Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 23:19

شیکردنەوەیەکی هێمنانە بۆ بارودۆخی بەرشلۆنە

زەحمەتە ئەو برینە سارێژبكرێت ئەگەر چارەسەری خێرای بۆ نەكرێت
کوردستان TV
100%

ئەو زریان و باهۆزەی بەسەر بەرشلۆنە لەیاریەكەی بەرامبەر بایرەن میونشن لە قۆناغی 8 چامپیۆنزلیگی 2020 وەك پەڵەیەكی رەش دەمێنێتەوە لە مێژووی یانە كەتالۆنیەكە و زەحمەتە ئەو برینە سارێژبكرێتەوە و ئەگەر چارەسەری خێرای بۆ نەكرێت لەوانەیە ئاسەوارەكەی بۆ چەند وەرزێك بەردەوام بێت ، بەڵام ئەم شكستە گەورەیە و ئابرووبەرە واتای كۆتایی دونیا نییە چونكە یانە گەورەكان نەخۆش دەكەون بەڵام نامرن هەرچەندە ئەم جۆرە نەخۆشیە ئەگەر بەخێرایی چارەسەری بۆ نەكرێت ئەوە وەكو شێرپەنجە لەسەرجەم كایەكانی یانەكە بڵاودەبێتەوە دواتر چارەسەركردنەكە دوا دەكەوێت نمونەشمان لەپێشە وەك ئەی سی میلان و مان یونایتد كەچەند ساڵێكە بە هۆی كێشەكانیان دەناڵێنن .
یانەی بەرشلۆنە بۆ هەرێمی كەتالۆنیا یانەیەكی ئاسایی نییە بەڵكو خەڵكی ئەم هەرێمە وەك سومبلێك سەیری دەكەن و بەشێكە لەكلتوری گەلی كەتالۆنیا كەخەون بەسەربەخۆیی دەبینن و ئەم یانە بەشێكە لەم خەونە مەزنە هەربۆیە دروشمی بەرشلۆنە بریتیە لە (بەرشلۆنە تەنها یانەیەكی وەرزشی نییە) ، زۆرجار لەیاریەكانی چامپیۆنزلیگ بەرشلۆنە سزادراوە لەبەرئەوەی لەكاتی یاریەكان دروشمی سیاسی یان ئاڵای كەتالۆنیا بەرزدەكەنەوە ، لێرەوە ئەم شكستە مێژوویەی بەرشلۆنە بەئاسانی لەسەر كارگێران و ستافی هونەری و خودی یاریزانان تێپەڕ نابێت و لەداهاتووێكی نزیكدا كاردانەوەكان دەست پێدەكەن .
هەریانەیەكی گەورەی جیهانی دەزگایەكی تەواوە كەكاروباری ئەم یانەیە بەڕێوەدەبەن ، هەندێك یانە ئەو كەسەی زۆرترین پشكی هەیە دەبێتە سەرۆك و هەندێكیان سەرمایەدارێك دەیكڕێتەوە و دەبێتە خاوەن بڕیار ، هەندێكیشیان لەرێگای دەستەی گشتی و ئەندامانی یانەكە هەڵبژاردن دەكرێت و ئەو لیستەی براوە دەبێت جڵەوی بەڕێوەبردنی یانەكە دەگرێتە ئەستۆ بەڵام بەرپرسە لەبەردەم دەستەی گشتی كەئەو سیستەمە لەیانەی بەرشلۆنە پەیڕەو دەكرێت .
زۆر لەهاندەران باسی هۆكارەكانی ئەو شكستە بۆ راهێنەر دەگەڕێنەوە ، منیش نكۆڵی لەوە ناكەم بەڵام تەنها راهێنەر هۆكار نەبوو ، بەڵكو دەتوانم هۆكارەكان لەم چەند خاڵە كۆبكەمەوە : 
1- سەرۆكی یانە و دەستەی كارگێری : سەرۆكی یانە ئەو كەسەیە كەبەرپرسە لەپەیڕەوكردنی سیاسەتی یانە لەرووی دارایی و گرێبەستی یاریزانان و راهێنەران ، لەماوەی 3 وەرزی رابردوو یەك گرێبەستی بەرشلۆنە سەركەوتوو نەبووە هەرچەندە پارەیەكی زۆری خەرجكردووە كەدەگاتە سەدان ملیۆن دۆلار وەك كۆتینهۆ و عوسمان دیمبلی و گریزمان ، لەهەمان كاتدا كارگێرانی یانە نەیانتوانی پارێزگاری لەئەستێرەیەكی وەكو نیمار بكەن كەهەموو بەشوێنگرەوەی میسی دەست نیشانیان كردبوو ، ئەوەش بۆ خەراپی بەڕێوەبەری وەرزشی دەگەڕێتەوە كە ئەریك ئەبیدالە كە نەیتوانی یاریزانی گونجاو بۆ بەرشلۆنە بدۆزێتەوە ، مەرج نییە یاریزانی گرانبەها بێت بەڵكو مەرج ئەوەیە كە ئەو یاریزانە چەند سوودی هەیە بۆ سیستەمی یاریكردنی یانەكە .
