سۆسیۆلۆژیای مه‌عریفه
له باره‌ی (عه‌لی وه‌ردی) یه‌وه (1-2)
ناوی (عه‌لی حوسێن عه‌بدولجه‌لیل ئه‌لوه‌ردی) یه، له ساڵی (1913) له ناوچه‌ی (شه‌واكه)ی سه‌ر به (كازمییه)ی شاری به‌غدا له دایك بووه، كازمیه به‌وه ده‌ناسرێت كه شوێنێكی پیرۆزه و مه‌زاری ئاینی و پیاوچاكانی تێدایه، له‌لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه شوێنكی بازرگانی بووه و بازاڕێكی تاڕاده‌یه‌ك گه‌وره‌ی تێدابووه.
ئه‌و ته‌نها منداڵی باوانی بووه، (9) خوشك و براكانی كه‌مێك پێش ئه‌وه‌ی له دایك بن، گیانیان له ده‌ستداوه و نه‌هاتوونه‌ته دنیا، ئه‌مه‌ش به سروشتی خۆی وایكردووه ناوبراو له لای باوانییه‌وه خۆشه‌ویست بێت.
ئه‌و نه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی به‌ناوبانگه، كه زۆر گرنگیان به بواری زانست و ئه‌ده‌ب و شیعر و پیشه داوه. ناوبانگی وه‌ردی وه‌رگرتووه له‌به‌ر ئه‌و پیشه‌یه‌ی كه باپیره گه‌وره‌ی كردوویه‌تی، ئه‌ویش (دڵۆپاندنی ئاوی گوڵ) بوو.
له‌راستیدا دوو بۆچوون هه‌یه له‌باره‌ی كاروباری باوكی وه‌ردی، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه هه‌ر یه‌كه له (د. ابرهیم الحیدری) و (عبدالوهاب الحمادی) جه‌ختی لێده‌كه‌ن و ده‌ڵێن باوكی وه‌ردی كاری زێرنگری كردووه. ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان كه زۆرتر باوه ئه‌وه‌یه كه باوكی وه‌ردی عه‌تار (به‌هارات فرۆش) بووه. راستییه‌كه‌ی پێموانییه ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م راست بێت، چونكه هه‌روه‌كو دواتریش روونیده‌كه‌ینه‌وه باوكی وه‌ردی له‌به‌ر هه‌ژاری كوڕه‌كه‌ی له قوتابخانه ده‌رهێناوه، باشه ئه‌ی چۆن زێڕنگر بووه؟ چونكه وا له‌باره‌ی زێرنگره‌وه زانراوه كه خه‌ڵكانی سه‌ر به‌چینی كۆمه‌ڵایه‌تی پاره‌دار و ده‌ست رۆیشتوون، پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن زێرنگر له‌به‌ر هه‌ژاری كوڕی خۆی له قوتابخانه ده‌رهێناوه و له خوێندن بێبه‌شی كردووه؟ بۆیه پێموایه باوكی عه‌تار بووه نه‌ك زێڕنگر.
دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی (1921) فه‌یسه‌ڵ بووه‌ته مه‌لیك له عێراق، وه‌ردی چووه‌ته قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، ئه‌مه‌ش شتێكی ده‌گمه‌ن بوو به‌وه‌ی منداڵێك له‌و گه‌ڕه‌كه هه‌ژارنشینه‌دا بچێته قوتابخانه، قوتابخانه‌كان له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا ته‌نها تا پۆلی (4) سه‌ره‌تایی خوێندنیان تێدابوو. وه‌ردی ده‌لێت "خه‌ڵك به قوتابخانه‌ی نوێیان ده‌وت (المكتب) و به‌قوتابیشیان ده‌وت (المكتبلیه)، له راستیدا له‌و كاته‌دا قوتابخانه بۆ منداڵی (الافندیه)، واتا فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت مۆنۆپۆلكراوه"، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌فه‌ندییه‌كان كه‌سانی بێزراوبوون و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان لاوازبوو و خه‌ڵك خۆشی نه‌ده‌ویستن، بۆیه هه‌ندێك وایاندانا كه چوونه قوتابخانه رۆیشتنه به‌ره‌و لادانی جنسی، ئه‌مه‌ش وای له باوكی كرد له قوتابخانه ده‌ریبهێنێت و بیباته یه‌كێك له عوجره‌كان، له‌وێدا وه‌ردی فێری بنه‌ماكانی خوێندنه‌وه و نووسین و ژماردن بوو، هه‌روه‌ها قورئانی خه‌تم كرد.
