Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 05:19

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتۆن لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی سندووقی نێودەوڵەتی نەختینە کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە شوێنی مانەوەی لە واشنتۆن، چاوی کەوت بە بەڕێوەبەری گشتی سندووقی نێودەوڵەتی نەختینە، کریستالینا جۆرجیڤا و شاندی یاوەری.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی هەماهەنگی لەنێوان عێراق و سندووقی نێودەوڵەتی نەختینە کراوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، کازمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چاکسازیی خواستی کارکردنی لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتی نەختینە هەیە و بۆ ئەمەش رایگەیاند حکوومەتەکەی ئامادەیە بۆ لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی کارەکانی سندووقی نێودەوڵەتی نەختینە دەبنەوە لە عێراق.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ کریستالینا جۆرجیڤا تاوتوێی توانای ئەنجامدانی رێککەوتنی لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتی نەختینە کردووە بەمەبەستی پاڵپشتی لە ئابووری عێراق و کەمکردنەوەی قەبارەی پشت بەستن بە نەوت لە رێگەی بایەخدان بە کەرتەکانی دیکە بەجۆرێک کێبرکێ لەگەڵ کەرتی نەوتی بە شێوەیەک کە بتوانرێت لەو رێگەیەوە رێژەی بێکاری لە وڵات کەمبکاتەوە.

لەلای خۆیەوە، بەڕێوەبەری گشتی سندووقی نێودەوڵەتی نەختینە، کریستالینا جۆرجیڤا پیرۆزبایی لە مستەفا کازمی کردووە بەوەی توانیوویەتی بە ماوەیەکی کەم لەدوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق سەقامگیری لە عێراق دەستەبەر بکات.

کریستالینا جۆرجیڤا ستایشی ئەو هەنگاوانەی کردووە کە کازمی ناوییەتی لە پێناو چاکسازیی ئابووری وێڕای ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی وڵاتەکەی بووەتەوە لە سەروویانەوە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووری کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست بووە.

کریستالینا جۆرجیڤا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان بڕوایان بە هاوبەشیی لەگەڵ عێراق هەیە و بۆ ئەمەش باسی لە گرنگی وەستان لەگەڵ دامەزراوەکانی نێودەوڵەتی ئابووریی چ سندووقی نێودەوڵەتی نەختینە بێت یان بانکی نێودەوڵەتیی کردووە.

بەپێی راگەیەنراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڕێوەبەری گشتی سندووقی نێودەوڵەتی نەختینە ئاماژەی بە توانای شاندی عێراق کردووە و دووبارە ستایشی سەرکردایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و دڵنیایی خۆی نیشانداوە لە تواناکانی عێراق لە تێپەڕاندنی قەیرانە هەنووکەییەکان و هەنگاونان بەرەو ئابوورییەکی باشتر لە داهاتوودا.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.