Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 17:38

نێچیرڤان بارزانی: پارتى له‌پێناوى مافه‌ ڕه‌واکانى گه‌لى کوردستاندا دامه‌زراوه

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی: پارتى له‌پێناوى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستاندا دامه‌زراوه

 

به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 74 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكدا نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: له‌ یادى حه‌فتا و چوار ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتیماندا، به‌ ڕێزه‌وه‌ یادى شه‌هیدانى نەمر دەکەینەوە کە‌ له‌پێناو ئازادیى كوردستاندا گیانیان به‌خشى، دروود بۆ گیانى پاكیان و سڵاو بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاریان و بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان ده‌نێرین. پیرۆزبایى له‌ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى، مه‌كته‌بى سیاسى، سه‌ركردایه‌تى، كادران، ئه‌ندامان، لایه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتیمان ده‌كه‌ین.

به‌ شكۆوه‌ یادى ڕابەر و دامەزرێنەری پارتی، بارزانیى نه‌مر و ته‌واوى سه‌ركرده و تێکۆشەرە دێرینەکانمان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ وه‌ك زه‌رووره‌تێكى مێژوویى پارتییان دامه‌زراند و تا دوا هه‌ناسه‌یان له‌ كۆڕى خه‌بات و پێشمەرگایەتی بەردەوام بوون و ڕێباز و قوتابخانه‌یه‌كى خه‌باتیان بۆ كوردستان و نەوەکانی دوای خۆیان به‌جێهێشت.

پارتى له‌پێناوى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستاندا دامه‌زراوه‌ و خه‌باتى بۆ دیموكراسى و ئازادى و ڕێكخستنى سیستمى سیاسى كردووه‌ كه‌ له‌ سایه‌یدا كوردستان سه‌رفراز بێت. له‌ ڕێگه‌ى خه‌باتدا شانى داوه‌ته‌ به‌ر هه‌موو سه‌ختییه‌كان، ئێستاش ئه‌ركى پارتى و كادرانیه‌تى له‌ ڕێگه‌ى حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، كار بۆ باشتركردنى ژیانى كوردستانییان و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان بكه‌ن، وەک هەمیشه‌ش دەستپێشخەر و سه‌رمه‌شقى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌كاركردنى لایه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان بن بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان.

له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌ ڕۆڵى گرنگ و كاریگه‌رى پارتى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پاراستنى ماف و شایسته‌‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌كرده‌ییكردنى فیدرالیزم ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێداگرى له‌سه‌ر گرنگى و پێویستیى كاركردن له‌سه‌ر بنه‌ماكانى سازان و هاوبه‌شى و هاوسه‌نگى له‌نێوان ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق ده‌كه‌ین بۆ مسۆگه‌ركردنى ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسى و پێشكه‌وتن له‌ وڵات.

له‌ كاتێكدا ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ جیهان، ناوچه‌كه‌، عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى له‌ دۆخێكى سه‌خت و هه‌ستیاردایه‌، كادران و ئەندامان و جەماوەری کۆڵنەدەری پارتیمان له‌گه‌ڵ كوردستانییان بەرگەی سەختی و بارگرانییان گرتووە و بەردەوام درێژەپێدەری کاروانى خه‌بات و تێكۆشانن، لەم یادەدا سوپاسیان ده‌كه‌م، سڵاو و ڕێز و پێزانین بۆ خۆڕاگریییان، دڵنیام به‌ خۆڕاگرى و تێكۆشانیان ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ش تێده‌په‌ڕێنین و به‌ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى باشتر هه‌نگاو ده‌نێین.

نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان 16ى ئابى 2020

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.