دوای ئه‌مه باوكی جارێكی دیكه بردییه‌وه قوتابخانه و له پۆلی (2)ی سه‌ره‌تایی وه‌رگیراو، ئه‌و هه‌ر (4) ساڵ خوێندنی ته‌واو كرد، به‌ڵام دواتر له ساڵی (1924) باوكی له‌به‌ر هه‌ژاری له قوتابخانه ده‌ریهێنا و نه‌یهێشت به‌رده‌وام بێت و پێی وتووه "كوڕی خۆم.. قوتابخانه نانمان نادات"، بۆیه دووباره گه‌ڕایه‌وه كاركردن له‌گه‌ڵ باوكی له دووكانی عه‌تاری، له‌به‌رئه‌وه‌ی بازاڕیان باش نه‌بوو و كاره‌كه‌یان زۆر به‌سوود نه‌بوو، وه‌ردی وه‌كو كرێكار له‌لای عه‌تارێك به (5) روپیه له ماوه‌ی (2) ساڵ كاری كرد. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرجار وه‌ستا عه‌تاره‌كه‌ی دووكانه‌كه‌ی جێده‌هێشت، دیسان له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ردی زۆر حه‌زی له خوێندنه‌وه‌ی كتێب ده‌كرد، ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی و ئامۆژگارییه‌كانی وه‌ستاكه‌ی و كڕیاره‌كانیش تاڕاده‌یه‌ك فه‌رامۆش بكات، به‌مه‌ش له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی ده‌ركرا. ئه‌ویش له به‌رامبه‌ر ده‌ركردنیدا نه‌ك هه‌ر خه‌فه‌تبار نه‌بوو، به‌ڵكو زۆریشی پێخۆش بوو، چونكه كاركردن ئاره‌زووی ئه‌و نه‌بوو، به‌ڵكو له سه‌ری سه‌پێنرابوو، هه‌ربۆیه دوای ده‌ركردنی وتی "وه‌ستاكه‌م به خراپترین شێوه ده‌ریكرم، سوپاسی خوا ده‌كه‌م، چونكه دوای ئه‌وه توانیم كاتی خۆم بۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه خۆشه‌ویسته‌كه‌م ته‌رخان بكه‌م".
ئه‌و ماوه‌ی كاركردنی له دووكانی عه‌تاری به ناخۆشترین و قورسترین ماوه‌ی ژیانی داده‌نێت، چونكه ده‌بوایه له خۆرهه‌ڵاته‌وه تاوه‌كو خۆرئاوابوون به‌بێ پسانه‌وه كاربكات.
وه‌ردی تاڕاده‌یه‌كی زۆر هۆگری خوێندنه‌وه بوو، وایلێهاتبوو به‌بێ كتێب هه‌ڵنه‌كات و به‌رده‌وام سه‌ردانی بازاڕكانی كتێبفرۆشی له (موته‌نه‌بی) و (بازاڕی سه‌ڕای) بكات، له‌وكاته‌دا كۆنترین كتێبفرۆشی شاری به‌غدا (حسین الحلفی) ناسی، و كتێبی بواره‌كانی ده‌روونناسی و كۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فه و كتێبی ئه‌ده‌بی به نرخی گونجاو لێده‌كڕی، تاوه‌كو سه‌ره‌تای ده‌ستكردن به نوسین و بڵاوكردنه‌وه له ساڵی (1930).
