Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 01:31

نیوەشەو بوو، زۆر درەنگ تەلیفۆنی بۆ کردم

کوردستان TV
100%

نیوەشەو بوو، زۆر درەنگ تەلیفۆنی بۆ کردم، بێ ورە، بێ ئومێد، گەرووی پڕ ببوو لە گریان.
گوتی: ئەمجارەشیان هیچ، ئەمجارەشیان دەرفەتمان لە دەست دا.
-:چۆن؟
-: ئەمجارەشیان ئازادیمان لە دەست دا.
-: مەحاڵە. ئێمە هەرگیز ئازادی لە دەست نادەین.
-: چۆن؟ دیارە ورەت زۆر بەرزە.
-: نەخێر. ورەم هەرەکوو خۆیەتی، نە بەرزە‌، نە نزم.
-: ئەی مەبەستت چییە؟
-: تۆ شتێک لە دەست نادەیت کە هەرگیز نەتبوو بێت، ئێمە هەرگیز بەتەواوەتی ئازاد نەبووین، تاکوو ئێستا بترسین ئەو ئازادییەمان لێ زەوت بکرێت. تۆ شتێک لە دەست نادەیت کە هەرگیز خاوەنی نەبوو بیت.
گوتی: بەو شێوەیە دڵم دەدەیتەوە! وام زانی کەسێکی گەشبینیت و ورەم بەرز دەکەیتەوە. هەر بۆیەش تەلیفۆنم بۆ کردی.
منیش لە سەر زاری ئۆشۆوە، ئەم بەسەرهاتەم بۆ گێڕاوە:
ئوشۆ دەڵێت:
جارێک بەدیار زەلامێکەوە دانیشتبووم کە گیانی دەدا، کابرا پرۆفیسۆر بوو لە هەمان زانکۆ کە منیش تێیدا پرۆفیسۆر بووم، کەسێکی زۆر سەرکەوتوو بوو لە بوارەکەی خۆیدا. جەڵتەی دڵ لێی دابوو، خەریک بوو گیانی دەدا.
 ڕۆیشتم بۆ لای، دەمویست بیبینم. زۆر خەمبار بوو، بەیەکجاری بێ ئۆمێد بوو، تەواو ورەی بەردابوو. پێم گوت:
-نیگەران مەبە، تۆ نامریت.
گوتی:
-:تۆ دەڵێی چی؟ دکتۆرەکان، هەموو دکتۆرەکان دەستیان لێ شۆردووم، دەڵێن ئەگەریی چاکبوونەوەت مەحاڵە. تۆ لە سەر چ بنەمایەک وا دەڵێت؟
پێم گوت: تۆ نامرێت، لەبەرئەوەی، تۆ هەرگیز نە ژیاویت. تۆ هێشتا مەرجی یەکەمی مردنت بەجێ نەگەیاندووە. تۆ بۆ ئەوەی بمریت دەبێت جارێ بژیت.
 ئەم پەنجا و شەش ساڵەی تەمەنت تۆ بە دەم خەوەوە بەڕێوە ڕۆیشتوویت. تۆ تەنیا خەونت دیووە، تۆ بە کردەیی نەژیاویت.
د.فازڵ جاف

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.