Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 11:59

حکومه‌تی هه‌رێم بۆ هیومان رایتس: پێویستە راپۆرتەکانتان زیاتر واقعی بن و پشت بە بەڵگەی دروست ببەستن

کوردستان TV
100%

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی  رێكخراوی هویمان رایتس ده‌داته‌وه‌ رایده‌گه‌ێنێت  پێویستە راپۆرتەکانی هیومان رایتس وۆچ زیاتر واقعی بن و پشت بە بەڵگەی درووست و بابەتیانە ببەستن


رۆژی 7ی 8ی 2020 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی دەربارەی عێراق بە گشتی ئاراستەی لیژنەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ کردووە، لەم راپۆرتەدا وردەکاریی خستۆتە روو دەربارەی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەر لەوەی لیژنەی ناوبراو راپۆرتی خۆی لە نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەش بکات لە تشرینی دووەمی 2020.
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە راپۆرتی ناوبراو ئەم بەیاننامەیەکی دەرکرد ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
هیومان رایتس وۆچ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەک ئاراستە کار دەکەن و ناکرێ حکومەتی هەرێمی کوردستان وا وێنا بکرێت کە لە دیوێکی هەڵەدایە سەبارەت بە پابەندبوون بە بەها نێودەوڵەتییەکان، چونکە حکومەتی هەرێم پاڵپشتی لە بوونی چالاکوانان دەکات و هەماهەنگییان لەگەڵدا دەکات لەو رووەوە، هەروەها ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆ دەگرێت و ئازادن لە دەربڕینی بیروڕا و رەخنەکانیان و هانی گفتوگۆ دەدات لەگەڵیان.
لەم سونگەوە پێمانوایە پێویستە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ پابەند بێت بە بنەما سەرەکییەکان وەک پشت بەستن بە زانیاری راست و دروست و واقعی لە راپۆرتەکانیدا بەتایبەتی دەربارەی ئەنجامدانی پێشێلکارییەکان.
پێویستە ئاماژە بەو یاسا و رێنماییانە بکرێت کە لە هەرێمی کوردستان دەرچوونە و حکومەت پێوەی پابەندە لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە کاتێکدا راپۆرتەکە باس لە دەستگیرکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان دەکات، حکومەتی هەرێم ئەم دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە، چونکە دامودەزگا ئەمنییەکان بەپێی فەرمانی دادوەر و رێوشوێنی یاسایی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گومانلێکراوان دەستگیر دەکات و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
 بەو پێیەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بە ئازادی لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، پێویستە دیدێکی واقعیانەی دەربارەی رەوشی هەرێمی کوردستان هەبێت لە هەموو روویەکەوە و ئەو هەنگاوانەی کە لە بواری حوکمڕانی بەدی هاتوون لەبەرچاو بگرێت. هەروەها ئەو لێدوان و روونکردنەوانە بە هەند وەربگرێت کە لە حکومەتی هەرێمەوە دەردەچن یان راستەوخۆ ئاراستەیان دەکرێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پابەندبوونی خۆی بە بنەما و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دووپات کرۆدتەوە و ئامادەیی گشت هاوکاری و هەماهەنگییەکە لەو رووەوە. پێویستە ئەو راپۆرتانە لەلایەن هیومان رایتس وۆچ و رێکخراوەکانی دیکەوە دەردەچن زیاتر بابەتی بن، چونکە بەشێک لە راپۆرتەکان بە ئاشکراو بە بێ بوونی بەڵگەی درووست بڵاودەکرێنەوە، هیوادارین هیومان رایتس وۆچ گۆڕانکاری ورد و قوڵ بە راپۆرتەکەیاندا بکەن بە جۆرێک کە زیاتر واقعی بێت و پشت بە بەڵگەی درووست و بابەتیانە ببەستێت.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.