Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 19:54

مسته‌فا کازمی گه‌یشته‌ عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن

کوردستان TV
100%

مسته‌فا كازمی ،سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ عه‌ممان پایته‌ختی ئوردن.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی به‌ ئامانجی به‌شداریكردن له‌ لووتكه‌ی سێقۆڵیی نێوان عێراق، ئوردن و میسر گه‌یشتووه‌ته‌ عه‌ممان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ مسته‌فا كازمی به‌ گه‌یشتنی بۆ عه‌ممان له‌لایه‌ن شای ئوردن، عه‌بدوڵڵای دووه‌م-ه‌وه‌ پێشوازی لێ كراوه‌.

ئه‌مڕۆ سیشه‌ممه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی و شای ئوردن، عه‌بدوڵڵای دووه‌م و سه‌ركۆماری میسر، عه‌بدولفه‌تاح سیسی لووتكه‌ی سێقۆڵیی نێوان هه‌ر سێ وڵات له‌ شاری عه‌ممان پایته‌ختی ئوردن ده‌به‌سترێت.

له‌ لووتكه‌ سێقۆڵییه‌كه‌ی نێوان عێراق، ئوردن و میسر سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌كانی هاوكاری ئابووری و هاوبه‌شی نێوان هه‌ر سێ وڵات گفتوگۆ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها پته‌وتركردنی كاری وه‌به‌رهێنان و بازرگانی له‌نێوان عێراق، ئوردن و میسر تاوتوێ ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها له‌ میانی لووتكه‌كه‌دا، ئه‌و دۆسیه‌ هه‌رێمییانه‌ ده‌خرێنه‌ به‌رباس كه‌ ده‌بنه‌ هۆی پته‌وتركردنی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌.

لووتكه‌ی سێقوڵیی نێوان ئه‌و عێراق، ئوردن و میسر بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئاداری 2019دا له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر سازكرابوو كه‌ له‌ میانیدا نێوان عێراق، ئوردن و میسر رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هاوكاری ئابووری، بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی نێوان پته‌وتر بكه‌ن.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.