ئەمڕۆ دووشەمە 2020/8/31 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پڕۆژەی ڕێگەی خێرای هەولێر-دهۆک ( گۆپاڵ) ی کرد.
سەرۆکی حکومەت بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە نزیکەوە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی بەسەرکردەوە کە پڕۆژەیەکی ستراتیجییە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی نێوان هەولێر - دهۆک و ئالوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکات و بە پێی ستانداردی ڕێگەوبانیی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت.
بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە ( 157 ) مليۆن دۆلارە کە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت.
دواتر سەرۆکی حکومەت قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی شەقامی خێرای (150 ) مەتری شاری هەولێری بەسەرکردەوە کە درێژییەکەی 10 کیلۆمەتر دەبێت و بەشی یەکەمی لە قۆناغی کۆتاییدایە و بودجەی ئەم بەشەی 131 ملیۆن دۆلار دەبێت.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار ، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ئەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیجیانە لە لایەن دەست و بازووی ناوخۆیی و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێن. ئاماژەشی بەوە دا کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووریی و باشترکردنی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستانە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.