دۆناڵد ترەمپ،سەرۆكى ئەمریكا، ئاشكرایكرد لە دواى ئیمارات وڵاتێكى دیكەى كەنداو، كه بەحرێنه گەیشتە رێككەوتن لەسەر ئاساییكردنەوەى پەیوەندییەكانى لەگەڵ ئیسرائیل.
دۆناڵد ترەمپ شهوی رابردوو لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە تویتەر رایگهیاند: ئەمڕۆ هەنگاوێكى مێژوویى نوێى دیكە. بەحرێن و ئیسرائیل، دوو دۆستى گەورەمان، لەسەر رێككەوتنى ئاشتى رێككەوتن.
ترەمپ ئاماژەى بەوەكردووه، بەحرێن لە مانگی رابردوودا، دووەم وڵاتى عەرەبییە كە رێككەوتنى ئاشتى لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدەدات و راگەیەنراوى هاوبەشى بەحرێن و ئیسرائیل لەبارەى رێككەوتنەكەی لەگەڵ تویتەكەى بڵاوكردەوە.
راگهیهنراوهكه ئاماژەى بەوەكردووه، ئەمڕۆ شاى بەحرێن حەمەد بن عیسا ئال سانى و سەرۆكوەزیرانى ئیسرائیل، بینیامین نهتانیاهو و ترەمپ پەیوەندییەكیان ئەنجامداوە و لەمیانى پەیوەندییەكەدا ئیسرائیل و بەحرێن لەسهر "درووستكردنى پەیوەندیى دیپلۆماتیى تەواو" رێككهوتوون.
لە راگهیهنراوهكهدا هاتووە: "لەگەڵ دروستكردنى پەیوەندیى و گفتوگۆى راستەخۆ لە نێوان ئەم دوو كۆمەڵگا دینامیكییەدا، ئابوورى پێشكەوتووە، بەردەوامى بە گۆڕانكارى ئەرێنى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەدات و سەقامگیرى لە ناوچەكە، ئاسایش و خۆشگوزەرانى زیاددەكات".
روونكردنەوەكە ئاماژەى بە سوپاسگوزاریى ترەمپ بۆ شاى بەحرێن بن عیسا، كردووە لەبەرامبەر میواندارێتیى و رێكخستنى كۆنفرانسى ئابووریی "ئاشتیى بۆ خۆشگوزەرانى" كە لە مەنامەى پایتەختى بەحرێن لە ٢٥ى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٩ بە پاڵپشتى ئەمریكا بەڕێوەچوو، و جەخت لەوەدەكاتەوە كە لایەنەكان كاردەكەن بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێكى "تەواوەتى، گشتگیر و جێگیر" بۆ پێكدادانى نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.
ههروهها راگهیهنراوهكه ئاشكراشیكردووه، ئیسرائیل بەڵێنى لەسەر كردنەوەى مزگەوتى ئەقسا بۆ پەرستش و سەردانكردنى موسڵمانان، شوێنە پیرۆزەكانى دیكەى قودسیش بەهەمان شێوە بۆ شوێنكهوتووانی هەموو بیروباوەڕەكان كراوە بێت، داوە.
جگە لەوە، ئەوەش راگەیەنراوه، شاى بەحرێن بن عیسا، لەسەر داوەتى ترەمپ، رۆژى ١٥ى ئەیلول بەشداریى رێورەسمى واژووكردنى رێككەوتنى ئاساییكردنەوەى نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لە كۆشكى سپى دەكات.
ترمپ پێشتر و رۆژی ١٣ى ئاب رێككەوتنى "ئاساییكردنەوەى تەواوەتى پەیوەندییەكان"ى نێوان ئیسرائیل و ئیماراتى راگەیاندبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.