Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 16:55

وەڵامێک بۆ دۆران کاڵکان و دەمامکدارەکانی پەکەکە…چیرۆکە وەھمیەکانتان نیشانەی ئیفلاسی سیاسییە

کوردستان TV
100%

وەڵامێک بۆ دۆران کاڵکان و دەمامکدارەکانی پەکەکە….چیرۆکە وەھمیەکانتان نیشانەی ئیفلاسی سیاسییە

دوای ئەوەی جەمیل بایک و بەسێ ھۆزات ھاوسەرۆکانی کەجەکە،  لە بەخشینەوەی تۆمەت بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتوو نەبوون و ھەڵمەتە راگەیاندنەکەیان شکستی برد، ئەمجارە دۆران کاڵکان و تاقمێکی پەکەکە؛ شانۆیەکی دیکە دەگێڕن بە بەخشینەوەی تۆمەت و قسەی نابەجێ دەرھەق بە پارتی دیموکراتی کوردستان، کێشەی ئەم تاقمەی پەکەکە لەوەدایە کە لەنێو ژینگەی وەھمدا خەرقبوون، لە بەرگێکی ئیفلاسی فکرییەوە و، لە بازنەیەکی بەتاڵدا بەدەوری وەھمێک دەخولێنەوە کە نیەتی دژە کوردانەی ئەم تاقمە حەشار بدات و، بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی لە ھیچ پارچەیەکی کوردستاندا نەتوانێت تەکان بە ماف و چالاکییه‌ مەدەنییه‌كانی خۆی بدات. ئەمان بە ھەر جۆرە دەستکەوتێکی سیاسی کە کورد لە ناوچەکەدا تۆماری کردبێ زۆر قەڵسن، یانیش هه‌ر دەرفەتێك بۆ پێشخستنی قەزیەی کوردی هاتبێته‌پێش لە دژی قەزیەکە جوڵاون….بۆیە ئەمجارەیش بۆ پەردەپۆشکردنی رابردوویان دەیانەوێ خۆیان بخزێننە نێو شێواندنی مێژووی ناوچەکە و، بە نائومێدییەکی زۆرەوە دەستیان بۆ ھەندێ لێدوانی نابەجێ بردووە کە ئەم جۆرە لێدوانانە ھەر لەم تاقمە دەوەشێتەوە…. لەدەسپێکدا دەیانەوێ پاکتاوی نێوخۆیان لە تەسفیەی حساباتی ھەواڵگریی و ئیفلاسی سیاسی بخەنە پاڵ ھەرێمی کوردستان و پارتی، بەم وەھمە دەیانەوێ لە پاڵ ھەندێ جوڵه‌ی دەمامکدار رووی خۆیان لەنێو لایەنگرانیاندا سپی بکەنەوە و، بەسەر کارە چەوت و خراپکارییەکانیان بازبدەن و، بیانوو بە ھێزە کوردستانییەکان بگرن، ئەوان باش دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی جەماوەری و مەیدانی لە تێکۆشانی سیاسی خۆیدا و، لە مێژووی ناوچەکەشدا خاوەنی گەورەترین تۆمار و وەرەقەی دێکیۆمێنتكراوی پڕشکۆی کوردستانییە، بۆیە لێرەوە بە دۆران کاڵکان و تاقمه‌ دەمامکداره‌كه‌ دەڵێین، لە ئەدەبیاتی پارتیدا (سەروەری گەل، تێکۆشان و بەرخودان) لەپێناو کورد و کوردستان بەبەردەوامی لە ھەناوی پارتییدا دەستکەوت و ده‌رفه‌تی مێژوویی بۆ کوردستان خولقاندوون و ناسنامەی کوردایەتیی لە رۆژھەڵاتی ناویندا دروستکردووە و پاراستوویەتی،  نەوەک قڕکردنی گەل و گەمەکردن بە چارەنووسی گەل لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمی!..  ئێوە کە تا ئێستا بە فەرھەنگی کوردی نادوێن و ته‌نانه‌ت فێری زمانی کوردیش نەبوونە، پێمان ناڵێن بۆچی به‌ناوی كورد ده‌دوێن و بۆچیش لێرەن؟  ئێوە و ھاوبیرانتان پڕن لە راز و نیازی ئەملاوئەولا و له‌ جۆڵانەی سیاسی لەو سنوور بۆ ئەم سنوور وەک گاردێکی راسپێردراوی سەر سنوور  رۆژ و شەو بەڕێ دەکەن لە پێناو مەرامێکدا کە دیارە خزمەتکاری کێن و، بۆ کێ ئەم راسپاردە سیاسییە بەجێ دەگەیەنن!.