له ئۆكتۆبه‌ری (1932) وه‌ردی چووه‌ته قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی كه‌رخ له به‌غدا، ئه‌و قوتابییه‌كی زۆر زیره‌ك و چاوكراوه بوو، گرنگی زۆری به‌خوێندن ده‌دا،بۆیه له‌سه‌ر ئاستی شاری به‌غدا به‌پله‌ی یه‌كه‌م ده‌رچوو، به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه یارمه‌تییه‌كی مانگانه‌ی به بڕی دینارێك و نیو دیناری له وه‌زاره‌تی مه‌عاریف (په‌روه‌رده) وه‌رگرت، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌م یارمه‌تییه‌ی له‌سه‌ر بڕا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی فیتنه‌ی فه‌رمانبه‌رێكی گه‌وره كه ئه‌و یارمه‌تییه‌ی گواسته‌وه بۆ خزمێكی خۆی. له‌م باره‌یه‌وه وه‌ردی وتوویه‌تی "فه‌رمانبه‌ره گه‌وره‌كه زاڵم و له‌ئیم بوو، به‌ڵام له روانگه‌ی سوودمه‌نده‌كان و خزمه نزیكه‌كانی دادپه‌روه‌ر و میهربان بوو".
دواتر وه‌ردی چووه دواناوه‌ندی مه‌ركه‌زی له به‌غدا، بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی وه‌رگرت وه‌رگرت له ساڵی (1936).
دوای ده‌رچوونی له خوێندنی ئاماده‌یی (2) ساڵ وه‌كو مامۆستا كاری كرد، ئینجا به‌هۆی توانا و لێهاتووییه‌وه ساڵی (1943) حكومه‌تی عێراقی له‌سه‌ر حیسابی خۆی، ناردیه وڵاتی لوبنان بۆ خوێندن له زانكۆی ئه‌مریكی له به‌یروتی پایته‌خت، له‌وێدا خوێندنی ته‌واوكرد و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی به‌پله‌ی شه‌ره‌ف وه‌رگرت. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا له كتێبی (علی الوردی یدافع عن نفسه) باس له‌و كه‌سانه ده‌كات كه له ژیاندا چاكه‌ی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ كردووه، تیایدا ئاماژه به (وه‌ستا عه‌تاره‌كه‌ی) و (ئه‌نوره پاشا) و (مه‌لیك فه‌یسڵ) ده‌كات، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی دوایی كه رووی به‌ره‌و شارستانییه‌تی نوێ كرده‌وه و بووه هۆی ئه‌وه‌ی وه‌ردی له‌پێناو ته‌واوكردن خوێندنی باڵا‌و پسپۆڕی وه‌رگرتن سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكات.
دیسان حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر حیسابی خۆی ناردیه ئه‌مریكا، له‌وێدا له زانكۆی تكساس له ساڵی (1948) بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و له ساڵی (1950) بڕوانامه‌ی دكتۆرای به‌ده‌ستهێناوه، كه تێزی دكتۆراكه‌ی له‌سه‌ر (تیۆری كۆمه‌ڵایه‌تی ئیبن خه‌لدون) بووه. دوای ئه‌وه‌ی به پله‌ی نایاب بڕوانامه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا حاكمی (تكساس) رێزی لێگرت، هه‌روه‌ها له كاتی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی دكتۆرا سه‌رۆكی زانكۆی تكساس پێیگووتوه (ئه‌ی دكتۆر وه‌ردی تۆ له ئاینده‌ی كۆمه‌ڵناسیدا ده‌بیته یه‌كه‌م كه‌س)، پاشان دواتر گه‌ڕایه‌وه بۆ عێراق و له به‌شی كۆمه‌ڵناسی زانكۆ به‌غدا كاری كرد. له ساڵی (1953) بووه‌ته مامۆستای یارمه‌تیده‌ر، ئینجا بۆته مامۆستا.
وه‌ردی له ئه‌ركی وانه‌وتنه‌وه به‌رده‌وام بوو، پله‌به پله سه‌ركه‌وت، تاوه‌كو نازناوی (مامۆستای مومارسكار)ی پێبه‌خشرا له زانكۆی به‌غدا. ئه‌م پله‌یه‌ش ته‌نها به‌و كه‌سانه ده‌درێت كه تاك و ته‌نهان له پسپۆڕه‌كه‌یان و ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی زۆر خزمه‌تیان له‌و بواره كردووه. له ساڵی (1970) له وانه‌وتنه‌وه خانه‌نشین كرا، له‌وكاته‌وه خۆی بۆ نووسین و وانه وتنه‌وه له دامه‌زراوه زانستییه‌كانی زانكۆ عێراقی و عه‌ره‌بییه‌كان ته‌رخانكرد.
