ئێوارەی دوێنێ 26ی ئاب، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، فلۆرانس پارلی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و بڕیارە بەجیا لەگەڵ سەركۆمار و سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگریی عێراق كۆبێتەوە و لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش-یش دیدار و كۆبوونەوەی دەبێت.
دوای كۆتایی هاتنی دیدار و كۆبوونەوەكانیشی لە بەغدا، وابڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بگاتە هەولێر، پایتەختی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، ئاشكرای كردووە كە ئێوارەی دوێنێ گەیشتووەتە بەغدا و ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئاب دەست بە دیدار و كۆبوونەوەكانی دەكات.
بەپێی سەرچاوە میدیاییەكان لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی كوردستان، پارلی گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانە دەكات كە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان پێشتر لە میانی سەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێی كردبوون، لەوانە شەڕی دژبە داعش و بەردەوامی هاوكارییەكانی فەڕەنسا لە رووبەڕووبوونەوەكانی تیرۆر و بارودۆخی ناوچەكە.
وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، فلۆرانس پارلی دوێنێ بەرلە سەردانەكەی بۆ بەغدا لە تویتێكدا رایگەیاندووە "نامەكەمان بە سادەیی: ئەولەویەت بۆ گفتوگۆ و هاوكاری دیپلۆماسییە تاوەكو رۆژهەڵاتی ناوەڕست ببێتە ناوچەیەكی سەقامگیر و رێزلێگیراوی یاسا نێودەوڵەتییەكان، نابێت ناوچەكە ببێتە جێگای تەماحكاری هەندێك، ئەمە بەرژەوەندی گشتییە.
لە میانی شەش هەفتەی رابردوودا، ئەمە دووەمین وەزیری فەڕەنسییە سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات، مانگی تەمووزی ساڵی رابردووش سەرۆكایەتی فەڕەنسا بڵاوی كردەوە كە لە ماوەیەكی نزیكدا، سەرۆكی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن سەردانی عێراق دەكات، سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتیدەرەوەی عێراق بۆ میدیا عێراقییەكان ئەوەی دركاندووە سەردانەكەی ماكرۆن بۆ عێراق هەفتەی داهاتوو دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.