سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێكدا سه‌ره‌خۆشى له بنەماڵە و كەسوكاری تێكۆشەری دێرین بارزان مەلا خالید ده‌كات كە بەهۆی نەخۆشییهوه كۆچی دوایی كرد، ئەمە دەقهكهیهتى:
بۆ بنەماڵە و كەسوكاری تێكۆشەری دێرین بارزان مەلا خالید
بۆ كۆچی دواییی میدیاكاری ناوداری شۆڕش و تێكۆشەری دێرین خوالێخۆشبوو بارزان مەلا خالید، سەرەخۆشی لە خۆمان و ئێوەی بەڕێز و هەموو دۆست و هەڤاڵانی دەكەین. له خواى مه‌زن داواكارین گیانى شاد بكات و بیخاته به‌ر به‌زه‌یى و میهره‌بانیى خۆى.
خوالێخۆشبوو بارزان مەلا خالید، نموونه‌ى مرۆڤێكى دڵسۆزى خزمه‌تكار و په‌روه‌رده‌ى بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕه، زۆر له كۆنه‌وه باوك و بنەماڵەكەیان پشتیوانى شۆڕشەكانی كوردستان بوون، خۆیشى لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول دەنگی ناسراوی ئیزگەی دەنگی كوردستانی عێراق و لە شۆڕشی گوڵانیش بە هەمان شێوە بەردەوام بوو.
لە ڕاپەڕیندا دەنگێكی دیارى ورەبەخش بوو بۆ پێشمەرگە و خەڵكی ڕاپەڕیوی كوردستان، دواتریش وەك ئەندامی پەرلەمان و بریكاری وەزیری ڕۆشنبیری خزمەتی بواری ڕۆشنبیری كرد. كەسێكی تێكەڵاوی خەڵك و خۆشەویست بوو. یادى ئه‌و به خەبات و خزمه‌تى خۆى بۆ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ى هه‌میشه به زیندوویی دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
25/8/2020
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.