لای خەڵکی کوردستان روونە بۆچی سەنگەری گورزوەشاندنتان لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی کوردستان گرتووە، دەتانەوێ بە بەخشینەوەی تۆمەت شکستەکانتان پەردەپۆش بکەن و، بەرچاوی خەڵک بگرن؟ بە کۆمەڵێک پرسیاری نابەجێ دەتانەوێ مەرامەکانی ئەم ڤێرژنەتان بشارنەوە کە کۆپییەکەی بۆ لێدانە لە ئەزموونی کوردان؟ لە ھەرێمی کوردستان و لە باکوور و لە رۆژئاوایشدا، سیاسەتی میحوەریتان پێناسەی ئەو دەستوەردانەی لای کوردستانیان کەشفکردوون کە دەتانەوێ دەستکەوتەکانی کورد بە پێوەرێکی ئیقلیمی سفر کەنەوە.


ئەو تاقمه‌ی پەکەکە لە لێدوانه‌كانیاندا سەیر خۆیان ئەبدەیت کردووە و، دەڵێی دنیا گۆڕاوە و، میلی وشەکانیان وەک خەمخۆری ئێستا بۆ یەکێتی دەردەبڕن!، ئێوە باشتره‌ لە خەمی خۆتاندابن، ئەوەی لە لۆژیکی پارتی و وەک لە روئیاو پەیامیدا ھەیە بۆ حزبە سیاسییەکان روونە؛ یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک حزبێکی ھاوبەشی پارتی لە حوکمڕانی ھەرێمی کوردستاندا په‌یوه‌ندی و ھەماھەنگی و رۆڵی دیارە و، روونیشە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە لە حوکمڕانی و شەراکەتی سیاسی و ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستان بەشدارن و پێویست بەوە ناکات ئێوە لەم تەوقیتە وشەی نابەجێ ریز بکەن و خۆتان بخزێننه‌ ناو ئه‌و پرسه‌ش..کە باسی ساڵانی نەوەدەکان دەکەن ناشێ بیرتان چووبێ كه‌ چ شه‌ڕێكتان لە باشووری کوردستان ھەڵگیرساند، چونکە نەتان دەویست لە ھەرێمدا ئەزموونی پەرلەمان و حکوومەت و سەقامگیری سیاسی گەشەی حوکمڕانی کوردی لە ناوچەکە دەرخات و، وەک یەکەم ئەزموونی کوردی لە جوگرافیایەکی شەرعی دەنگی کوردان بۆ جیھان بڵند بکات، پەلاماری ئەم ئەزموونەتان داو چەندین پێشمەرگەتان شەھید کرد، بەڵام ئەوەی کە سەیرە دیارە بەرپرسانی ئەم خەتەی قەندیل لە دۆران کاڵکان و تاقمەکەدا، تووشی نەخۆشی زەھایمەر و بیرچونەوە بوونە و، بواری بیرھاتنەوەی ئەم رۆژانەیان نەماوە، بۆیه‌ لێرەوه‌ ئەم رۆژانەتان دەخەینەوە زاکیرەتان، لە بیرتانە خوالێخۆشبوو مام جەلال لە ھۆلی پەرلەمان ماسکی سەر رووخسارتانی لاداو فکر و مەرام و کردەوەکانی ئێوەی بە خەڵکی ناساند و، درۆ و بوختان و چەواشەکارییەکانتانی ئاشکرا کرد کە ئێوە چین و بۆچی ھاتوونەتە باشووری کوردستان و کارە چەپەڵەکانی ئێوەی بۆ خەڵک بەیان کرد...لەسەرەتای راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە دژی رژێمی پێشووی عێراق، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لە سەرەتایی دروستکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە رۆڵی پارتی لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستان دیاربووە لە ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستان و ئاوەدانی و دروستکردنی ئەزموونی قۆناغی شار، ئێوەش لە تێکدانی گوند و ئاوایی و نەھامەتی و رفاندن و وەرگرتنی سەرانە و کرداری نابەجێ و تاوانكاری شوێن په‌نجه‌تان جێماوە و، تەنانەت لەم نووسین و لێدوانانەی ئێستایشدا کە پارتی به‌ ئەندازیاری شەڕ لە کوردستان و هاوكاری توركیا ناوده‌به‌ن، دیسان زاکیرەتان خیانه‌تی لێكردوون و یارمەتی نەداون کە ساڵی 1983تان بیربێتەوە كاتێك لە بەیاننامەی نێوخۆیتان بەو چەند خەڵکەی سه‌ر سنوورتان دەڵێن کێشە لە سنووره‌كان دروست بکەن لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی سوپای تورکیا بێتە نێو کوردستانەوە و، بارەگاکانی پارتی و حزبەکانی دیکە لەناو ببات و، دواتریش کە سوپای تورکیا کشایەوە، پەکەکە شوێنان دەگرێتەوە، ئەوەیە ئەندازیاریی شەڕ و ھاوکاریکردنی سوپای تورکیا و جوڵەکردن لەگەڵیاندا نەوەک پارتی.


