عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق، رایگەیاند : گرنگە هەڵگرتنی چەك لە دەرەوەی یاسا لە پارێزگای میسان كۆنترۆڵ بكرێت و هێزەكانی پۆلیس، هەوڵی زیاتر بدەن بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و یاسا لە پارێزگاكەدا.
نووسینگەی رایگەیاندنی وەزیری ناوخۆی عێراق لە رایگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە عوسمان غانمی سەردانی فەرماندەیی پۆلیسی میسانی كردووە و لە میانیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە ئەمنییەكان و پارێزگاری میسان، عەلی دەوای كۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بە ژمارەیەك رۆژەڤ گفتوگۆكراوە لەسەروویانەوە رەوشی ئەمنی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی ئەمنی و مرۆیی بە هاووڵاتییان.
ئاماژە بەوەیش دراوە كە عوسمان غانمی ،وەزیری ناوخۆی عێراق، جەختی كردووتەوە لەسەر ئەوەی كە گرنگە كار بكرێت بۆ پاراستنی ئاسایش و یاسا، هەروەها دابنیكردنی ئاسایش بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەكان، جگە لەوەیش بە گرنگی زانیوە كە سەرۆكهۆزەكان زیاتر هاوكار بن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا بۆ پاراستنی ئاسایش لە میسان.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەیش كراوە كە عوسمان غانمی لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، گرنگە هەڵگرتنی چەك لە دەرەوەی یاسا لە پارێزگای میسان كۆنترۆڵ بكرێت و هێزەكانی پۆلیس، هەوڵی زیاتر بدەن بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و یاسا لە پارێزگاكەدا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.