Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 14:02

یەکێتی ئافرەتان: ده‌بێت بکوژی 2 کیژۆڵەیەی کوردستان بەزووترین کات دەستگیر بکرێت و سزای قورس وەربگرێت

کوردستان TV
100%

 یەکێتی ئافرەتانی کوردستان راگه‌یاندراوێكى دەربارەی  كوژرانی دوو کچ له‌سنوری شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ بڵاو كرده‌وه‌


یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان رایده‌گه‌ێنێت جارێکی دیکە تاوانێکی دڕندانە هەموومانی ڕاچڵکاند و زەنگێکی دیکەی مەترسی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نەتەوەییمان لێدا، تاوانەکانی کوشتنی ئافرەت لەلایەن پیاوانی هەرە نزیک لە نمونەی باوک و برا و هاوژین بە هەر پاساو و لەژێر هەر بیانویەکدا بێ؛ هەرگیز تاوانێکی ئاسایی نین، کە بە گرتن و سزای بکوژ کۆتایی بێ؛ بەڵکو ئەو تاوانانە ڕەهەندی قوڵی هەمەلایەنە و کاریگەری هەنووکەیی و دوورمەودایان هەیە و کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی جیا لە سزادانی قورسی بکوژ؛ پێویستی بە کارکردنە لەسەر ڕەهەندە ئایدۆلۆژی و سایکۆلۆژییەکانی پشت تاوانەکە و زەمینەی ئەنجامدانی.

یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان ده‌شڵێت ، مێنتاڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتی ڕەهای پیاو کە هەستی خاوەنداری لای پیاو لە ئاست مێینە نێزیکەکانی خێزانەکەیدا دەچێنێت، وا دەکات وزەیەکی نەرێنی شەڕانگێز دوور لە هزر و بیرکردنەوەی دروست و تەنانەت سۆز و خۆشەوسیتی لە ئاست کەسە هەرە نزیکەکان، بەشێک لە پیاوانی کۆمەڵگەکەمان ئاڕاستە بکات، بەشێوەیەک وەک لەم تاوانەدا دەیبینین؛ باوکێک دەستی بچێتە خوێنی دوو کچی خۆی؛ تاوانێک کە مرۆڤ دەستەوەستانە لە باسکردنی و نابینایە لە وێناکردنی!.دەبێ ئەوە چی جۆرە کەسێک بێ و چی پەروەردەیە کرابێ، چۆن باوکێک بێ و چی جۆرە ڕایەڵێک بە کچەکانی بەستبێتیەوە و چۆن لە پەیوەندی جوان و بێگەردی باوک و کچ تێگەیشتبێت!.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ ئێمە لێرەدا؛ سەرەڕای ئەوەی داوای بەدواچوونی بەپەلە و دەسگیرکردنی تاوانبار و سەپاندنی سزای قورس دەکەین، لەهەمانکات پاتەی دەکەینەوە لە تاوانی کوشتنی مێینەکانی نێو خێزان لەلایەن نێرینەکانی هەمان خێزان، تەنها بە سزادانی بکوژ کێشەکە چارەسەر نابێت، بەڵکو وەک زنجیرە تاوانی دیکەی بەدوادا دێت، لە کاتی چەندبارەبون و بەردەوامی کردەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتانی کوردستان و بێباکی ئەنجامدەرانی و گوێنەدان بە لێپێچینەوە و سزای دادگا، مانای وایە کە یاسا کۆمەڵایەتیە نەنوسراوە کارپێکراوەکان لەلایەن بەشێک لە هاونیشتیمانیان متمانە و باوەڕی تەواوی پێکراوە.

یه‌كێتیه‌كه‌ راشیده‌گه‌ێنێت ، ئەمەش پێویستە لە چەندین لاوە کاری لەسەر بکرێت؛ بە پێدانی وێنا و پێناسەیەکی نابوت بە بکوژ و زڕانی ناوبانگی لە کۆمەڵگەدا؛ بۆ ئەوەی خەڵکی تر تاوانی وا دووبارە نەکەنەوە، بە دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکە کۆمەڵایەتییەکان، بە بونیاتنان و پێڕەوکردنی پەروەردەیەکی نوێ و پەیوەندییەکی ساخلەمی پیاوی نێو خێزان بە ئافرەتی هەمان خێزان کە هەستی خۆشەویستی و یەکترقبوڵکردن و ڕێز و لێبوردەیی زاڵ بێت بەسەر هەستی خاوەنداری و سەردەستە و ژێردەستە، بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکە بۆ پاراستنی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی، لە باشترکردنی شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ئافرەتانی توندوتیژی لە دژ کراو، گۆڕینی میکانیزمی ڕادەسکردنەوە دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە، تەرخانکردنی بودجەی پێویست و بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ڕزگاربوانی توندوتیژی.

 له‌كۆتایدا یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان رایگه‌یاندووه‌ كه‌ دووبارە داواکارین بکوژی ئەم دوو کیژۆڵەیەی کوردستان بەزووترین کات دەستگیر بکرێت و سزای قورس وەربگرێت. 
 و سەری ڕێز نەوی دەکەین لە ئاست ڕۆحی بێگەردی ئەم دوو نێرگزەی کوردستان، ڕۆحی ئەوان و هەموو قوربانیانی دیکەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت شاد.
هیوادارین خوێنی ڕژاوی ئەوان ببێتە هەوێنی هۆشیاربوونەوەی زیاتری کۆمەڵگە و لەگۆڕنانی هزری ژنکوژی ڕێی هەموو کچانی دیکەی کوردستان ڕۆشن و گەش بکات.

 

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.