Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 03:14

شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دەچنەوە بەغدا

کوردستان TV
#7
100%

هەفتەی داهاتوو، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دەچنەوە بەغدا و بەپێی ئەنجامی رێککەوتنەکەیش، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بوودجەدا، جێگیر دەکرێت.

زاگرۆس فەتاح ، بریکاری وەزارەتی پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆکایەتی شاندی هەرێمی کوردستان دەکات لەو کۆبوونەوانەدا، رایگەیاند:ئامانجی ئێمە لە بەشداریکردن لەم کۆبوونەوانەدا، جێکردنەوە و جێگیرکردنی پێداویستییە تەکنیکی و هونەرییەکانی هەرێمی کوردستانە لە بوودجەی ساڵانی داهاتووی عێراقدا.

زاگرۆس فەتاح گوتی: لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکەمی لیژنەکەدا، خەمڵاندن بۆ نرخی نەوت کرا، بۆ بوودجەی ساڵی 2021 نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٤٣ دۆلار دانراو بۆ بوودجەی ساڵەکانی 2022 و 2023 نرخی نەوت بە ٤٦ دۆلار جێگیرکرا.

بریکاری وەزارەتی پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زاگرۆس فەتاح راشیگەیاند:لە کۆبوونەوەکەدا داوامان کرد کە پێویستە تا ئەوپەڕی توانا هەوڵ بدرێت بوودجەی بەکاربردن کەم بکرێتەوە و لە بەرامبەردا، بوودجەی وەبەرهێنان زیاد بکرێت، بەڵام زیادکردنەکە بۆ وەبەرهێنان بەکردار سەرف بکرێت وەک ساڵانی رابردوو نەبێت کە رێژەی بوودجەی وەبەرهێنان دادەنرا، بەڵام سەرف نەدەکرا.

زاگرۆس فەتاح دەربارەی هەوڵەکانیشیان بۆجێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراقدا گوتی: بۆئەوەی بتوانرێت بەشێوەیەکی رێکوپێک و شایستە، پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە بوودجەدا دیاری بکرێت، پێویستە رێککەوتنی سیاسیی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مەلەفەکانی (نەوت، داهاتی خاڵە سنوورییەکان و باج) واژوو بکرێت.

دەربارەی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش لە کۆبوونەوەکاندا جەختمان کردووەتەوە کە دەبێت پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێگیربکرێت، وەک ساڵانی رابردوو مافی هەرێم نەخورێت".

بەپێی زانیارییەکان هەولێر و بەغدا لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە، بەپێی ئەو رێککەوتنە کاتییەی ئێستا، عێراق لە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان تەنها لەسەدا 50ی داهاتی خاڵە سنوورییەکان دەبات و مانگانە 320 ملیار دینار رەوانەی هەولێر دەکات، بەڵام لە رێککەوتنە هەمیشەییەکەدا کە هێشتا نەگەیشتوون بە خاڵی کۆتایی هەموو پرسەکانی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆ رێککەوتنی لەسەر دەکرێت و دەیانەوێت کۆتایی بەو کیشانە بهێنن کە ساڵانێکە لەنێوانیان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

بۆ گفتوگۆی کۆتایی نێوان هەولێر و بەغداش بڕیارە دووبارە شاندی هەرێم بگەڕێتەوە بەغدا و ئەوەی لەنێوانیان ماوە کۆتایی پێ بهێنن.

وەزیری دارایی عێراق عەلی عەبدلئەمیر عەللاوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا لە بەغدا رایگەیاندووه‌:شاندێکی گەورە و گرنگ بەمزووانە لە ھەرێمی کوردستانەوە دێنە بەغدا، بابەتە ھەڵپەسێردراوەکان تاوتوێ دەکەن و هەوڵی چارەسەریان دەدەین و بەوپەڕی شەفافییەتەوە و لە رەشنووسی بوودجە دادەنرێت، شاندەکە یان کۆتایی ئەم ھەفتەیە یان ھەفتەی داھاتوو دێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.