وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم خاوەنی 17 تەرزی گەنمە، بێگەرد تاڵەبانیش دەڵێت: 10 تەرزی تری گەنم و جۆمان ئامادە كرد.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی 17 تەرزی گەنمی ئارد و ساوەرمان هەیە و ساڵانە وەك بنەتۆی گەنم بەسەر جوتیاران دابەشی دەكەین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوە و رێنمایی كشتوكاڵی بەردەوامە لەسەر تەرزی نوێ.
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باسی لەوەشكردووە، لە ئێستادا 9 تەرزی گەنم و 1تەرزی جۆ لە توێژینەوە سەركەوتنیان بەدەست هێناوە و نێردراون بۆ پەسندكردن، پاشان بەسەر جوتیارانی خۆمان وەك بنەتۆ دابەشی دەكەین بە نرخی پاڵپشتی.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم تەرزە خۆماڵیانە زیاتر لە تەرزی هاوردە بەرگەی كەش و هەوای كوردستان دەرگرن و بەبڕشترن و لەسەردانەكانمان بۆ لای جوتیاران پێیان راگەیاندووین كە ئەوان ئێستا ئەم تەرزانە بەكار دەهێنن و بەرهەمێكی زۆر باشیان هەبووە.
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەستخۆشیی لە ستافی توێژینەوە كردووە و دەڵێت، لەم دۆخەدا بەردەوامن لە توێژینەوەكانیان بۆ تەرزی نوێ، دەست لەناودەست بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.