وه‌ردی ژیانی پڕبووه له ناخۆشی و نه‌هامه‌تی، چونكه به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان قه‌ت گوێی به به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی نه‌داوه و ئاماده‌ش نه‌بووه سازش له سه‌ر زانست و كاری زانستی بكات له به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتی ماددی، ئه‌و به بابه‌تیبوون ناوبانگی ده‌ركردوه، هیچ ئیعتبارێكی له‌سه‌رووی ئیعتباری زانستی‌بوون و بابه‌تیبوون دانه‌ده‌نا، هه‌ر بۆیه به پێشه‌نگی كۆمه‌ڵناسان له عێراق داده‌نرێت، له‌و كه‌سه ده‌گمه‌نانه‌ش داده‌نرێت كه گرنگی زۆری به توێژینه‌وه‌كردنی كۆمه‌ڵگای عێراقی داوه.
وه‌ردی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه پڕۆستاتی هه‌بوو، پێش مردنی بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری چووه‌ته وڵاتی ئوردن، له‌وێدا له‌یه‌كێك له ژووره‌كانی هۆتێلێكی هه‌ژارنشینه‌كان نیشته‌جێ بووه، به‌ڵام كاتێك (مه‌لیك حوسین) ئه‌وه‌ی پێزانیووه، بڕیاریداوه یه‌كسه‌ر بگوازرێته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی (ا‌لحسین العسكری) له عه‌ممان، له‌وێدا نه‌شته‌رگه‌ری جه‌راحی بۆ كراوه، دوای ئه‌وه‌ی (3) مانگ له عه‌ممان مایه‌وه، دواتر گه‌ڕایه‌وه به‌غدا و له‌وێدا به‌هێمنی له (13)ی ته‌مووزی (1995) كۆچی دوایی كرد، له مه‌راسیمی ناشتنیدا سه‌دان له هاووڵاتیان و خوێنده‌واران و خۆشه‌ویستانی ئاماده‌بوون. ماوه‌ته‌وه بڵێین كه وه‌ردی باوكی (3)كوڕ و كچێك بووه.
ره‌خنه ئایدیۆلۆژیستی و سیاسییه‌كان له وه‌ردی
وه‌ردی كۆمه‌ڵناس به سێ تیۆره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كاریگه‌ر بوو، ئه‌وانیش (دووفاقیه‌تی كه‌سایه‌تی)ی زانای كۆمه‌ڵناسی (مكیڤر)، و (دواكه‌وتنی كولتووری)ی كۆمه‌ڵناسی ئه‌مریكی (ولیه‌م ئۆكبرن)، هه‌روه‌ها (ململانێی ده‌شته‌كی و شارنشینی) كه زانا (ئیبن خه‌لدون) دایڕشتوه.
له ژێر رۆشنایی ئه‌و سێ تیۆره و به وردبوونه‌وه له رووداو و دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراقی كاره زانستییه‌كانی خۆی ئه‌نجامداوه، واتا بابه‌ت و ته‌رحه زانستییه‌كانی خۆی كردووه.
وه‌ردی به‌وه ده‌ناسرێت كه ئازاد و بوێره له نمایشكردنی هزر و ته‌رحه‌كانی له كتێب و لێكچه‌ره‌كانی، ئه‌و به بارگاویبوونی به میتۆده‌كانی ئیبن خه‌لدون و به بابه‌تیبوونی له لێكۆڵینه‌وكانی، واتا لایه‌نگیری نه‌كردن بۆ كۆمه‌ڵگای عێراقی تیشكی خسته سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگای عێراقی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی له واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. له‌مه‌شدا به‌شێوه‌یه‌ك باسی كه‌سایه‌تی تاكی عێراقی ده‌كات وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی دووفاق به تایبه‌تی له كتێبی (كه‌سایه‌تی تاكی عێراقی)، ئه‌مه‌ش شوێنی ره‌خنه لێگرتن و سه‌رزه‌نشتكردنی وه‌ردی بوو، له‌لایه‌ن عه‌ره‌به ئایدۆلۆژیسته‌كان، به‌وپێیه‌ی له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه كه‌سایه‌تی تاكی عه‌ره‌بی له‌یه‌ك ده‌چێت، وه‌ردیش كه‌سایه‌تی تاكی عێراقی به دووفاق و ئیزدیواج وه‌سف ده‌كات، ئه‌وه‌ش سیفه‌تێكی بێزراوه.