پارتی سەرفرازە کە دەیان ساڵ سەرکرادایەتی و پێشڕەوایەتی بزووتنەوەی رزگاری خوازی کوردستانی کردووە و لەو پێناوەدا ھەزاران شەھیدی پێشکەشی گەل و نەتەوەکەی کردووه‌، دەیان دەستکەوتی بۆ نەتەوەکەی بەدەسھێناوه‌، رێککەوتنی یازدەی ئازار وەک نمونەی خەبات کە بەرھەمی پارتییە، ئەوکاته‌ی ئێوه‌ لە ئەلفوبێی سیاسەتدا ھیچتان نەدەزانی، پارتی دەستکەوت و موعجیزەی بۆ گەلی کوردستان دەخولقاند. ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 1992 و دروستکردنی حکوومەت بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکەی کوردستانە، کەس خێری پێنەکردووین، لە خۆڕایش ئەم تێکۆشانە نەھاتووە، ئێوەن کە چاوتان پێھەڵنایە و ئێستایشی لەگەڵدابێ دانتان بەم ئەزموونە نەناوە، ھەر ھەمان ساڵ شەڕتان بە ھەرێمی کوردستان فرۆشت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناچاربوو بەرگریی لە خۆی کرد، پێشمەرگەکانی حکوومەتی ھەرێم بوون، لە حەفتانین، خنێرە، خواکوڕک و لۆلان، زاب و مەتین بەرپەرچی دانەوە و، بارەگاکانتانی پێ پێچانەوە، ئەو پێشمه‌رگانه‌ی بەرپەرچی شەڕفرۆشتنەکانی ئێوەیان دایەوە پێشمەرگەی کوردستان بوون نەوەک پارتی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێوە دان بە پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێم دانانێن، بۆیە ناوی پارتی و یەکێتی دێنن..ئەگەر تورکیا چەند بارەگایەکی لە ھەرێم ھەبێ و، چه‌ند شوێنێكی داگیر کردوون ئه‌وه‌ ئێوە ھۆکاری راکێشانی تورکیا و ئه‌و داگیركاریه‌ بوونە، له‌وه‌ش زیاتر خۆتان سەدان گوند و ناوچه‌تان داگیرکردووه‌ و نه‌ لێده‌گه‌ڕێن خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ ئارامی تیایاندا بژی و نه‌ رێگای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ده‌ن خزمه‌تگوزاریان پێڕابگه‌یه‌نێ، خۆ داگیرکردن ھەر داگیرکارییە لە ھەر بەرگێکدا بێت، بۆیە سەرەتا ژینگەی ھەواڵگری خۆتان لە پاکتاوكردنی یەکتر یەکلابکەنەوە ئەوجا چیرۆکە وەھمیەکانتان بگێڕنەوە.
