Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 02:02

هوشیار سیوەیلی : بۆ سەقامگیری عێراق ئەمەریکا دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەهێز بێت

ئەمەریكا هەوڵ دەدات پابەندبوونی عێراق لە بەرامبەر ئێران كەم بكاتەوە
هوشیار سیوەیلی : بۆ سەقامگیری عێراق ئەمەریكا دەیەوێت هەرێمی كوردستان بەهێز بێت
کوردستان TV
100%

لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژەڤی كوردستان هوشيار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دوا پێشهاتەكان دوای سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی هەرێم بۆ ئەمەریكا رایگەیاند

ئەو سەردانەی كازمی بۆ ئەمەریكا زۆر گرنگ بوو ، ئەو سەردانە گرنگە بۆ عێراق و بۆ خودی كازمی ، هەروەها گرنگە بۆ ئەمەریكا و بۆ خودی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمەریكا ، گرنگیشە بۆ هەرێمی كوردستان .

گرنگە بۆ عێراق بەوەی عێراق چەندین كیشەی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و تەندروستی هەیە .

گرنگە بۆ كازمی بەوەی لە ماوەی داهاتوودا عێراق دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ئەوەش دەستكەوتێكە بەوەی ئەمەریكا پشتیوان و پشتگیری كازمی بكات .

بۆ ئەمەریكا گرنگە بەوەی عێراق بۆ ئەمەریكا ناوچەیەكی ستراتیژییە و ئەمەریكا پارەیەكی زۆر و خوێنی بەخشیوە لەو وڵاتە ، سەقامگیری لە عێراق سەركەوتنە بۆ ئەمەریكا

هەروەها بۆ ترامپیش گرنگە بەوەی لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو پرۆسەی هەلبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت ، ئەو سەردانەو سەركەوتنی سەردانەكە رەنگدانەوەی ئەرێنی دەكاتە سەر خودی ترامپ .

بۆ هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و خودی ترامپ تەئكیدیان لەوە كردەوە لە پێویستە پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر ئاسایی بكرێتەوە بەتایبەتی مەسەلەی بودجە چارەسەر بكرێت .

لەو سەردانەش بە بڕی 8 ملیار دۆلار رێككەوتن لە نێوان عێراق و ئەمەریكا واژووكراوە لە بواری وزە و نەوت و سێكتەرەكانی دیكە .

ئەمەریكا بەرامبەر بەوەش 3 داواكاری لە عێراق كردووە لەوانە  كاریگەری میلیشیاكان و ئێران لە سەر عێراق نەهێڵێت ، هەروەها پەیوەندییەكان لە گەڵ هەڕیمی كوردستان ئاسایی بكەنەوە . هەروەها ژمارەیەك لە سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق بمێننەوە .

سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر بە ئێران ئاشكرایە و كەوتۆتە ژێر گوشارو گەمارۆدانی ئەمەریكا و وڵاتانی دیكە ، ئەگەر عێراق نەتوانێت سنوورێك بۆ ئێران دابنێت ئەوا ئەمەریكا جدی نابێت لە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننانەی كە ئیمزایان كردووە .

ئەمەریكا هەوڵ دەدات پابەندبوونی عێراق لە بەرامبەر  ئێران كەم بكاتەوە .

سەبارەت بە شاندی هەرێم ، سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر بە هەرێم ئاشكرایە و ئەمەریكا هەرێمێكی بەهێزی دەوێت ، هەروەها دەیەوێت عێراق پەیوەندی لە گەڵ هەرێم بەهێز بێت ، چونكە سەقامگیری عێراق لەوەدایە . ئەو مەسجە گەیەندراوەتە كازمی و بۆیە لەو ماوەیەدا شاندی هەرێم دەچێتەوە بەغدا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی هەمیشەیی ، ئەمەریكاش لەو بارەوە هاوكار دەبێت .

ئەركی كازمی سەختە لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی و ئەو داوایانەی ئەمەریكا ، كوشتنی ئەو چالاكوانانەش پەیامێكە ئاراستەی كازمی دەكرێت  بۆیە پێویستە ئەو بارودۆخە ئالۆزە رابگرێت .

زۆر خەڵكی دیكەش هەن كە ركابەری سیاسی كازمین هەوڵ دەدەن كازمی شكست بێنێت و سەركەوتوو نەبێت .

كازمی لەلایەن شەقامەوە پشتگیری دەكرێت ، هەروەها لە لایەنی نێودەوڵەتی پشتگیری دەكرێت ، هەروەها پشتگیری هەرێمی كوردستانە ، ئەویش هەمووی دەمێنێتەوە سەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی كازمی بەرامبەر بە هەرێم و چۆنیەتی هاتنە پێشەوەی لە هەرێم .

رووبەرووی گەندەڵی پرسێكی دیكەیە رووبەرووی كازمی بۆتەوە ، پێویستە چارەسەر بكات ، هەندێك هەنگاو نراوە لە خاڵە سنوورییەكان بەلام هەوڵی زیاتر و گەورەتری دەوێت .

ئەوە دوا دەرفەتە بۆ عێراق ماڵی خۆی رێكبخات ، ئەگەر حكومەتی عێراق سوود وەرنەگرتن لەو دەرفەتە ئەوا ئایندەیەكی باش چاوەڕوانی نابێت .

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.