هه‌روه‌ها وه‌ردی له‌لایه‌ن ماركسیسته‌كانیشه‌وه تووشی ره‌خنه و سه‌رزه‌نشكردن بووه‌وه، به‌هۆی نه‌گرتنه‌به‌ری میتۆدی ماتریالیزمی مێژوویی له توێژینه‌وه‌كانی.
به‌عسییه‌كان هه‌وڵیاندا فه‌رامۆش و هه‌ژاری بكه‌ن له‌لایه‌نی ماددییه‌وه، چونكه وه‌ردی له وتنی راستییه‌كان له كۆمه‌ڵگا سڵی نه‌ده‌كرده‌وه، ئه‌و به‌راشكاوانه هۆكاری راسته‌قینه‌ی دروستبوونی كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی دزێوی كۆمه‌ڵگای ده‌خسته به‌رباس، ئه‌وانیش (به‌عسییه‌كان) ئه‌مه‌یان به مه‌ترسیدار ده‌زانی، بۆیه ره‌فتاری ناته‌ندروست و نێگه‌تیڤیان له به‌رامبه‌ر ده‌نواند.
جگه له‌مانه له ساڵ (1968) به‌وه تۆمه‌تباركرا كه په‌یوه‌ندی به لایه‌نێكی سیاسی دیاریكراو هه‌یه، و بیرۆكه‌كانی مه‌ترسیدارن و سه‌رئێشه دروست ده‌كه‌ن، بۆیه داوای لێكرا زانكۆ جێبهێلێت و په‌رتوكه‌كانی له بازاڕ و له چاپكردن قه‌ده‌غه‌كرا.
وه‌ردی به‌وه تۆمه‌تباركراوه كه لایه‌نگر یاخود هه‌واداری عه‌بدولكه‌ریم قاسم بووه، دیسان به‌وه‌ش تاوانبار كراوه كه بۆ شیعه‌كان مه‌یلی یا لایه‌نگری تائیفی هه‌یه و دژی سوننه‌كان نوسیوییه‌تی.
ره‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له وه‌ردی
عه‌لی وه‌ردی له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گرانه‌وه به‌رده‌وام به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرا كه دژی ئاراسته و بیركردنه‌وه‌ی باوه، واتا دژی مه‌ئلوفه، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌وه، دیاره بنه‌مای ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ش به پله‌ی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ناوبراو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتووی بینیوه، كه ئه‌ویش كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكییه. ئه‌مه‌ش تێڕوانینێك و دیدگایه‌كی پێبه‌خشیوه، زۆر جیاوازه له تێڕوانینی هه‌ر تاكێكی عێراقی بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌ی. به‌واتایه‌كی دیكه بیرباوه‌ڕ ولێكدانه‌وه و پێوانی وه‌ردی بۆ ژیان و دیارده‌كانی، زۆر جیاوازه له بیروباوه‌ڕ و لێكدانه‌وه و پێوانی تاكه‌كانی دیكه كۆمه‌ڵگای عێراقی، ئه‌و كاتێك بۆچوونی خۆی ده‌ڵێت، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه جیاوازه له بۆچوونی زۆربه‌ی تاكه‌كانی دیكه (كه زۆربه‌یان هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه یان زۆر له یه‌كتر نزیكن)، ئه‌وكاته بۆچوونه‌كه‌ی وا لێكده‌درێته‌وه كه دژی ئاراسته و بیركردنه‌وه‌ی باوه، واتا دژی مه‌ئلوفه. به‌ڵام وه‌ردی به‌هیچ جۆرێك گوێ به‌و ره‌خنانه نادات، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی (حمید المگبعی) له په‌رتوكی (علی الوردی یدافع عن نفسه) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، وه‌ردی ده‌ڵێت "ئه‌وه‌نده‌م گوێ له‌و تۆمه‌تانه بووه له زاری ره‌خنه‌گران، تاوه‌كو له‌سه‌ری راهاتووم".
