Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:40

جووتیارێکی نموونەیی دۆڵی ئالانێ : لە دەرەوەی وڵات خەڵک زۆر داوا دەکات کە ترێیان بۆ هەناردە بکەم

کوردستان TV
100%

جووتیارێکی نموونەیی لە دۆڵە دڵرفێنەکەی ناوچەی دۆڵی ئالانێ، باس لە بەرهەمی ئەو باخەی دەکات کە ٣٠ ساڵ لەمەوپێش و لە کاتی شالاوەکانی ئەنفال و کۆمەڵکووژی گەلی کورد بە دەست رژێمی بەعسەوە، کیمیاباران کرابوو.

حاجی جەمیل تۆفیق-ی جووتیار کە تەمەنی بە خزمەتکردنی باخ و رەزەکەی تێپەڕاندووە و دەڵێی ئەو پیشەیە لە باب و باپیرانی بۆی ماوەتەوە، دەشڵێت، بەرەکەتی ئەمساڵ زۆر جیاوازتر بووە لە ساڵانی رابردوو و زیاتر لە ٣٠ تۆن بەرهەمی ترێی هەبووە.

لەئێستادا چەندین رەزی ترێ لە گوندەکانی سەربە شاردەێی خەلیفان سنووری پارێزگای هەولێر، ئامادەی رنینەوەن.

لە گوندی شارسینە سەربە شاردەێی خەلیفان ژمارەیەک ژن و پیاوی لەناو رەزەکەی هاووڵاتی، حاجی جەمیل تۆفیق، بە دەستکێشەوە خەریکی رنینەوەی ترێن کە بەشێکی لەناو سندووق دەکەن بۆ ئەوەی بیگوازنەوە بۆ بازاڕ و بەشێکی دیکەیشی لەسەر نایلۆنەکان هەڵ دەخەن و دەیکەن بە مێووژ.

رەزەکەی هاووڵاتی حاجی جەمیل تۆفیق بەھۆی کیمابارانکردن و وێرانکردنی ناوچەکە، تەمەنێکی کەمی ھەیە و دروستبوونی رەزەکە ھاوکاتە لەگەڵ رووخانی رژێمی بەعس و لەم بارەیەوە حاجی جەمیل تۆفیق به‌ ئانادۆڵوی راگه‌یاندووه‌: ئێمە لە کۆنەوە لەو ناوچەیە خەریکی مەڕداری و جووتیاری بووین، بۆخۆشم لە منداڵییەوە حەز بەکاری جووتیاری دەکەم، تا ئێستاش بەردەوامم لە کارەکەم، ئەوەی ئێستا زیاتر حەزی پێ دەکەم کارکردنە لە رەزەکەم کە پڕیەتی لە جۆرەکانی ترێ و ئەمساڵیش بەراورد بە پارساڵ، بڕی ترێی وەبەرهاتوو زۆر زیاترە.

ئەو دەشڵێت :پیشەکەی لە باب و باپیرانییەوە بۆماوەتەوە و پشتاوپشت ئیش کاریان باخداری و ئاژەڵداری بووە.

حاجی جەمیل تۆفیق دەشڵێت :تەمەنی رەزەکەم ٢٠ ساڵ دەبێت چونکە پێشتر بەهۆی کیمابارانکردنی ناوچەکەمان لەلایەن حکوومەتی بەعس، تەواوی دار و رەز و باخەکان و تەنانەت باڵندەی سەر دارەکانیش سووتان، زیاتر لە ٣٠ بۆمبی کیمایی لە گوندەکەمان درا، کاتەکەی وەکو ئێستا بوو، هەر ئەم وەرزە بوو، بەڵام (با)ی دەهات و هەر ئەمەیش وای کرد کە کاریگەری کیمیاییەکە کەمتر بێت لەسەر هاووڵاتییان، دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ کۆمەڵگا زۆرەملێیەکان و ماوەی ١٠ ساڵ لەوێ ماینەوە و کە گەڕاینەوە، رەز و باخەکانمان دروست کردووە و دەستمان بە کشتکاری کردەوە".

لەبارەی وەرزی پێگەیشتنی ترێ، حاجی جەمیل تۆفیق گوتی: لە مانگی شوبات دەست دەکەین بە پاککردنەوەی رەزەکە و لە مانگی ئاداردا هەموو زەوییەکە دەکێلین و لە ٢٠ی ئابدا ترێ بە تەواوی پێ دەگات، دەتوانین تا مانگی تشرینی یەکەم رایبگرین و تێک ناچێت، چونکە نە دەرمانی کیمایی و نە ئاودانی بۆ دەکەین.

