مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له یادی (59) یەمین ساڵیاد‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ى مه‌كته‌بی سیاسی پارتى دیمو‌كراتى كوردستان:
جه‌ماوه‌ری خۆشەویست و خۆڕاگری كوردستان
تێكۆشه‌رە دێرینەکانی شۆڕشی مەزنی ئه‌یلوول..
59 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، وه‌ك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر دیكتاتۆریه‌ت و پێشیلكردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌لایه‌ن ڕژێمی عێراقه‌وه، گه‌لی كوردستان و پارته تێكۆشه‌ره‌كه‌تان (پارتی دیموكراتی كوردستان)، به‌ڕێبه‌رایه‌تی (مسته‌فا بارزانی) مه‌شخه‌ڵی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولی هه‌ڵكرد و، كاریزما و خۆشه‌ویستیی (مسته‌فا بارزانی) و به‌رنامه‌ی دروست و فرەڕەھەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بوونه هه‌وێنی شۆڕشێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی سه‌رتاسه‌ریی، كه جوگرافیای كوردستانی له زاخۆه‌وه تا خانه‌قین پێكه‌وه گرێدا و، له‌نێو ئه‌م جوگرافیایەشدا هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایدیا جیاوازه‌كانی له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا كۆكردەوە و ئیراده‌یه‌كی ئه‌تۆی گیانفیدایی و قوربانیدانیشی بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی زۆڵم و زۆرداری چێ كرد، كه چه‌ندین جار دیكتاتۆره‌كانی به چۆكدا هێنا و ئاکام له ئاداری ساڵی (1970)، حكومه‌تی عێراقی ناچار كرد بێته سه‌ر مێزی دانوستاندن و سه‌ره‌نجام رێككه‌وتنی میژوویی 11ی ئاداری لێكه‌وته‌وه.
شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول وه‌رچه‌رخانێكی تازه‌ی لە مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستاندا دروستكرد و دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مانی له ئاستی لۆكاڵه‌وه بۆ ئاستە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گواستەوە و له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا نه‌به‌ردییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان سه‌رنجی میدیاكانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕ‌اكێشا و به ده‌یان ڕۆژنامه‌نووسی ناسراوی جیهانی هێنایە كوردستان و ئەوەبوو له سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌وه ڕاپۆرتی رۆژنامه‌وانییان ئاماده ده‌كرد و ڕەوایی سیاسیی دۆزی گەلی کوردستانیان بە ڕای گشتی و نێوەندە نێودەوڵەتییەکان و ھەموو جیھان گەیاند.
ئه‌یلوول ته‌نیا شۆڕشێكی چه‌كداری نه‌بوو، به‌ڵكو شۆڕشێكی سیاسی، کولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕوئیافراوانی ژیانبین بوو، کە متمانه و بڕوابه‌خۆبوونی بۆ هاونیشتمانیانی كوردستان دروستكرده‌وه و ئەو ڕاستیەیشی سەلماندەوە، کە گەلی کوردستان له‌به‌رده‌م هیچ دیكتاتۆر و زۆرداریكدا چۆك دانادات، ئه‌م په‌یامه شۆڕشگێڕا‌نه‌یه‌شی له دروشمه‌كه‌یدا : (كوردستان یان نه‌مان) چڕكردەوه، کە بۆ ئەوکات و ئێستا و ئاییندەیش پڕە لە مانا و مەغزای قووڵی پەروەردەی نیشتیمانی و دەکرێ نەوە دوای نەوە لێیەوە فێربن، کە کوردستان گرنگترینە.
هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
په‌ند و وانه‌كانی شۆڕشی مەزنی ئه‌یلوول زۆرن، گرنگترینیان: سووربوون لەسەر مافەکان، بڕوابەخۆبوون، دیموکراسییەت، پێکەوژیان و کۆکردنەوەی جیاوازییەکان، ڕۆشنبیری، مەدەنییەت و ڕێزگرتن لە یاسا، کە لێرەدا و له‌م بۆنه پڕمانایەدا جێگه‌ی خۆیه‌تی ئاماژه به‌و ڕاستییە مێژووییە بكه‌ین، كاتێك (سه‌رۆك مسعود بارزانی) له‌دوای ڕاپه‌رینی به‌هاری 1991 و لە کاتی كشانه‌وه‌ی داموده‌زگاكان له‌لایه‌ن رژێمی عێراقه‌وه، لە شاری کۆیە داوای له‌به‌ره‌ی كوردستانی كرد زەمینەسازیی بکەن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و كار بکەن لە پێناو دامه‌زراندنی (ده‌وڵه‌تی یاسا) دا، کە بێگومان ئەمە بەشێکە لە بەرھەمداریی نێو وانه به‌رزه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول، كه (سه‌رۆك مەسعود بارزانی) بەوپەڕیی ڕۆشنییەوە به هه‌موو جیهانی ڕاگه‌یاند و ئاکام بوو بە بنەمایەکی پتەوی ژیانی دیموکراسی لە کوردستاندا.
ئه‌مڕۆ لە كاتێكدا، کە یادی پڕ شکۆی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول ده‌كه‌ینه‌وه، جارێكی دیكه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییە ده‌كه‌ینه‌وه، کە ئه‌و ئامانجانه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوولی له پێناودا هه‌ڵگیرسا، تا ئێستا بەشێک لەو ئامانجانە نەھاتوونەتە دی، بۆیە گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان شێلگێرانه، به‌هه‌مان ئیراده‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول، لێ بە تێگەیشتنێکی ھاوچەرخانەوە، پەرە بە خه‌باتی سیاسی، حوکمڕانی، دیپلۆماسی و مەدەنی دەدات و لەو پێناوەشدا پاڵپشتی جه‌ماوه‌ر و یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی هێزه سیاسیه‌كانی كوردستان بە کلیلی سەرکەوتن دەزانێت.
ھاونیشتیمانیانی ئازیزی کوردستان
لە (59)یەمین ساڵیاد‌ی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا و لە پێناو کوردستانێکی بەھێز و ئارام و ئاوەداندا، گرنگه هه‌موومان: گەل، پەرلەمان، حکومەت، لایەنە سیاسییەکان، میدیا و ئۆرگانەکانیتری کۆمەڵگەی مەدەنی جه‌خت له‌سه‌ر تەبایی سیاسی، یەکڕیزیی نیشتیمانی و سه‌روه‌ریی یاسا بكه‌ینه‌وه و ڕۆڵی چارەسەر بگێرێن، تایبەت چارەسەری ئەو گرفتانەی، کە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانەوە، ھەمدیس پێخەمەت چاكسازی و هێنانه‌دی ژیانێكی خۆشگوزه‌ران بۆ ته‌واوی گه‌لی كوردستان یەکدەست بین و پشتیوانی لە ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین.
له یادی ماناداری شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا:
سڵاو لە گەلی کوردستان و جیاوازییەکانی.
سڵاو لە گیانی ڕابه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌مان (مسته‌فا بارزانیی نەمر).
سڵاو لە گیانی سەرکردەی ڕۆژە سەختەکان (ئیدریس بارزانی).
سڵاو له گیانی بەرزھەڵکشاوی شه‌هیدانی شۆڕشی ئه‌یلوول و تێكرای شه‌هیدانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان و خانه‌واده سه‌ربه‌رزه‌كانیان.
سڵاو له پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول و ته‌واوی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان.
سڵاو له پارتی دیموكراتی كوردستان، كه پێشڕه‌ویی شۆڕشی ئه‌یلوولی كرد و ئەمڕۆیش به پاڵپشتی كادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگره خۆڕاگر و سه‌ربه‌رزه‌كانی و خه‌ڵكی به ئه‌مه‌كی كوردستان، لە ھەموو ڕۆژ سوورترە لە خەبات بۆ وەدیھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان.
مه‌كته‌بی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٠ـی ئه‌یلوولی 2020
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.