له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ردی كه‌سێكی رۆشنگه‌ر بوو، بۆیه به‌هۆی بیركردنه‌وه‌كانییه‌وه زۆرجار توشی قسه‌ی نابه‌جێ ده‌بوو، ئه‌و له ساڵی (1932)كاتێك چووه قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی كه‌رخ، جلوبه‌رگه كلاسیكییه‌كه‌ی كه پێكهاتبوو له دشداشه‌یه‌ك و عه‌بایه‌ك، له‌گه‌ڵ عه‌مامه سه‌وزه‌كه‌ی سه‌ری فرێدا، له‌به‌رامبه‌ردا جلوبه‌رگێكی مۆدێرن، كه كڵاوێك (سیداره)ی له‌سه‌رنا و قاتێكی له‌به‌ركرد، واتا خۆی كرده ئه‌فه‌ندی، ئه‌مه‌ش بوو هۆی ره‌خنه لێگرتن و قسه پێوتنی، چونكه له‌و كاته‌دا خه‌ڵك واسه‌یری ئه‌فه‌ندیان ده‌كرد كه خۆفرۆشن، كاتێك یه‌كێك له خزمه‌كانی، وه‌ردی به جلی ئه‌فندییه‌وه بینیوه، وتوویه‌تی "ئایینی خۆی به‌دیناری ئه‌وان فرۆشت".
وه‌ردی ئه‌و ره‌فتاره‌ی ده‌كرد كه خۆی باوه‌ڕی پێ‌بوو، هه‌وڵیده‌دا نه‌كه‌وێته ژێر باری مه‌عریفه‌ی هه‌مه‌كییه‌وه، به‌وه‌ڵامی ئاماده بۆ پرسیاره‌كانی رازی نه‌ده‌بوو، به‌ڵكو گومانی له شت و دیارده‌كان ده‌كرد و ده‌یخستنه ژێر پرسیاره‌وه، ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی باو ده‌ڕۆیشت و ره‌فتاری ده‌كرد، ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه له‌سه‌ر ژیانی بكه‌ین، ده‌یان رووداوی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینین كه به‌سه‌ری هاتووه و به‌هۆیه‌وه تووشی ره‌خنه و سه‌رزه‌نشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆته‌وه.
ره‌خنه‌ی رۆشنبیری له وه‌ردی
هه‌رچه‌نده وه‌ردی بایه‌خێكی زۆر و خوێنه‌رێكی زۆری هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ره‌خنه‌گرێكی زۆریشی هه‌یه، هه‌ر له‌ساڵانی (50)كانه‌وه هێرش و ره‌خنه دژی كتێب و نووسنه‌كان و بیرۆكه‌كانی ده‌ستی پێكردووه، له عێراقدا زیاتر له (12) كتێب له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی نووسراوه، كه (5)یان به‌ته‌نها له‌سه‌ر كتێبی (واغض سلاطين) نووسراوه، له‌وانه:
1/ سفسطائیه للبیع – عبدالرضا صادق.
2/ الموعظه الحسنه – محمد صالح قزوینی.
3/ من كنت مولاه فهذا علی مولاه – عبدالمنعم الكاظمی.
4/ حكم المسقطین – سهیل النجم و غیرها.
5/ مع الدكتور الوردی – مرتضی العسكری.
هه‌روه‌ها (3) كتێب له‌سه‌ر (اسطوره الادب الرفیع) بڵاوكرداوه‌ته‌وه كه دووانیان ئه‌مانه‌ن:
1/ علم الاجتماع بين الموضوعية والوضعية – سلیم الوردی
2/ مقالات حول اسطوره الادب الرفیع – عبدالرزاق محی ا‌لدین.
