به‌هۆی پابه‌ند نه‌بون به‌مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن و سه‌رپێچیكردن له رێكاره‌كانی خۆپارێزی، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی چوار ریستۆرانت داده‌خات و هۆشیاریش به سه‌رجه‌م شوێنه‌كان ده‌دات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، لیژنه‌ی ریستۆرانی قائیمقامیه‌ت، راپۆرتی كاروچالاكییه‌كانی شه‌وی رابردوی خۆی پێشكه‌ش به لیژنه‌ی باڵای لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كردوه، تیایدا هاتوه: له‌كاتی سه‌ردانی لیژنه‌كه بۆ ریستۆرانت و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان، ده‌ركه‌وتوه ریستۆرانته‌كانی (ئه‌نغام به‌غداد، سه‌حاب، داڵاس و دارستان) له شاری سلێمانی پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ڤایرۆسی كۆرۆنا نابن.
له‌راپۆرته‌كه ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕو: به‌پێی رێنماییه‌كانی ژوری ئۆپراسیۆنه‌كانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له شاری سلێمانی، پێویسته ئه‌و شوێنانه‌ی به‌مه‌رجی پابه‌ندبون كراونه‌ته‌وه، سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و رێكاره‌كانی خۆپارێزی له شوێنه‌كه‌یاندا جێبه‌جی بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه داده‌خرێت.
راپۆرتی لیژنه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه: به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ریستۆرانته‌كانی (ئه‌نغام به‌غداد، سه‌حاب، داڵاس و دارستان) داده‌خرێن و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه.
لیژنه‌ی باڵای قائیمقامیه‌تی سلێمانی، هه‌مو ئه‌و شوێنانه ئاگادار ده‌كاته‌وه كه به‌پێی رێنماییه‌كانی ژوری ئۆپراسیۆنه‌كان كراونه‌ته‌وه و به‌هۆی سه‌رپێچی جارێك داخراون، له‌كاتی دوباره كردنه‌ی سه‌رپێچیدا شوێنه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێته‌وه.
دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.