Erbil 38°C یەکشەممە 26 کانوونی دووەم 00:03

لیژنه‌ی قایمقامیه‌ت: گۆشتی سه‌رشه‌قامه‌کان شیاوی خواردن نیین و شوێنه‌کانیان لاده‌برێن

کوردستان TV
100%


سه‌رۆكی لیژنه‌ی دوی قائیمقامیه‌ت رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و گۆشته‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌فرۆشرێت شیاوی خواردن نییه‌ و هۆشیاری به‌ دوكانی گۆشت فرۆشه‌كان له‌ هه‌بونی گۆشتی بێمۆر و قیمه‌كراو ده‌د‌ات ده‌ڵێت: شوێنه‌كه‌ روبه‌ڕوی داخستن ده‌كرێته‌وه‌.

بێوه‌ی ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دوی سه‌ر به‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هۆی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی و فرۆشتنی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، لیژنه‌كه‌ له‌ناوچه‌ی تانجه‌رۆی‌ شاری سلێمانی به‌هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش سلێمانی ده‌ستی به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراودا گرتوه‌.

وتیشی: ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له‌ كۆڵان و شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پشكنین بۆ ئاژه‌ڵه‌كه‌ نه‌كراوه‌، شوێنی سه‌ربڕین و فرۆشتن گۆشته‌كه‌ش مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری تێدا نییه‌، بۆیه‌ شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نییه‌.

رونیكرده‌وه‌: ئه‌و كوشتارگانه‌ی له‌لایه‌ن دكتۆر و كه‌سانی شاره‌زای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانییه‌وه‌‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، پێش سه‌ربڕین و دوای سه‌ربڕین، پشكنین بۆ ئاژه‌ڵه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن تا بزانرێت ئاژه‌ڵه‌كه‌ بۆ سه‌ربڕین شیاوه‌، دواتریش بۆ دڵنیابونه‌وه‌ له‌ ته‌ندروستی گۆشته‌كه‌ بۆ خواردن، پشكنینێكی دیكه‌ بۆ گۆشته‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌ پاشان مۆر ده‌كرێت.

راشیگه‌یاند: لیژنه‌كه‌ له‌ دوكانێكی گۆشتفرۆرشتن ده‌ستی به‌سه‌ر بڕێك گۆشتی به‌ستودا گرتوه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نرخی گۆشتی فرێش به‌هاوڵاتیانی فرۆشتوه‌، هه‌ر دوكانێكی گۆشتفرۆشتن گۆشتی به‌ستو، گۆشتی بێمۆر یان قیمه‌ی ئاماده‌كراو بفرۆشێت شوێنه‌كه‌ی داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ كه‌ هاوكات نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانییه‌‌، داوا له‌ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌كات: بۆ پاراستنی ته‌ندروستی خۆیان و خێزانه‌كانیان ئه‌و جۆره‌ گۆشته‌ مه‌كڕن له‌ شه‌قام و كۆڵانه‌كان به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری سه‌رده‌بڕرێن و ده‌فرۆشرێن، له‌كاتی هه‌بونیدا لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد: به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ئاژه‌ڵه‌ سه‌بڕدراوه‌كان ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی كراون بۆ له‌ناوبردن و ته‌واوی ئه‌و پێداویستیانه‌ی له‌و پیشه‌دا به‌كارهێنراون له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ له‌ناوده‌برێت.

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.