قوباد تاڵەبانی جێگری سهرۆك وهزیرانى ههرێمی كوردستان رایدهگهێنێت: پڕۆژەی گەشتیاری دوكان ژمارەیەکی زۆر لە هەلی کار دەڕەخسێنێت و دەبێتە ھۆی گەشەكردنی کەرتی گەشتوگوزار و دواتر فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهاتی داراییمان.
بهپێی راگهیاندراوێكى سهرۆكایهتى حكومهتى ههرێمی كوردستان پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە ٢٠٢٠/٨/٢٣ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی گەشتیاری دوكان-ی کرد، کە پڕۆژەیەکی گەشتیاری ستراتیجییە و دەكەوێتە قەزای دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
لە کۆبوونەوەکەدا، كە فاروقی مەلا مستەفا خاوەنی کۆمپانیاکانی فاروق گروپ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەشداربوون، گفتووگۆ كرا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێکردنی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەماوەی داهاتوودا دەستبکرێت بە جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژە ستراتیجییە نیشتمانییە.
راشیدهگهیهنن ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە گرنگی ئەو پڕۆژە ستراتیجییە کرد کە هەر لە قۆناغەکانی سەرەتایی دەستپێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هەلی کار دەڕەخسێنێت و دواتر دەبێتە هۆکاری جموجوڵێکی بازرگانی گەورە لە هەرێمی کوردستان بەگشتی، جگە لەوەش دیمەنێکی گەشتیاری جوان دەبەخشێتە دەڤەرەکە کە ئەمەش ئەچێتە خانەی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ گەشەپێکردنی کەرتی گەشتو گوزار و دواتر فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهاتی داراییمان.
وتیشی " ئێمە لە حكومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە گرنگە سەرپێبخەین کە لەلایەک سوودی راستەوخۆی بۆ هاوڵاتییان دەبێت و لەلایەکی تریش دەبێتە ئامرازێک بۆ گەشەکردن و پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان".
لای خۆیەوە خاوەنی کۆمپانیاکانی فاروق گروپ ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستپێکردنی پێدانی قەرەبووی دارایی بەو ھاوڵاتییانەی کە زەویەکانییان دەکەوونە چوارچیوەی پلان و سنوری زەوی پڕۆژەکە و دواتریش دەستبکرێت بە پڕۆژەکە.
ھەروەھا بڕیاردرا کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت بۆ ئەوەی ئاسانکاری زیاتر بکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغەکانی ئامادەکاری دەستپێکردنی پڕۆژەکە بکەوونە سەرپێ.
دواتر بۆ دەستپێكردنی ئەم پڕۆژەیە حكومەتی ھەرێم و گروپی كۆمپانیاكانی فاروق، بەھاوبەشی، كۆمپانیایەكی جێبەجێكار پێكدھێنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.