لە رۆژئاوای کوردستان، بەشاھێدی خەڵکی رۆژئاوا، دیارە کە ڕۆڵی تێکدەرانەتان سنووری تا کوێ بڕکردوه‌، لە رفاندنی کچوکوڕی خەڵک، لە زیندانیکردن و لە ھێرشکردنە سەر گردبوونەوەی خەڵکی رۆژئاوا کاتێ یادی نەورۆز و بۆنەکانیان دەکردەوە و، لە داگرتن و سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و، دواتریش لە ھەڵواسینی وێنەو پەیکەری رژێمی سووریا، لە ئێستادا دەبینن لە رۆژئاوای کوردستان لەبەر کاری تێکدەرانەتان  رەوایەتیتان لەنێو خەڵکی خۆشتان کە پێشووتر لەگەڵتان بوون نەماوە.. کە ئێوه‌ تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بوونە، به‌ڵام خه‌ڵكی به‌ئه‌مه‌كی رۆژئاوای كوردستان باشی له‌بیره‌، كاتێك سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ناردنی ھێزی پێشمەرگەیان بۆ پارێزگاریكردن لە کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان دا،  خه‌ڵك له‌ بیریه‌تی كه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان چەندە پەرۆشی بەھاناچوونی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوو تا لە دەستی تیرۆریستانی داعش پارێزراو بن، له‌ یادتان چوو كه‌ چوونی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای کوردستان و بەرگریکردن لە کۆبانێ خاڵی وەرچەخان بوو  و ھاوسەنگی ھێزی گۆڕی و داعش تێكشکێندرا و، دواتریش لە ھەرێمی کوردستان پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی بەتەواوی شکاند. لەخۆگرتنی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان لە ھەرێم نمونەیەکی دیكه‌یه‌ له‌ ئاکاری پارتی و، حزبه‌ ره‌سه‌نه‌كان كه‌ بە روونی لە نێو زاکیری خەڵکی رۆژئاوای کوردستاندا چه‌سپیوه‌.. ئێوەبوون شەڕتان ھێنایە نێو رۆژئاوای کوردستان و، بوونە ھۆکاری ئاوارەبوونی خەڵک بە ھەمان ئەو سیناریۆیەی کە لە ساڵی 1983 بۆ باشووری کوردستانتان داڕشت و وەک سیگنالێک نیشانەتان دەدایە سوپای وڵاتانی ئیقلیمی چ بۆ ھاتنە ژوورەوە یانیش بۆ بۆردومانکردنی ناوچە سنووری و گوندەکان و تێکدان و کاولکاری کە بەھۆی ئێوەوە سەدان گوند دەستی ئاوەدانی پێنەگەیشت و تا ئێستاش خەڵک ناتوانێ بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی، چونکە ئێوە داگیرتان کردن و، دواتریش بوونه‌ ده‌ستكێشی سوپای تورکیا بۆ نێو ئەو دەڤەرانە.

