لاوازە لەبەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: تورکیا بەبێ ھیچ ڕێککەوتن و ھەماھەنگییەک ھاتووەتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت ھەماھەنگیی لەگەڵ بەغداش نەبووە، بەڕاستی تورکیا کێشەیە بۆ ئێمە، ئەوان دەڵێن بە بەھانەی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکە دێینە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و پێویستە پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان نەمێنێت.

ده‌شڵێـت ، تورکیا داوای کردووە ھەرێم سنوورەکانی بە ڕووی پەکەکە دابخات، بەڵام پرسیاری ئێمەیش ئەوەیە بۆچی تورکیا خۆی سنوورەکانی داناخات، ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا دەوڵەتە و لەڕووی سەربازی و ماددی و تەکنیکییەوە وڵاتێکی بەھێزە، خۆی دەتوانێ سنوورەکانی دابخات و خۆی لەو سەرئێشەیە ڕزگار بکات، تورکیا ٩١١ کم سنووری لەگەڵ سووریا ھەیە و ھەمووی کۆنتڕۆڵ کردووە، ئێستا خەریکە سنووری لەگەڵ ئێران دابخات، کەچی ناتوانێ سنووری خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات کە ھەمووی ٣٤٠ کیلۆمەترە.

ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئەم کارەی پەکەکە دروست بۆ ئەوەیە هه‌رێمی كوردستان نەمێنێت، ئەمە حەقیقەتە و ئامانجی پەکەکەش ھەر ئەوەیە، کوردستان چوار پارچەیە، خەڵکێک بەبێ خواستی ئێمە، کوردی دابەشی سەر چوار پارچەی کردووە و ئێستاش ئەو خەڵکەی کوردیان پارچە کردووە ماون و پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت.

دەشڵێت: باشە ئەگەر ھەرێمی کوردستان زانیاریی بە تورکیا داوە بۆ لێدانی پەکەکە، بۆچی فڕۆکەی تورکیا فەرماندەکانی عێراقی کردووەتە ئامانج و چەکدارانی پەکەکەی لەو ناوە بوردوومان نەکردووە، ئەمە جێگەی گومانە، من لە دوای ڕاپەڕینەوە مامەڵەم لەگەڵ پرسی پەکەکە ھەبووە و ئەوەی من زانیومە لە ھەرسێ چەکداری پەکەکە، دوویان سەر بە ھەواڵگری دەوڵەتێکی ئیقلیمی بوونە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە.

بابەکر زێباری هه‌روه‌ها رایده‌گه‌ێنێـت  عێراق ھەڵوێستێکی لاوازی ھەیە بەرامبەر بە تورکیا لەسەر پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی، ھەتا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای تومار نەکردووە و ھەڵوێستی بەلاواز دەبینم.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.