دكتۆر صالح عومەر مامۆستای زانكۆ لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژەڤی كوردستان تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق لەو قۆناغەدا بەتایبەتی ئەو سەردانە 4 رۆژییەی شاندنی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا ، رایگەیاند كە ئەو كۆبوونەوەیە چاوەڕوان كراو بوو بۆ ئەوەی ستراتیژیەتی ئەمەریكا لە عێراق روون و ئاشكرا بێت لەو قۆناغەی ئێستا ، لە هەمان كات رۆڵی هەر یەك لە ئێران و ئەمەریكا لە عێراق دیاری بكرێت ، ئەویش لە رێگەی دانوستانێكی نێوان ئەمەریكا و عێراق ، دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی بەر لەو سەردانەدا سەردانی ئێرانی كرد .
هەروەها پرسی هەڵبژاردنی ئەمەریكا لەو چەند مانگەی داهاتوودا گرنگە كە بزانرێت ئەمەریكا دەتوانێت چی بكات لە عێراق .
روونیشیكردەوە كە كازمی ناتوانێت رۆلی میلیشیات بە تەواوی نەهێلێت ، بەڵام ئەگەر بتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات و سەركەوتن بە دەست بهێنێت ئەوا هەوڵ دەدات هاوسەنگێك دروست بكات لە نێوان ئێران و ئەمەریكا و یارییەك بكات كە هەردوو لا رازی بكات .
سەبارەت بە رۆڵی كازمی دكتۆر صالح عومەر رایگەیاند كە ئاشكرایە هاتنی كازمی بۆ وەرگرتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق پشتیوانی ئەمەریكا و ئێرانی بە دەستهێنا ، ئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی دەگوزەرێت هەر یەك لە ئەمەریكا و ئێران هەوڵی پاراستنی سیاسەتی خۆی دەكات و بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە عێراق دەپارێزن .
عێراق ناوچەیەك نییە ، ئێران وا ببینێت دەتوانێت تەواو كۆنترۆڵی بكات ، هەروەها ئەمەریكا ئەو توانایەی نییە بتوانێت تەواو عێراق بخاتە ژێر ركێڤی خۆی .
بۆیە دەتوانیین بڵێین ركابەرایەتی نێوان ئەمەریكا و ئێران هەرچەند بێت بەڵام بەرژەوەندییەكانیان زیاترن بەتایبەتی لە گۆرەپانی سیاسی عێراقدا .
ئێران دراوسێیەكی گرنگە بۆ عێراق ، لە لایەن شیعەو كوردەوە . تەنها عەرەبی سوننە ، پەیوەندییەكی باشی لە گەڵ ئێران نییە .
بەڵام ئەو پەیوەندییە مانای ئەوە نییە بكەوینە ژێر هەژموونی ئەو وڵاتەوە .
هەروەها ئەمەریكاش بۆ عێراق گرنگە ، ئەگەر ئەمەریكا نەبوایە شیعە نەیاندەتوانی حوكمی عێراق بكەن .
كازمی تەنها لەو ماوەیە دەتوانێت پرسی بودجەو یاسای نەوت و گاز باسی لێوە بكرێت ، بەڵام ماددەی 140 و پرسی دیكە ناتوانێت لەو ماوەیە یەكلایی بكاتەوە
بەڵام لە ئایندە هەرێمی كوردستان دوای هەڵبژاردن مادەی 140 كاری لە سەر بكرێت لە گەڵ یاسای نەوت و گاز و مەسەلەی پێشمەرگە ، ئەوانە یەكلایی بكرێنەوە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.