 

ئەنەکەسە دروستکراوی دەرەکی نییە، بەڵکوو ئەنجوومەنێکی ھەڵقوڵاوی نێو پارتە سیاسییە رەسەنه‌كانی دڵی رۆژئاوای کوردستانە و، کۆمەڵێک حزبی تێکۆشەرن، به‌ڵام چونكه‌ بە سیاسەتی چەوتی ئێوە رازی نەبوون، ناوناتۆره‌ی جۆراوجۆریان بۆ ھەڵدەبەستن، ئه‌وه له‌كاتێكدا كه‌ لە دانوستانەکانی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی كورد و چاره‌نووسی سووریا، وڵاتانی جیھان و کۆمەڵگەی مەدەنی و یوئێن و وڵاتانی ئەورووپی، شەرعیەتیان بە رەسەنایەتی ئەم ئەنجوومەنە داوە و، وه‌كو نوێنه‌ری گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌شدارن لە گفتوگۆكانی جنێف و ئاستانە و هه‌روه‌ها لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریاشدا، ئێستاش کە ئەنەکەسە و تەڤدەم لە دانوستاندان بەدەر لە دەستوەردانی ئێوە، دەتوانن لەسەر رێککەوتنەکانی دھۆک و ھەولێر بگەنە ئەنجامی دڵخۆشکەر کە سوودی بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و ته‌واوی پرسی كورد ھەبێت. له‌وان گه‌ڕێن و وڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بده‌نه‌وه‌، ئەرێ ئێوە وەک دۆران کاڵکان و بایک و تاقمەکەی قەندیل چیتان کرد لە سەرێ کانێ و گرێ سپی و، عەفرین؟ کوا ئەو ڤێتنامەی کە دەتانگوت لەوێ بەرپایی دەکەین؟ جگە لە چەند قسەیەکی بریقەدار لە قەندیلەوە چیتان کرد؟ کوا بەرھەمی ھەڕەشەکانتان؟ ئێوه‌ کە خۆتان کردووە بە گاردی  سنوورەکان کەچی له‌ راستیدا سه‌پانی گەمەیه‌كی ئیقلیمین بە چەواشەکاری دەتانەوێ سۆزی خەڵکی پارچەکانی کوردستان راکێشن، بەڵام لە واقیعدا پاسه‌وانی بەرژەوەندی گەمەیەکی ئیقلیمین ئەمە ناوبنێین چی؟. لە خۆتان نەپرسیووە لە ھەڵەبجە و گەرمیان و پێنجوین و ماوەت و تا دەگاتە مەتین و گارە خەریک چین؟ کەمێک رووی خۆتان سپی کەنەوە و بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی کە لێوەی ھاتوون و بۆی دروست بوون، بۆیە لە ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو وەک لەسەرەتا باسمان کرد کە لە ڕووی فکر ئیفلاستان کردووە، لە ڕووی مێژوویشەوە ماسکی سەر روخسارتان لادەبەین و ئیفلاسی مێژوویتان رەدەگەیەنین، ئەمجارەیش پێتان دەڵێین کە ئینشقاقی نێو ریزەکانتان و پاکتاوی نێوخۆیتان لە تەسفیەی ھەواڵگری ئیقلیمیدا کە رۆژ دوای رۆژ مەرامەکانتان لەنێو رای گشتی کوردستان و رەوەندی كوردی لە ئیفلاسدایە و، لەنێو سایکۆلۆژیەتی کوردستانیانیشدا ئێوە کۆتایی فکریتان ھاتووە، بۆیە ئەگەر لەسەر ئەم ئەقڵیەتە بڕۆن، وه‌كو ئه‌و کێوە بەفرینانه‌تان کە بە مۆسیقا وێناتان دەکرد، ده‌توێنه‌وه‌ و، ئاوازه‌كانیشتان له‌ گوێچکەی خەڵکی خۆتاندا کۆتایی ھاتووە و خەڵک لە مەرامەکانتان تێگەیشتوون.


لە کۆتایدا لەبارەی باکووری کوردستانیش ئەو بەڵگەیە به‌سه‌ کە باکوورییەکان لەسەر شاشە و تیڤییەکان ھاواریان دەکرد کە پەکەکە نەھامەتی بۆ ھێناون و، درۆیان لەگەڵ قەزیەی کوردی کرد و دەرفەتی ئاشتیان لەبار برد... بۆیە کاتێ دەست بۆ مێژوو درێژدەکەن، ئاگاداربن تۆمەت و بوختانتان ھیچ بڕناکات و، وەک ھەمیشە پێشوەختە دۆڕاون لەبەردەم ئەوانەی کە دروستكه‌ری مێژووی راستەقینەی پرسی کورد و خولقێنه‌ری بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و رێبه‌ری تێكۆشانه‌ راسته‌قینه‌ و په‌سه‌نده‌كه‌ی  كوردستانیانن...
به‌شی رۆژنامه‌وانیی ده‌زگای رۆشنبیری و راگه‌یاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
28ی ئابی 2020

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.