Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 07:35

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: عێراق لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار دایە

کوردستان TV
100%

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەڵکشانێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدار دایە، بەم زووانە ئه‌گه‌ری روودانی قەیرانێکی تەندروستی ترسناکی هه‌یه

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راگەیەندراوێکی نوێی لەسەر دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆرنا لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوە و هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان، عێراق لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار دایە و باشترین چارەسەریش بۆ ئەوەی لەناو کۆمەڵگادا تەشەنە نەکات خۆدوورگرتنە لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ و بەستنی دەمامک و دوورمەودایی کۆمەڵایەتی.

لە راگەیەندراوەکەیاندا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە داوە کە ژمارەی تووشبووان بە (COVID-19) لە هەڵکشانێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدار دایە کە بەم زووانە ئه‌گه‌ری روودانی قەیرانێکی تەندروستیی ترسناکیشی هه‌یه‌، بەڵام عێراقییەکان هێشتا دەتوانن بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵ بن بە مەرجێک بە وریایییەوە بە رێوشوێنە تەندروستییەکانەوە پابەندبن وەک خۆدوورگرتن لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ و بەستنی دەمامک و دوورمەودایی کۆمەڵایەتی کە بە باشترین شێواز دادەنرێن بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە بۆ ناو کۆمەڵگا لەسەر ئاستێکی فراواندا.

راشیانگەیاندووە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە بەم ئاستە مەترسیدارەی بووەتە مایەی ئیفلیجکردنی سیستەمی تەندروستی کە هەر خۆی پێشتریش بەهۆی ساڵانێکی زۆری شەڕەوە تووشی لاوازی ببوو.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەروەها راشیگەیاندووە مەترسیی دۆخەکە لە رێگەی شیکاری ژمارەکانی رۆژانە بەڕوونی دەردەکەوێت، دوای ١٧٥ رۆژ لە سەرهەڵدانی پەتاکە، بە پشت بەستن بە داتایەکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، تاوەکو ١٦ی ئاب، ژمارەی کەیسەکان گەیشتوونەتە ١٧٥ هەزار تووشبوو کە پێنج هەزار و ٨٠٠ کەیسیان گیانیان لەدەستداوە، لەلایەکی دیکەوە داتاکان بە روونی ئەوە نیشان دەدەن کە لەسەدا ٩٨ی کەیسەکان لەم سێ مانگەی دواییدا بوون، ٤٤ هەزار کەیسیش لە عێراق چالاکن کە نزیکەی لەسەدا ٩٠یان لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن و نۆ هەزاریشیان لە کارکەرانی بواری تەندروستین.

دەشڵێت چەندین ناوچەی عێراق ئێستا بەدەست تەشەنەکردنی ناو کۆمەڵگاوە دەناڵێنن، دۆخی مەترسیدار پێویستی بە رێکاری توندوتۆڵ هەیە، ئێستا بەهۆی نەبوونی ڤاکسین و دەرمانی پێویست، عێراق تەنها دەتوانێت لە رێگەی رێکارە خۆپارێزییەکانەوە شەڕی ئەم پەتایە بکات، یەکێک لە رێکارە هەرە گرنگەکان بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە خۆدوورگرتنە لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ وەک ئاهەنگی بووک گواستنەوە، چالاکییە وەرزشی و کولتوورییەکان، هەر بۆیە پێویستە خەڵک بەهیچ شێوەیەک تێکەڵاوی ئەو شوێنانە نەبن لە پێناو سەلامەتی خۆیان و خەڵکی تر، گردبوونەوەی بەکۆمەڵ ناویستانە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو، بەستنی دەمامک و دوورمەودایی و دەست شۆردنی بەردەوام دەتوانن بە رێژەی لەسەدا ٧٥ تووشبوون کەم بکەنەوە".

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەش داوە کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەدا کەرتی تەندروستیی عێراق لە دۆخێکی باشدا بووە و رایانگەیاندووە "سەرەڕای دۆخی خراپی سیستەمی تەندروستیش، خزمەت و فریاکەوتنەکانی کارکەرانی بواری تەندروستی بە تایبەت لە مانگە سەرەتایەکانی پەتاکەدا، مایەی دەستخۆشی و شانازی بوون، بەڵام بەداخەوە لەم مانگانەی دواییدا دۆخەکە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بەشلکردنەوەی رێکارە خۆپارێزییەکان و گوێ نەدانی خەڵک یان جێبەجێنەکردنیان بەشێوەیەکی زۆرەملێ، دۆخەکە بەرەو خراپتر چووه‌.

لە کۆتایشدا رایانگەیاندووە  ئەزموونی وڵاتان ئەوە نیشان دەدات کە دەتوانرێت پەتای کۆرۆنا کۆنترۆڵ بکرێت و بگرە بەرە بەرە لە ماوەی ٢-٣ مانگدا ئابووریش بخرێتەوە گەڕ ئەگەر وڵاتەکان گوێ لە ئامۆژگارییەکانی شارەزا بەتواناکانی بواری تەندروستی بگرن، بە دڵنیاییشەوە عێراق بە پابەندبوون و ویستی بۆ وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و هەوڵی پێکەوەییەوە، دەتوانێت بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵ بێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.