جگه له‌مانه ده‌یان وتاری ره‌خنه‌گرانه‌ی له دژی نووسراوه كه له رۆژنامه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه. جگه له‌مه وه‌ردی له‌سه‌ر راوبۆچوونه‌كانی له باره‌ی ئه‌ده‌ب و رێزمانی عه‌ره‌بی تووشی ده‌مه‌قاڵێ و ره‌خنه‌ی زۆر بووه‌وه.
وه‌ردی له نووسین داده‌بڕێت
عه‌لی وه‌ردی كۆمه‌ڵناس له ژیانی خۆیدا دووجار له نووسین دابڕاوه، یه‌كه‌میان له دوای شۆڕشی (14)ی ته‌مووزی (1958)، ئه‌مه وه‌كو سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن (5) ساڵی خایاندووه، چونكه له‌وكاته‌دا ئاژاوه‌گێڕی و ململانێیه‌كی زۆر له ئارادا بووه، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی شێواوه و تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئاسایش و كۆنتڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماده نه‌بوو، بۆیه ئه‌ویش له ترسان وازی له نووسین هێناوه، چونكه به‌رده‌وام به‌وه تاوانبار ده‌كرا كه دژی ئاراسته‌ی باو رێده‌كات. جاری دووه‌میش له‌سه‌رتایی ساڵانی (80)كان بوو، چونكه له حكومه‌تی به‌عس و ده‌زگا داپلۆسینه‌ره‌كانی ده‌ترسا.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه وه‌ردی به‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی ئه‌وه راده‌گه‌ینێت كه ژیانی تایبه‌تی خۆی پێ گرنگتر بووه له نووسین و پڕۆژه هزرییه‌كانی، به‌ڵام نابێت ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین كه ره‌نگه بشێت نووسین و پڕۆژه‌ی هزری زه‌مه‌نه‌كه‌ی دوابخرێت، به‌ڵام ژیان یه‌كجاره و دواناخرێت.
به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییه‌كه‌ی وه‌ردی
(تۆ پرسیار بكه و ئێمه‌ش دیالۆگی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین) ئه‌وه ناوی ئه‌و به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییه‌یه كه وه‌ردی له ساڵی (1962) پێشكه‌شی كرد، له‌و به‌رنامه‌یه‌دا خه‌ڵك پرسیاریان له باره‌ی كێشه وگرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان بۆ ده‌نارد، یاخود گوێی له كێشه و گرفته‌كانیان ده‌گرت، ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه، به‌ڵام وه‌كخۆی له پێشه‌كی كتێبی (لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر سروشتی كۆمه‌ڵگای عێراقی) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات و ده‌ڵێت "زۆر به‌داخه‌وه ده‌مه‌وێت بڵێم كه به‌رپرسه‌كان به‌م به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییه رازی نه‌بوون و به‌دڵیان نه‌بوو، بۆیه فه‌رمانیان به لابردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه كرد".