111

لە کۆتایی مانگی ئابدا دەست دەکرێت بە رنینەوەی ترێ و چەند کەسێک رۆژانە بەرلە هاتنی گەرما دەچنە ناو رەزەکە و دەستکێش و چەقۆ بۆ رنینەوەی ترێیەکە بەکاردەهێنن و لەمبارەیەوە، حاجی جەمیل تۆفیق دەڵێت:لەکاتی رنینەوەی ترێیەکەدا، ئەگەر نرخەکەی لە بازاڕ باش بوو، ئەوا دەیبەین بۆ بازاڕەکانی هەولێر و خەلیفان، ئەگەریش نرخەکەی باش نەبوو ئەوا دەیکەینە مێووژ و دواتر دەیفرۆشین چونکە مێووژەکە دەتوانین ماوەی دوو ساڵ رایبگرین.

لەبارەی جۆر و نرخی ترێ، حاجی جەمیل تۆفیق گوتی: ترێی رەشمیری دوو جۆری هەیە، یەکێکیان دەنکی خڕە و ئەوەی دیکە هێلکەییە، ئەمە بەرگەی خراپبوونی زۆرە و ماوەی ١٠ رۆژیش بمێنێتەوە تێک ناچێت، ساڵانە نزیکەی ٣٠ تۆن ترێ لە رەزەکەمان دەڕنینەوە، بەڵام ئەمساڵ بڕەکەی زیاترە و رەنگە لە بازاڕ هەزار و ٢٥٠ دینار تا هەزار و ٥٠٠ دینار بکات.

هاووڵاتی حاجی جەمیل تۆفیق گوتیشی: پێویستە حکوومەت کارگەی تایبەت دروست بکات و کارگەکانیش هاوکارمان بن بۆ ئەوەی بتوانین بەروبوومەکانمان ساغ بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هاوردەکردنی بەروبوومەکان کاریگەری خراپی لەسەر بەروبوومی خۆماڵی هەیە، چونکە بەروبوومی خۆماڵی لە رووی کوالێتی و جۆرییەوە زۆر باشترە لە بەروبوومی هاوردەکراو.

بەگشتی ترێ دەکرێتە سێ بەش، بەشێکیان وەک ترێ لە بازاڕەکان دەفرۆشرێت و بەشێکیان دەکرێتە مێووژ و ئەوەی دیکەش دەکرێتە دۆشاو، لەمباریەوەش حاجی جەمیل تۆفیق دەڵێت:بەشێکی ترێیەکە وەک خۆی دەفرۆشین، بەشێکی دیکەیش دەکەینە مێووژ، ئەوەی دەمێنێتەوە دەیکەین بە دۆشاو، بەگشتی ترێ خەسارەی کەمە.
هاووڵاتی حاجی جەمیل تۆفیق ئاماژە بەوەیش دەکات کە بەشێکی خەڵک لە دەرەوەی وڵات داوای ترێی رەشمیری دەکەن، بەڵام ناتوانێت بۆیان هەناردە بکات و دەڵێت "لە دەرەوەی وڵات خەڵک زۆر داوا دەکات کە ترێیان بۆ هەناردە بکەم، بەڵام ناتوانم بۆیان بنێرم، مەگەر کەسێک لە دەرەوە بێتەوە و لەگەڵ خۆی بیباتەوە بۆ دەرەوە".

ترێ بەری دارمێوە لە کۆتایی وەرزی ھاوین و سەرەتای وەرزی پاییزدا پێ دەگات و چەندین جۆری ھەیە و سەرجەمییان سوودیان بۆ تەندروستی مرۆڤ ھەیە و حاجی جەمیل تۆفیق دەڵێت "جۆرە باوەکانی ترێ لێرە بریتیین لە ترێی رەشمیری، ترێی سپی، رەوگە و سۆراو، تایفی، عەلەوانی و چەند جۆرێکی دیکە، پزیشکانیش ئاماژە بە ترێ دەکەن کە چەندین سوودی بۆ تەندروستی هەیە و بەشێک لەوانەی کە کێشەی کەمخوێنیان هەیە یان قۆلۆنیان هەیە ئەوا ترێ وەکو دەرمانێکی بەسوود دەخۆن و داوای ترێی رەشمیری دەکەن".

گوندی شارسینە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی کە دەکەوێتە دۆڵی ئالانە و لەسەردەمی رژێمی بەعسدا لانەی شۆڕش بووە، رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٧دا ناوچەکەی بە چەکی کیمایی بۆردومان کرد کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە بوونە قوربانی و هەروەها زەوی، باخ و رەزی هاووڵاتییانیش سووتان و لەناوچوون.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.