2- راهێنەر : هەردەم راهێنەر بەردی بناغەی هەر تیپێكە ، چونكە عەقڵیەتی راهێنەر تیپەكە بەڕێوەدەبات و راهێنەر دەتوانێت تواناكانی سەرجەم یاریزانەكان بەباشترین شێوە وەربگرێت و لەبەرژەوەندی تیپەكەی تەرخانی بكات ، ئەگەر راهێنەرێك زیرەك نەبێت 11 باشترین یاریزانی جیهانی بۆ دابین بكە ناتوانێت نازناوێك بباتەوە ، لەهەمان كاتدا دەبێت راهێنەر كەسایەتی بەهێزبێت و كۆنتڕۆڵی سەرجەم یاریزانەكان بكات ئەگەر باشترین یاریزانی جیهانیش بن ، ئەو سیفەتانەش لە كیكی ستیێن دانەبوو ، دوورخستنەوەی ڤالڤێردیش لەبەر لەدەستدانی نازناوێكی ئاسایی وەك جامی سوپەری ئیسپانی هەڵەیەكی گەورەبوو ، ئەگەر مەبەستیان دوورخستنەوەی ڤالڤێردی بووایە دەبوایە لەدوای دۆڕاندنەكەی رۆما یان لیڤەرپول دەستبەرداری بن نەك لەناوەراستی وەرز .
3- یاریزانەكان : لەم رووەوە باسی تەنها یاریەكەی بایرەن دەكەم ، لەیاریەكی وا گرنگدا دەبێ یاریزانەكان لەوپەڕی تەركیزدابن بەڵام لەم یاریە ئەوە بەدی نەدكرا ، ئاشكراكردنی پلانی یاریكردن پێش هەفتەیەك لەدەزگاكانی راگەیاندن لەلایەن راهێنەر و یاریزانانی بایرەن بەباشترین شێوە قۆسترایەوە و لە 30 خولەكی یاریەكە هەموو شتێك كۆتایی هات ، باڵی راستی بەرشلۆنە كارەسات بوو ، بۆسكێتس كارەسات بوو ، هیچ یاریزانێكی بەرشلۆنە لەبارودۆخی ئاسایی خۆیان دانەبوون لەگۆڵپارێزەوە تا سەری ڕم ، ئەوەش مانای ئەوەیە كەبەرشلۆنە لەرووی دەروونیەوە بۆ یاریەكی وا بەهێز ئامادەنەكرابوو ، دۆڕاندن لەتۆپی پێ كارێكی ئاساییە بەڵام بەم ئابرووچونە كارەساتە  ولێكەوتەی خەراپی دەبێتەوە .
4- لیونێل میسی : گومان لەوەدانیە كە میسی یەكێكە لەباشترینەكانی مێژوو ، لەدەسكەوتەكانی 15 ساڵی رابردوو رۆڵێكی سەرەكی هەبووە ، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كەیانەیەكی گەورە تەنها پشتی بەیەك یاریزان ببەستێت ، لەهەمان كاتدا دەبێ میسی ئەوەش بزانێت كەهیچ یاریزانێك نییە لەیانەیەك گەورەتر بێت ، چونكە یاریزانەكە دەڕوات و كۆتایی دێت بەڵام یانە دەمێنێتەوە ، میسی نەیتوانی وەك كاپتنی یانە كۆنتڕۆڵی ژووری خۆگۆڕین بكات ، كێشەكانی نێوان یاریزانانی بەرشلۆنە لەم وەرزە بەزەقی دەركەوت و میسی بەرپرسیاریەتی بەشێكی هەڵدەگرێت .
چارسەر چیە؟