وه‌ردی گه‌شتكردنی لێ قه‌ده‌غه ده‌كرێت
له‌وكاته‌ی گه‌رمای هاوینان داده‌هات، وه‌ردی چانتاكه‌ی تێكده‌نا و عێراقی به‌ره‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی یا ئه‌وروپی جێده‌هێشت، ئه‌مه‌ش بۆ مه‌به‌ستی ناچۆنیه‌ك، له‌وانه ئیسراحه‌تكردن و پشوودان، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌كردن و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی زانستی و دۆكیۆمێنتی تازه له وڵاتانی دیكه، هه‌روه‌ها بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و نووسین و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه ده‌ستی پێكردبوون، ...هتد. له سه‌ره‌تای (70)كانه‌وه پشووه هاوینییه‌كه‌ی له ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ی میسر به‌سه‌ر ده‌برد، له‌وێدا شوققه‌یه‌كی بچووكی به‌كرێ گرتبوو، كه كه‌وتبووه سه‌ر ده‌ریای سپی، ئه‌وه‌ش تاوه‌كو خۆشنوود بێت له ئاوی ده‌ریاكه و جوانی شه‌پۆڵه‌كانی. له‌كۆتایی (70)كانه‌وه زانكۆی وارشۆ له پۆلۆنیا داوای لێ‌كرد لێكچه‌ر له به‌شی خوێندنی عه‌ره‌بی ئیسلامی بڵێته‌وه. وه‌ردی له وارشۆ له‌لایه‌ن مامۆستایان و قوتابیانه‌وه زۆر رێزی لێ‌گیرا، له‌و كاته به‌دواوه ئیدی پشووی هاوینی له وارشۆ به‌سه‌ر ده‌برد. به‌ڵام له هاوینی (1988) دوایی كۆتایی هاتنی جه‌نگی عێراق – ئێران، وه‌ردی گه‌شتكردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق لێقه‌ده‌غه‌كرا، به‌مه‌ش نه‌یده‌توانی وه‌ڵامی ئه‌و داوه‌تانه بداته‌وه كه له زانكۆ عه‌ره‌بی و بیانییه‌كان ئاراسته‌ی ده‌كرا، بۆیه ئه‌وه كاریگه‌رییه‌كی ده‌روونی نێگه‌تیڤی بۆ دروست كردبوو. دواتر (د.جلیل العگیه) واسیته‌ی بۆ كرد و رێگه‌یان پێدا سه‌فه‌ر بكات. له قسه‌كردنی له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی له سه‌فه‌ردا وه‌ردی به‌گاڵته‌وه به (د.جلیل)ی وتووه كه له یه‌كێك له گۆڤاره عه‌ره‌بییه‌كان كه له پاریس ده‌رده‌چێت دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كچه گۆرانیبێژێكی عێراقی پله سێ بڵاوكراوه‌ته‌وه، گۆرانبیبێژه‌كه له دیمانه‌كه‌دا وتوویه‌تی به نزیكه‌ی هه‌موو مانگێك جارێك سه‌فه‌ری پاریس ده‌كه‌م، ئینجا وه‌ردی به‌گاڵته‌وه وتوویه‌تی "شه‌رم ناكه‌ن له قه‌ده‌كردنم له سه‌فه‌ركردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه هیچ ته‌كلیفێكم ناكه‌وته سه‌ریان".
ده‌بێت بڵێم كه وه‌ردی هه‌ر ته‌نها به‌وه له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه شه‌ڕی له‌گه‌ڵ نه‌كراوه، به‌ڵكو به شێوازی دیكه‌ش شه‌ڕی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری له‌گه‌ڵدا كراوه. له رۆژنامه‌كانی رژێمی به‌عس قسه‌ی ناشایسته‌ی پێوتراوه و له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانیش به‌رده‌وام چاودێری كراوه.
كتێبخانه‌كه‌ی وه‌ردی به‌ره‌و كوێ
وه‌ردی كتێبخانه‌یه‌كی به‌پێز و پڕبایه‌خی به‌جێهێشتووه، كه تیایدا نزیكه‌ی (50) هه‌زار په‌رتوكی له خۆگرتووه، زۆربه‌شیان سه‌رچاوه‌ی گرنگن له بواره‌كانی زانستی و ئه‌ده‌بی و مێژوویی، له نێو ئه‌مر په‌رتوكانه‌دا په‌رتوكی زۆر گرنگ هه‌یه له‌باره‌ی كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی بواره‌كانی كۆمه‌ڵناسی و مرۆڤناسی و ده‌روونزانی كۆمه‌ڵایه‌تی به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت. له په‌رتوكخانه تایبه‌ته‌كه‌ی وه‌ردی په‌رتوكی گرانبه‌ها و به‌نرخ هه‌یه كه له‌وانه‌یه به‌ده‌گمه‌ن له‌نێو كتیچبخانه‌كانی دیكه‌ی عیراقدا هه‌بێت. جگه له‌ه هه‌ندێك ده‌ستنووسی پڕیابه‌خی تێدایه كه ده‌ستی كه‌وتووه له‌و كاته‌ی له وڵاته جیاجیاكان گه‌ڕاوه.
سه‌رچاوه:http://zerakabdulla.blogfa.com/post/14
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.