له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ڕه‌وتى ئه‌لحیكمه‌ى نیشتمانى كۆبووه‌وه.
له به‌رده‌وامیى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2/9/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌ید عه‌مار ئه‌لحه‌كیم، سه‌رۆكى ڕه‌وتى ئه‌لحیكمه‌ى نیشتمانى كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق و پرسى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت و كێشه‌كانى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵ و گفتوگۆ و هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌ركردنیان، خرانه به‌ر باس.
نێچیرڤان بارزانى، پیرۆزبایى له به‌ڕێزیان و پێكهێنه‌رانى هاوپه‌یمانیى عێراقییوون كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.
هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگیى هه‌بوونى ئیراده‌ى سیاسى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات و هاوكارى و كارى پێكه‌وه‌یى له‌نێوان لایه‌نه نیشتمانییه عێراقییه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه به ڕوانینێكى نوێ بۆ داهاتوو هه‌نگاو بنێن، ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دییه‌كان ببنه‌وه و وڵات له كێشه و قه‌یرانه‌كان ده‌رباز بكه‌ن.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر، پرۆسه‌ى سیاسیى وڵات و گرنگیى به‌شدارى و هاوبه‌شیى پێكهاته عێراقییه‌كان تیایدا، پاراستنى یاسا و سه‌روه‌ریى وڵات، پابه‌ندی به ده‌ستوور و سیستمى فیدرالییه‌وه بۆ پاراستنى سه‌قامگیرى له عێراق و چه‌ند پرسێكى دى باس كران و بیروڕایان له‌باره‌یه‌وه ئاڵوگۆڕ كرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.