Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 21:35

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش: هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە

کوردستان TV
100%

 مایڵس کاگینز گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگه‌یاند ئێستا لە بەرەکانی شەڕ و لەسەر زەوی پێویست بە بوونی سەربازانی ئێمە ناکات شەڕ بکەن، چونکە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار لە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەن کە دەتوانن داعش سەرکوت بکەن

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، مایڵس کاگینز دواهەمین کۆنگرەی رۆژنامەوانی خۆی لەو پۆستەدا ئەنجامدا و دوای کۆنگرەکەش بەرپرسیارێتییەکەی لەگەڵ کۆڵن وەیز ئاڵوگۆڕکرد و بۆ لەمەودوا، کۆڵن وەیز بەرپرسی پێشووی ژووری هەماهەنگی لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش وەک گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان دەستبەکاردەبێت.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کە لە بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەچوو، مایڵس کاگینز رایگەیاند "لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو ٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس و ١١٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زەویمان لەژێر دەستی داعش رزگار کردووە لە سووریا و عێراق و لەو ماوەیەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٥ هەزار هێرشی ئاسمانییمان لەو ناوچانەدا ئەنجامداوە.

مایڵس کاگینز گوتیشی: لەسەر زەویش هێزەکانمان هاوکاری زۆری هێزە عیراقییەکان و پێشمەرگەی کردووە لەرووی راهێنان و راوێژ و هاوکارییەوە.

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش راشیگەیاند شەری دژ بە داعش شەڕێکی زۆر سەخت بوو، ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و هێزەکانی دیکە شەهید بوون بە هەزارانیش بریندار بوون، ئێمە هەرگیز ئەوانە لەبیر ناکەین کە گیانی خۆیان بەخشی لەپێناوی ئەوەی خەڵکی سڤیل رزگار بکەن، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رێز و پێزانینی زۆری هەیە بۆ ئازایەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژبە داعش، ئێستا زۆرێک لە منداڵی ئەم ناوچەیە تەنیا شەر دەزانن، ژمارەیەکی زۆر منداڵی بێ باوک هەن، بەڵام هیوایەک هەیە هەموو شتێک تەنیا تاڵی و ناسۆرییەکانی رابردوو نییە، سەرەڕای قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا بەڵام هێشتا خەڵک و خێزانەکان دەیانەوێت ژیانیان ئاسایی بکەنەوە.

مایڵس کاگینز سوپاسنامەی تایبەتی فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانانیشی گەیاندە خەڵکی سڤیل و پەیامێکی راگەیاند و گوتیبەناوی فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دەمەوێت هاوکاری بەردەوامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیتان بۆ دووپات بکەمەوە، ئەمە بۆ خەڵکی هەموو عێراق و باکوری رۆژهەڵاتی سووریاش.

مایڵس کاگینز راشیگەیاند لەسەرەتای ٢٠٢٠ەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە هەشت بنکەی سەربازیی لە عێراق کشاوەتەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە سەلماندوویانە کە لەشەڕی دژبە پاشماوەکانی داعش سەرکەوتوون.

دەربارەی رۆڵی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی "ئێستا ئێمە کاری راوێژی خۆمان لە سەنتەرەکانمان لە هەولێر و بەغدا ئەنجام دەدەین، ئەم سەنتەرانە زۆر گرنگن ئێستا ئەوەی بەغدا لەکاردایە و لە هەولێریش خەریکی دامەزراندنی سەنتەرێکی راوێژکاری تایبەتین بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە هاوبەشی کاربکات لەگەڵ ئەو سەنتەرەی کە لە بەغدا هەیە، پێکهاتەی سەنتەرەکانمان لە راوێژکاران و راهێنەرانی ١٥ وڵات پێکهاتووە، ئێستا لە بەرەکانی شەڕ و لەسەر زە وی پێویست بەبوونی سەربازانی ئێمە ناکات شەڕ بکەن، چونکە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار لە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەن کە دەتوانن داعش سەرکوت بکەن، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکاری هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگەش دەکات لە جێبەجێکردنی پلانی ئۆپەراسیۆنەکان و هاوبەشیپێکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان.

راشیگەیاند هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پرۆگرامی راهێنانی بە هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان هەیە، هەروەها راهێنان بە هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقیش بە هەمان شێوە، ئێمە بە هەموومان کاردەکەین بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش.

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، مایڵس کاگینز گوتیشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری و ئاسانکاری زۆر باشی کردووە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بەتایبەت لە رووی دابینکردنی شوێن و ئاسانکاری بۆ کارکردنمان.

مایڵس کاگینز دەربارەی کار و چالاکییە مرۆییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش گوتی دۆخی دارایی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت خراپ بووە، پەتای کۆرۆناش کاریگەریی لە هەموو شتێک کردووە، بەڵام مانگی رابردوو رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ ئەمریکا توانیوویانە بە بڕی ٦٢٧ هەزار دۆلار هاوکاریی پزیشکی پێشکەشی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەم هاوکارییە پزیشکییانە لەلایەن بەڕێز سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگیراون، هاوکارییەکانیش بریتیبوون لە شەش ئەمبوڵانس، ٦٠ ئامێری پێدانی ئۆکسجینی دەستکرد، ٦٠ قەرەوێڵە، حەوت هەزار کیتی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.