رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حكومهتى ههرێمی كوردستان رایدهگهێنێت بۆ رێگریکردن لە "توندوتیژی و گێرەشێوێنی" نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی داخراون.
راشیدهگهێنێت رۆژی 9 ی مانگی ئەیلولی داهاتوو ئێن ئاڕ تی دادگایی دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە23 ى 8 ى 2020 دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کە وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر داوای داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر ئێن ئاڕ تی تۆمارکردووە و ڕۆژی ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٠ دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە.
دهشڵێت لە هەرێمی کوردستان کاری رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین بە یاسا رێکخراوە، بەم پێیەش میدیاکان بە ئازادی کارەکانی خۆیان ئەنجامدەدەن، بەڵام هەندێک لەو کەناڵانە بە سوودوەرگرتن لەو ئازادییە و بە هاوکاری و هاندانی کەسانێک دەیانەوێت ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم و بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگا ناشیرین بکەن.
د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان رایدهگهێنێت ، ماوەیەکە بە سوودوەرگرتن لە ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان چەند کەس و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بە هەموو شێوەیەک دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستان ڕەفتار دەکەن بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی، تەنانەت ڕێزیان بۆ پیرۆزییەکانیش نەهێشتووەتەوە، لەوانەش کەناڵی NRT و شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی ئەم کەناڵە. ئەوەیشی ڕاگەیاند کە شاسوار عەبدولواحید لە ڕێگای ئەم کەناڵەوە لە پرسە چارەنوسسازەکانی کوردیشدا وەک پرۆسەی ڕیفراندۆم دژی ویستەکانی گەلی کورد وەستایەوە و لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان کەمپینی دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕێک خستبوو. لە لایەکی ترەوە، لە گەرمەی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوون، کەناڵەکەی هانی خەڵکی دەدا بۆ نانەوەی ئاژاوە بە بیانووی دواکەوتنی مووچەوە.
ئاماژه بهوهش دهكات كه چەندین جار دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار و داخستنی کەناڵەکەی دەرکردووە، لەوانە بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لە لایەکی دیکەوە، داواکارى گشتى لە مانگی شەشی ئەمساڵدا داوای ئەوەی کردبوو لەبەر بەرژەوەندیى هاووڵاتیان و هێورکردنەوەى بارودۆخى ناوخۆى هەرێم و سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە پێویستى دەزانن کەناڵەکانى ئێن ئاڕ تى کوردى و عەرەبى بە یەکجاری دابخرێن. هەروەها پێشتریش بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسا و ڕێنماییەکان کەناڵەکە بۆ ماوەی کاتی داخرابوو.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكومهتى ههرێمی كوردستان ئهوهش دهخاته ڕوو كه کەناڵیNRT بە بەردەوامی بە ئاقارێکی زوور خراپدا ڕۆیشتووە لە هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و گومان دروستکردن لەسەر بوونی نەخۆشیی کۆرۆنا دوور لە یاسا و پێچەوانەى ماددەی سێیەم، بڕگەى سێیەمە لە ڕێنماییی ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان (رێنماییی مۆڵەتی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ). وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەرێوەبەرایەتیی گشتی و ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بەشی یاسا لە ٣/٦/٢٠٢٠ کەنالی ناوبراوی ئاگادار کردووەتەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوازە لە ڕاگەیاندن پێویستە ڕابگیرێت و ڕەچاوی بارۆدوخی هەرێمی کوردستان بکرێت بەپێچەوانەوە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناچارن ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کەناڵی ئاسمانی NRT بگرنەبەر. بۆ ئەم مەبەستە لەم دواییەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر داوای داواکاری گشتی سکاڵای تۆمار کردووە لە دادگا و ڕۆژی ٩/٩/٢٠٢٠ دیاری کراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکە.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگهیاند بەپێی یاسای ڕۆژنامهنووسی ژماره (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧)، لەم یاسایەدا گشت ئەرك و مافەكانی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دیاری كراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە ئازادییەكان و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەدات لە هەر ئاستێكدا بێت، بەتایبەتی لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا، بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێ پیشەی ڕۆژنامەنووسی ببێتە هۆكارێك بۆ بەزاندنی ئازادیی كەسانی تر و هۆكارێك بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.