Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 23:29

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان: بە توندی ئیدانەی کوشتنی چالاکوانانی مەدەنی لە عێراق دەکەین

کوردستان TV
100%

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق  بە توندی ئیدانەی کوشتنی 2  چالاکوان لە بەسرە دەکات 

 جێنین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا لەبارەی کوشنی چالاکوانێکی مەدەنی لە پارێزگای بەسڕە باشووری عێراق رایگەیاند،  کوشتنی دکتۆرە ریهام یەعقوب شەوی رابردوو و هەروەها تەحسین ئوسامە هەفتەیەک لەمەوبەر مایەی هەڕەشەی مەترسیدارن بۆ ئارامی و سەقامگیری لە بەسڕە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووه‌ ، خەڵکی بەسڕە هەرگیز شایستەی ئەم جۆرە کەشەی ترس و هەڕەشە و تۆقاندن نین ، هەربۆیە کاری بەپەلەی زیاتر لەلایەن حکوومەتەوە زۆر پێویستە. یاسا پێویستە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردن و دواتریش پەلکێشکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا لەپێناو کۆتاییهێنان بەم کەشە توندوتیژییە.

جێنین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات لەڕاستیدا، کوشتنی  ئوسامە لە 14ی ئەم مانگەدا بووە مایەی زیاتر چڕبوونەوەی راپەڕینەکان لە بەسڕە کە داوای لێپێچینەوەیان لەو کوشتنە دەکرد.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاشکرای کردووە کە نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی یونامی چەند راپۆرتێکی متمانەداری بەدەست گەیشتووە کە باس لە دوو هەوڵی دیکەی کوشتن دەکەن لە 17ی ئەم مانگەدا کاتێک چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە کە سێ چالاکوانی تێدا بووە، کە دووانیان ژن بوون، و لە ئەنجامیشدا دوانیان بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کران. لەلایەکی دیکەوە، چەند چەکدارێکی دیکەی نەناسراو تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە کە چالاکوانێک لێی دەخوڕی بەڵام ئامانجەکەی نەپێکاوە.

جێنین هێنیس-پلاسخارت وێڕای دەستخۆشیکردنی لە هەنگاوە ئەرێنییەکانی حکوومەت لە وەڵامدانەوەی ئەم رووداوانە داوای کاری زیاتر دەکات بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و سەقامگیری و لێپێچینەوە.


 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.