جینین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و ھەولێر گوتی: گفتوگۆیەكی بنیاتنەر تاكە رێگایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندیدار بە سەرچاوە سرووشتییەكان و بوودجە و مافە تایبەتییەكان.
نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، گوتەیەكی پێشكەش كرد.
پلاسخارت باسی لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و رایگەیاند "گفتوگۆیەكی بنیاتنەر تاكە رێگایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندیدار بە سەرچاوە سرووشتییەكان و بوودجە و مافە تایبەتییەكان.
راشیگەیاند: گرژییەكانی ئەمدواییەی ناوچە سنوورییەكانی عێراق-توركیا جێی نیگەرانییەكەی گەورەیە" و گوتی: بەردەوامین لەھاندانی ھەردوو وڵات بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لەمیانی گفتوگۆ وھاوكارییەكان لەگەڵ رێزگرتنی تەواو لە سەروەری نیشتیمانی.
پلاسخارت باسی لە رێككەوتنی سەرەتایی نێوان حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی كرد و گوتی: ھەردوو لایەن رێككەوتنێكی سەرەتاییان ئەنجامداوە، بەتایبەتی رێككەوتن لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، كارێكی ئەرێنییە و پیشوازی لێدەكەین".
نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت ئاماژەی بەوەدا كە ئەو لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا راپۆرتێكی لەبارەی قۆناغی دەستپێكردنی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی كوردستان كردووە و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەمە گرنگییەكی زۆری ھەیە.
پلاسخارت باسی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق كرد و گوتی: دەبێت كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان پتەو بكرێت و لەژێر فشارە سیاسییە بەردەوامەكان دەرباز بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.