لەدوای هێوربوونەوەی ئەم بارودۆخە سەختە دەبێ دەزگای یانەی بەرشلۆنە پێداچوونەوەیەكی ورد بۆ بارودۆخەكە بكات و بڕیاری بوێرانە بدات كەبەبۆچوونی من ئەم خاڵانە دەگرێتەوە : 
1- هەڵوەشاندنەوە دەستەی كارگێری ئێستا بەسەرۆكی یانە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختە ، یانەی بەرشلۆنە پێویستی بەسەرۆكێكی بوێر و زیرەكە كەلەخودی یاریزانەكان نزیك بێت ئەوەش پێویستی بەهەڵبژاردنی پێش وەختە هەیە ، گەڕانەوە یان بوونی سەرۆكێكی وەك خوان لاپۆرتا بۆ ئێستای بەرشلۆنە زۆر پێویستە چونكە ئەم سەرۆكە بەرشلۆنەی لەبارودۆخێكی زۆر خەراپ وەرگرت و لەماوەی چەند ساڵێك هێنایەوە پلەی یەكەمی ئیسپانیا و ئەوروپا و جیهان .
2- پشت بەستن بەجیلی ئاڵتوونی بەرشلۆنە چ وەك راهێنەر یان كارگێر یان بەڕێوەبەری وەرزشی ، هێنانەوەی زاڤی و ئەنێیستا و پیۆل و كلۆیڤەرت زۆر پێویستە لەبەرئەوەی ئەو سەردەمەی ئێستا تۆپی پێ پێویستی بەبیری تازە و گەنجانە هەیە .
3- هەڵسەنگانی توانای هونەری سەرجەم یاریزانان بە خودی میسیشەوە و دەست نیشانكردنی ئەو یاریزانانەی كە سوودیان دەبێت بۆ تیپەكە و مانەوەیان و بەڕێكردنی ئەوانەی كە سوودیان نییە ، ئەگەر بەبیرتان بێت گواردیۆلا رۆنالدینهۆ و ئیتۆی بەڕێكرد بۆ ئەوەی تیپێكی بەهێز دروست بكات .
4- پشت بەستن بە قوتابخانەی لاماسیا ئەوەش گەورەترین هەڵەی ئێستای سەرۆكی بەرشلۆنەیە كە یاریزانانی لاماسیای فەرامۆش كردووە ، كاتێك كە گواردیۆلا بووە راهێنەر كۆمەڵێك ئەستێرەی لاماسیای لەگەڵ خۆی هێنا ، ئەو كات لاماسیا كە تیپی دووەمی بەرشلۆنە بوو پلەی سێیەمی خولی پلە دووی بەدەست هێنا بەڵام نەیدەتوانی لەخولی پلە یەك یاری بكات بەڵام دوای فەرامۆشكردنی ئەو تیپە ئێستا لەپلەی سێ یاری دەكات لەو كاتەی ساڵانە بەرشلۆنە یاریزانە گەنجەكانی ئەم قوتابخانەیە دەفرۆشێتە یانەكانی دیكەی ئەوروپا و داهاتووێكی پڕشنگداریان هەیە . لەیەكێك لەیاریەكاندا هەر 11 یاریزانی سەرەكی بەشلۆنە لەسەردەمی گواردیۆلا دەرچووی لاماسیا بوون .
بەرشلۆنە بەقۆناغێكی هەستیار تێدەپەڕێت پێویستی بەچاكسازی كارگێری و هونەری هەیە ، لەوانەشە ئەو كەسەی كە بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێت چ وەك سەرۆك یانە یان راهێنەر پێویستی بەوەرزێك هەبێت بۆ ئەوەی یانە كەتالۆنیەكە بگەڕێتەوە رێچكەی راستەقینەكەی خۆی ، نابێت ئەوەش لەبیر بكەین كەبەرشلۆنە چەند جارێك بەبارودۆخی وا تیپەڕیوە وەك سەردەمی دوای یۆهان كرۆیف یان دوای لویس ڤانگال یان كۆتاییەكانی سەردەمی فرانك ریكارد بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە و نازناوی زیاتری بەدەستهێناوە بەڵام لەوانەیە ئەمجارەیان لەهەموو جارەكانی پێشتر قورستر بێت .


سالار جەلال

كوردستان TV

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.