Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 00:30

مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەر(عەلی شنگالی) پرسه‌نامه‌یه‌کی سه‌ره‌خۆشی رادەگەیەنێت

کوردستان TV
#7
100%


مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكیدا بۆ كۆچی دوایی هەڤاڵی تێكۆشەر(عەلی شنگالی) پرسه‌نامه‌یه‌كی سه‌ره‌خۆشی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند:  بەدرێژایی تەمەنی دڵسۆزانەوخەمخۆرانە لەو كار و ئەرك و پلە و پۆستە حزبی و حكومیانەی پێی سپێردراوە، سەركەوتوانە و لەخۆبردوانە و دڵسۆزانە بەئەنجامی گەیاندوون

ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی تێكۆشەر و سەرکردەی ماندوونەناس و پێشمەرگەی دێرین (عەلی شنگالی) رادەگەیەنین، کە دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆش پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوا ماڵئاوایی لێکردین، بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و كەسوكار و ھاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو و سەرجەم هەڤاڵانی پارتیمان دەكەین.

خوالێخۆشبوو(عەلی شنگالی) كەسایەتیەكی ناسراو و سەرکردە و کادیرێکی دێرینی پارتیمان بوو،  هەر لە  زووەوە پەیوەندیی بە ریزەكانی پارتیمانەوە دەكات و لە ساڵی(1959) دەبێتە ئەندامی لقی یەك و لە شۆڕشی ئەیلول وەك پێشمەرگە و كادرێكی چالاك و جەماوەریی رۆڵی خۆی دەبینێت، لەساڵی(1964)دەبێتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی و پاشان لەساڵی(1965)بەرپرسیاریەتی لقی(4)ی پێدەسپێردرێت و لە ساڵی(1966) بەشداری كۆنگرەی حەوتەم دەكات و بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی هەڵدەبژێردێتەوە و، لە ساڵی(1970)دەبێ بەجێگری پارێزگاری دهۆك و لە خزمەتی رێبازی بارزانی و گەلەكەمان بەردەوام دەبێت.

هەڤاڵی خوالێخۆشبوو(عەلی شەنگالی) پاش راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلەكەشمان لە سەر هەمان رێبازی بارزانی و كوردایەتی بەردەوام دەبێ و، لەساڵی(1993) لە كۆنگرەی(11)ی پارتیمان بۆ جاری سێیەم بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی هەڵدەبژێردرێتەوە، دواتر لەساڵی(1997)وەك راوێژكاری سەرۆك بارزانی بۆ پەیوەندییە عەرەبییەكان كار و خزمەتی كردووە، بەرامبەر بەو خەبات و تێكۆشانەی لەساڵی(1999) لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

هەڤاڵی خوالێخۆشبوو(عەلی شەنگالی) كەسایەتیەكی خاوەن هەڵوێست و وەفادار بوو بەرامبەر رێبازی بارزانی و پارتیمان و هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و كاروانی شۆڕش و خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان، لەو پێناوەشەدا بەدرێژایی تەمەنی دڵسۆزانەوخەمخۆرانە لەو كار و ئەرك و پلە و پۆستە حزبی و حكومیانەی پێی سپێردراوە، سەركەوتوانە و لەخۆبردوانە و دڵسۆزانە بەئەنجامی گەیاندوون، بۆیە لەدەستدانی زیانێكی گەورە بوو بۆ پارتیمان و گەلەكەمان. 
 
دووبارە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین خانەوادەی هەڤاڵی تێكۆشەر، خوالێخۆشبوو(عەلی شەنگالی)لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و، خوای گەورە گیانی هەڤاڵی كۆچكردوومان بە بەهەشتی بەرین شادبکات.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
5/9/2020

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.