Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 16:19

مستەفا کازمی دەسەڵاتەکانی سوپا لە باشووری عێراق فراوانتر دەکات

کوردستان TV
100%


سەرچاوەیەكی سەربازیی لە عێراق رایگەیاند كە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی فەرماندەییەكی نوێی ئۆپەراسیۆنەكان سەربە وەزارەتی بەرگریی پێكهێنراوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی دۆسیەی ئەمنی لە ژمارەیەك پارێزگای باشووری وڵات بكات كە پێشتر لەژێر دەسەڵات و سەرپەرشتی هێزەكانی پۆلیسدا بوون.

 ملازم نوعمان سەیداوی ئەفسەر لە سوپای عێراق رایده‌گه‌ێنێت لیوا روكن عیماد سومەیدەع بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان بۆ سەرپەرشتیكردنی دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگاكانی موسەننا، میسان و زیقار باشووری عێراق راسپێردراوە.

ملازم نوعمان سەیداوی ئاماژەی بەوەیش دا كە بارەگای ئەو فەرماندەییە نوێیە لە بنكەی ئاسمانیی ئیمام عەلی دەبێت لە پارێزگای زیقار.

پێشتر سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەهدی دەسەڵاتەكانی سوپای لە پارێزگاكانی باشوور كەم كردبوویەوە دوای ئەوەی بەرپرسیاریەتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگاكانی باشوور رادەستی هێزەكانی پۆلیسی كرد.

ئەم رێوشوێنانەیش لە كاتێكدایە کە هێزەكانی سوپا و دژەتیرۆر، ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیان لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە ئامانجی دەستگیركردنی كەسانی دەرچوو لە یاسا و دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت ئەنجام دەدەن.

لە كۆتایی مانگی ئابی رابردوودا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، خالید مەحننا رایگەیاندبوو كە فەرمان لەلایەن سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی-یەوە دەركراوە لەوەی سوپا و پۆلیس رێوشوێنی فراوان بگرنەبەر بە ئامانجی سەپاندنی ئاسایش و دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت كە بۆ ترساندنی هاووڵاتییان بەكار دەهێندرێت.

پێشتر مستەفا كازمی رایگەیاندبوو كە گرەو لەسەر هێزە ئەمنییەكان دەکات بە جۆرێك كار بۆ پتەوتركردنی ئاسایش بکەن و متمانەی هاووڵاتییان بە دەوڵەت پتەوتر بكەن.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.