Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 18:43

دیندار زێباری: قوربانیانی تاوانەکانی داعش بەبێ جیاوازی پێویستیان بە قەرەبوو کردنەوە هەیە

کوردستان TV
100%

ديندار زێباری: قوربانیانی تاوانەکانی داعش لە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەبێ جیاوازی پێویستیان بە قەرەبوو کردنەوە هەیە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش ئێزیدییەکان و گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە شنگال و دەشتی نەینەوا و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری هەرێم رووبەڕووی چەندین شێوازی پێشێلکاری بوونەوە لەوانە کۆمەڵکوژی، ئاوارەیی و دەربەدەر بوون، وێرانکردنی خانوو و ماڵ و رفاندن، هەروەها بەشێکی زۆری مەزارگە و شوێنە ئایینییەکانیشیان خاپور کران.

لە ئێستادا پرۆژە یاسایەک بەناوی یاسای (ئێزیدییە رزگاربووەکان) لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی گفتوگۆی لەسەر دەکرێ تایبەت بە چارەنووسی رفێندراوانی دەستی داعش و دووبارە شیاندنەوەیان، سەبارەت بەم پرۆژە یاسایە و هەوڵەکان بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی داعش، د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەحکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان وتی: حکومەتی هەرێم لەم رووەوە چەند تیمێکی دامەزراند لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر و دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە و چارەسەرکردن و لیژنەیەکی تایبەت بە دیکیۆمنت کردن و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەربارەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ رزگارگردنی رفێندراوان وتی: بە هەوڵەکانی ئەم لیژنەیەی کە حکومەتی هەرێم پێکیهێناوە بۆ رزگارکردنی رفێندراوان توانراوا تا رۆژی 1/7/2020 لەو رفێندراوانە (3530) کەسیان رزگارکراون لەوانە (1199) ئافرەت، (339) پیاو، (1041) منداڵ کچ و (951) منداڵ کوڕ و (2887)یان تا ئیستا رزگار نەکراون، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵە بەردەوامانەی حکومەتی هەرێم رفێندراوانی داعش پێویستییان بە هاوکاری هەمە لایەنە هەیە. سەبارەت بە بە دیکیۆمینت کردنی تاوانەکانیش وتی: بەپێی داتاکانی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان تا ئێستا (2600) کەیسی رفێندراوانی ئێزیدی، کریستیان، شەبەک و تورکمان تەواو بووە و زیاتر لە (3000) کەیسیش لە لێکۆڵینەوەدایە، لەرووی دەروونییەوە (1278) ئافرەت لە سەنتەری راوێژکاری پارێزگای دهۆک چارەسەر کراون.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە پرۆژە یاسای (ئێزیدییە رزگاربووەکان) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: قوربانیانی داعش لە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەبێ جیاوازی پێویستیان بە قەرەبوو کردنەوە هەیە لە زۆر رووەوە، بەپێی رووپێوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆربەی قوربانیان بە هیوای دووبارە گەڕانەوەن بۆ شوێنی خۆیان و دەستکەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان، و داوای قەرەبوو کردنەوەی ماددی و مەعنەوی دەکەن بەهۆی ئەو زیانانەی لەئەنجامی هێرشەکانی داعش بەریان کەوتووە.لەلایەکی دیکەوە شیاندنەوەی قوربانیان لە هەموو روویەکەوە بەتایبەتی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و دەروونی و پاڵپشتی یاسایی و پاراستنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و پاراستنی مافی گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان پێویستە لەبەرچاو بگیرێن. ئەوەشی روونکردەوە کە پێویستە ئەم یاسایە گشت قوربانیانی دەستی داعش بگرێتەوە لە پێکهاتە ئایینی و ئیتنییەکان لەرووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و قەرەبوو کردنەوە، هەروەها هانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بدرێت بۆ هێنانەدیی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان و میکانیزمێکی یاسایی دابنرێت بۆ رێکخستن و چارەسەرکردنی رەوشی ئەو منداڵانەی کە باوکیان داعش بووە و دووبارە شیاندنەوە و گێڕانەوەی ئەو منداڵانەی چەکدار کراون لەو ماوەیەدا و تیرۆریستان و گروپە چەکدارەکان بەکاریان هێناون بۆ ئەنجامدانی کردەوە سەربازییەکان. لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: پێویستە لە هەر یاسایەک کە بۆ قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی داعش دەربچێت گرنگی بە دان پێدانانی تاوانباران و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئاشکرا کردنی راستییەکان بدرێت بەتایبەتی ئەوانەی دەستیان لە رفاندنی ئێزیدییەکاندا هەبوو، هەروها داوای لێبوردن لە کەسوکاری قوربانیان بکرێت و هەوڵەکان خێراتر بکرێن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و گێڕانەوەی روفاتی قوربانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد). شایەنی باسە دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و چارەسەرکردن لە حکومەتی هەرێم (CIGE) رووپێوێکی مەیدانی ئەنجامداوە لەگەڵ ژمارەیەک لە رزگاربووانی دەستی داعش لە (١٤) کەمپی ئێزیدییە ئاوارەکان دەربارەی پرۆژە یاسای (ئێزیدییە رزگاربووەکان) کە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی گفتوگۆی لەسەر دەکرێ تایبەت بە چارەنووسی رفێندراوانی دەستی داعش و دووبارە شیاندنەوەیان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.