خەلیل ئەتروشی مامۆستای زانكۆ لە میانەی بەشداریكردن لە بەرنامەی رۆژەڤی كوردستان سەبارەت بە تێپەڕبوونی 100 ساڵ بە سەر لكاندنی كوردستان بە دەوڵەتی عێراقەوە رایگەیاند : كە پەیمانی سیڤەر ئەگەر زیاتر سیاسییانە و واقیعیانە سەیری بكەین ئەوا دەبینین ئەو پەیمانە لە دایك بوونێكی مردوو لە دایك بووە ، چونكە بەر لە 4 ساڵ پێش ئەو پەیماننامەیە هەر هەمان ئەو وڵاتانە كوردستان و بەشێك لەو ناوچانانەیان لە نێوان چەند وڵاتێك دابەش كردووە .
روونیشیكردەوە كە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دیكیۆمێنتەكان و بەڵگەنامەكان بەریتانیا پرۆژەی هەبووە بەوەی كورد دەوڵەتێكی سەربەخۆی هەبێت ، بەڵگەش بۆ ئەوە لە گەڵ هاتنی بەریتانیا بۆ عێراق سەرەتا لە گەڵ كورد پەیوەندی كردووە و پشتیوانی شێخ مەحمودی حەفیدی كردووە و دواتر پاش 6 مانگ ئینجا هەوڵی داوە دەوڵەتی عێراق دابمەزرێنێت . پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیش بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەكان راپرسی بۆ كورد ئەنجام دراوە بەوەی ، لام باش یان لام باش نیە . كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان رەتیدەكەنەوە بەوەی بە عێراقەوە بلكێندرێن .
هەروەها ئاماژەیدا كە لكاندنی كورد لە باشووری كوردستان بە عێراقەوە لە گەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە نەبووە بەڵكو دوای 4 ساڵ ئەویش كۆمەڵەی گەلان بۆ بەرژەوەندی هەر یەك لە وڵاتی توركیا و عێراق ئەو بڕیارەیان سەپاندووە بەمەرجێك مافەكانی كورد لە چوارچێوەی عێراقدا پارێزراو بێت .
بەریتانیا زوڵمێكی زۆری لە خەڵكی كوردستان كرد ، ساڵی 1932 كە عێراق بووە ئەندام لە كۆمەڵەی گەلان یەكێك لە مەرجەكانی بوون بە ئەندام بوونی ئەوە بوو كە تەواوی مافەكانی كورد دەستەبەر بكات ، هەر لەو سەردەمەدا بەریتانیا و دەوڵەتی عێراق ناوچەكانی بارزان و سلێمانیان بۆردومان دەكرد .
هەروەها زوڵمێكی دیكەی بەریتانیا ، كشانەوەیەتی لە عێراق هیچ زەمانەتێكی جێنەهێشت كە مافی كورد لە كوردستان پارێزراو بێت بۆیە ، دەسەڵاتدارانی عێراق كەوتنە خۆیان بۆ دژایەتی كردنی كورد لە كوردستانی باشوور .
تا ئەمرۆش عێراق لە تەواوی سەردەمەكانی پێشوو زوڵمی لە كورد كردووە و مافەكانی كوردی پیشێل كردووە .
دكتۆر خەلیل سەبارەت بە رۆڵی كورد لە ئێستادا رایگەیاند كە لە دەستووری نوێی عێراق كورد دەستكەوتێكی گەورەی بە دەستهێنا بەتایبەتی سیستەمی فیدرالیەت .
كورد لە سەردەمی دروستبوونی عێراق لە ساڵی 1921 و ساڵی 2003 دوای رووخانی رژێمی بەعس رۆلێكی زۆر گەورەیان هەیە لە دامەزراندنی دامەزراوەو كیانی سیاسیدا ، بەڵام كورد سوودی لێ نەبینیوە . چونكە كورد بە سۆزو عاتیفە چۆتەوە بەغدا .
دكتۆر خەلیل لە كۆتایی وتەكانی روونیكردەوە كە عێراق بە سروشتی لە دایك نەبووە و بە سروشتیش گەشە ناكات .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.