کۆنسولی کۆریای باشوور، چۆی کوانژین لە مەراسیمەکەدا گۆرانییەکی تایبەتی خۆی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد و کتێبێکی شیعریشی بەناوی گوڵاڵە سوورە بە هەرسێ زمانی کوردی، ئینگلیزی و کۆری بڵاو کردەوە.
لە یادی قۆناغی هەشتەمی شاڵاوی ئەنفالدا، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە هاوکاری کۆنسولخانەی کۆریای باشوور مەراسیمێکی رێکخست.
لە مەراسیمەکەدا وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود و وەزیری رۆشنبیری و لاوان، حەمەی حەمە سەعید و کۆنسولی کۆریای باشوور، چۆی کوانژین و ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر ئامادە بوون.
لە مەراسیمەکەدا کۆنسولی کۆریای باشوور، چۆی کوانژین رایگەیاند گۆرانییەکە و کتێبەکە لە پێناو دڵنەوایی خانەوادەی شەهیدان و قوربانییانی ئەنفالە، هەڵگری پەیامێکە کە نابێت هەرگیز جینۆساید دووبارە ببێتەوە.
گوتیشی جینۆساید ناتوانێت هەرگیز ئیرادەی بەرگری لەناو ببات، کۆریای باشوور لە ساڵی 2013ەوە لە پەرلەمان بڕیارێکی تایبەتی دەرکرد سەبارەت بە ئیدانەکردنی جینۆسایدی ئەنفال.
ناونیشانی گۆرانییەکەی کۆنسولی کۆریای باشوور و کتێبەکەشی کە ئەمڕۆ لە مەراسیمەکەدا بڵاوی کردەوە بەناوی گوڵاڵە سوورەیە و چۆی کوانژین دەربارەی هەڵبژاردنی ئەو ناوە گوتی ئاماژەیە بۆ سروشتی جوانی کوردستان و سیمبوڵی خوێنی شەهیدان، هەردوو بەرهەمەکەیش بۆ دڵنەوایی ئازار و خەمی کەسوکاری شەهیدان و قوربانییانی ئەنفالە.
کتێبە شیعری گوڵاڵە سوورە بە هەرسێ زمانی، کوردی و ئینگلیزی و کۆری چاپکراوە و لە 11 پارچە شیعر پێکهاتووە بە ناوەکانی (گوڵاڵە سوورە، شانشینی شین، نزاکانی هەڵەبجە، نەورۆز، قەڵای هەولێر، مەڵکەندی (سلێمانی)، بارزان، زەیتون، کوردستان بەفری سپی پۆشیوە و دهۆک و کۆرۆنا)
لە پێشەکی کتێبەکەیدا کۆنسولی کۆریای باشوور، چۆی کوانژین نووسیویەتی کوردستان بووەتە وڵاتی دووەمم، چونکە بۆ دووەم جار بۆ ئەم هەرێمە نێردرامەوە، ئێستا وەک کۆنسولی گشتیی کۆریا لێرەمە، بەڵام 14 ساڵ بەرلە ئێستا وەک کۆنسول کارم کردووە لەگەڵ تیپی زەیتون (بارەگای زێرەڤانی ئێستا)، لەوەتەی گەیشتوومەتە ئێرە ئیلهامە شیعرییەکانم نووسیوەتەوە، هەروەها لە ساڵی 2019 بەخوێندنەوەی شیعرێکم بە زمانی کوردی هەوڵمدا مانایەکی زیاتر بە یادی پازدە ساڵەی پەیوەندی نێوان کۆریا و کوردستان ببەخشم، بیستوومە کە نزیکەی 40 لە سەدی خەڵکی کوردستان حەز بە شیعر دەکەن، بۆیە هیوادارم ئەو کارەم لە نووسینی شیعر ببنە هەوێنی پەیوەندییەکی باشتری نێوان کۆریا و کوردستان بەتایبەتی لە بوارەکانی کولتوور و شیعر.
دواتر وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە کۆنسولی کۆریای باشوور و لە وتەیەکدا گوتی: هەموو هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناساندنی ئەنفالە وەک جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و ئاوادانکردنەوەی هەموو ئەو ناوچانەی کە لە شاڵاوی ئەنفال و جینۆسایددا وێرانکراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.