Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 01:53

ترەمپ: کورد هاوکاری ئێمه‌ی کرد بۆ له‌ ناوبردنی داعش

کوردستان TV
#7
100%

ئێوارەی ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە كۆشكی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا كۆبووه‌وه‌.

ئێواره‌ی ئەمڕۆ پێنج شەممە 20-8-2020 به‌ كاتی كوردستان، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق له‌ كۆشكی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كۆبووه‌وه‌، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەبارەی هێرش و پەلامارەكانی توركیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا ڕایگەیاند: دەستوەردانی توركیا لە عێراقدا قبوڵ ناكرێت، چیتر رێگە بە ده‌ست تێوه‌ردانی ناوخۆی عێراق ناداین و گوتیشی: ئەم كارە مایەی قبوڵكردن نییە، عێراقیش نابێتە شوێنی ململانێ و هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ.

له‌ به‌رامبه‌ردا، دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ رۆژنامه‌نووسانی رایگه‌یاند: كورد هاوكاری ئێمه‌ی كرد بۆ له‌ ناوبردنی داعش، په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه‌.  

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمریکا و خۆشی بەتایبەت پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ سەرۆکی تورکیا هەیە و لە بارەی ئەو هێرشانەوە گفتوگۆ دەکەن تا دەگەنە چارەسەر.

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: سه‌باره‌ت به‌كشانه‌وه‌ی هێزەکانی ئه‌مریكا، تره‌مپ جه‌ختیكرده‌وه‌، هێزه‌كانیان له‌ عێراق له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ده‌كشێننه‌وه‌، ئێمه‌ چوار هه‌زار سه‌ربازمان له‌ ئه‌فغانستان ده‌هێڵینه‌وه‌ و له‌ چه‌ند مانگێكی دیكه‌دا سه‌رجه‌میان ده‌كشێننه‌وه‌، له‌ سوریاش چه‌ند هێزێكمان ماوه‌ بۆ پارێزگاری له‌كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كان ئه‌وه‌ش به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كورده‌كان.

ترەمپ گوتیشى: پەیوەندییەکى زۆر باشمان لەگەڵ عێراق هەیە، بەشدارین لە پرۆسەى دەرهێنانى نەوت، ئەوانیش دۆلارى سەوزى ئەمەریکى بەکاردەهێنن کە بەنرخترینە لەسەر ئاستى جیهان.

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: ژمارەیەكی زۆر كەم لە هێزەكانمان لەعێراق ماونەتەوە، كە ئەوانیش بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكان لەو وڵاتە ماونەتەوە.

ترەمپ گوتیشی: عیراق وڵاتێكی خاوەن سەروەرییە، بۆیە ڕێگە نادەین دەستدرێژی بكرێتەسەر و دەست لەكاروبارەكانی وەربدرێت.

هاوكات پشتیوانی وڵاتەكەشی بۆ پلانەكانی كازمی بۆ چاكسازیی لە ئابووری عیراقدا دەربڕی.

شایه‌نی باسه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ شاندێكی باڵای عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئەمریكایە‌و گەڕێكی دیكەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوانیان بەڕێوەدەچێت.

ئا: سامان زاهیر

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.